<

ماوتسی تونگ و ئاپۆ

19/10/2026, 0:24 (GMT+1)
گەنجانی شۆڕشگێڕی ماوتسی تونگ هەرچییەک ماۆ بیگووتایە ئەوان بە بێ مشتومڕ جێبەجێیان دەکرد وەک داخوازی پێغەمبەرێک، ئەو کەسەشی دژی بڕیارەکانی ماۆ بوەستایەتەوە پیلانگێڕ و خیانەتکار بوو، دەیان کوشت بەناوی دژ بە شۆڕش، ئیدی ئاوا بەهۆی بێ مێشکیی ماۆ ملوێنەها چینیی لەبرسا مردن.
سەرۆک ماۆ گووتی دەبێت هەرچی چۆلەکەی چیینە بکوژرێت چونکا دەغڵ و دان دەخۆن، بەو جۆرە چۆلەکە نەما لە چین کە مێش و مەگەزیان دەخوارد، ئەمەش بووە هۆکاری تێکدانی ئێکۆسیستەم و کارەسات.
سەرۆک ماۆ گووتی بڕۆن هەرچی زەنگۆڵەی پەرستگاکانە بیتوێنبەوە و بیکەن بە ئاسن، جوتیاران وازیا لە کێڵگە هێنا و زەنگیان تواندەوە، بەو جۆرەش پاتریموانی چین لەناو چوو، ئاسنەکەش وەک فافۆن بوو، برسیەتی و نەخۆشی بوونە هۆکاری مردنی ملوێنەها چینیی.
بێ گومان ئاپۆ ناڵێت بچن چۆلەکە بکوژن یان بڵنگۆی مزگەوتەکان بتوێننەوە بەڵام بە شێوازی خۆی وردە وردە ئەو خەڵکە بەرەو کارەسات دەبات، هەرچەندە گەنجانی باکور و ڕۆژاوا گوێ بە داخوازیەکانی ئاپۆ ناگرن وەک چۆن ئەمڕۆ لە ڕۆژاوا گەنجانی حەسەکە ئاڵای کوردستان بەرز دەکەنەوە لەبری رەسمی ئاپۆ بەرامبەر بە ئاڵای سوریا، بەڵام ئاپۆ و بەرپرسانی پەکەکە شانازیی بەوەوە دەکەن کە ڕێگرییان لە پارچەبوونی سوریا کردووە، کە شەنگالیان خستۆتە ژێر دەسەڵاتی ئێراق، کە ڕێگرییان کردووە لەوەی ناوچەیەکی فیدراڵ لە ڕۆژاوا وەک باشوور دامەزێنن.
ئێستاکەش بە چاوی خۆتان دەیبینن لە مزگەوتی ئەمەوی لە حەڵەب فەتوای کوشتنی کوردان دەدەن، ئەو عەرەبە هاوردانەی حەسەکە کە سەردەمانێک دەیانویست بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان لەبەر مەترسیی، بەڵام هەسەدە ڕێگری لێ کردن گوایە دەیانپارێزن بۆ چەسپاندنی پرۆژەی سەرۆک ئاپۆ؛  برایەتی گەلان.
ئاپۆ لە گوێی گادا خەوتوە، خەیاڵپڵاو لێ دەدات؛
ئۆردوگان دەستور دەگۆڕێت و بۆ خولی سێهەم خۆی هەڵدەبژێرێتەوە، ئاپۆش بەکار دەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی دەنگی کوردان، واتە بۆ هەتایە سەرۆک دەبێت و دوای خۆشی کوڕەکانی جێگرەوەی دەبن، ئاپۆش گەرەکیەتی ئۆردوگان و تورکیا بگۆڕێت بۆ سیستەمێکی دیموکراسی.
بۆمان هەیە خەو ببینین
ئەوەی ئاپۆ دەتوانێت وەدەستی بخات بۆ باکور، تەنها قسەکردنە بە زمانی کوردیی، نەک لە سەر جادە و بازاڕ، نا، تەنها کاتێک دایکان دەچن بۆ بینینی کوڕەکانیان لە زیندان.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست