<

نامەیەكی كراوە بۆ وەزیری تەندروستى بەڕێز دكتۆر تاهیر هەورامی

13/10/2011, 12:00 (GMT+1)
من كارمەندێكم كاردەكەم لە دیوانی وەزارەتى تەندروستى. نزیكم لە بەشی هاوردەكردنی دەرمان وپێداویستی پزیشكی. هەروەها ئاگادارم لە وردەكارى كارەكانى لێژنەى تەندەرەكان لە وەزارەت. پاش چاوەڕوانیەكی زۆر لە لایەنە پەیوەندیدارەكان پرۆسەى هێنانی دەرمان لە لایەن كۆمپانیاكان كۆنترۆڵ كرا لە لایەن ئاژانسی كۆنترۆڵی دەرمان وپێداویستى پزیشكی كوردستان (كەى ئێم سی ئەى) كە تا رادەیەكی زۆر زاڵ بوو بەسەر كۆمپانیاكانى هێنانى دەرمان بەوەى كە دەبوو پرۆسەى هێنانى دەرمان بە شەش هەنگاودا بڕوات:

یەكەم: كۆمپانیاى هێنانی دەرمان دەبوو داواكارى پێشكەش بكات وداوابكات لە (كەى ئێم سی ئەى) كە رێگەى پێبدات بەرهەمێكی دیاریكراو لە كۆمپانیایەكی بیانی دیاریكراودا بكرێت بەر لەوەى دەرمانەكە بكرێت.

دووەم: هەڵسەنگادنی (كەى ئێم سی ئەى) بۆ داواكاریەكە وپەسەند كردنی یا بە پێچەوانەوە.

سێهەم: لە بارى پەسەند كردنی (كەى ئێم سی ئەى) بۆ داواكاریەكە كۆمپانیاى كریار دەیتوانی دەست بە پرۆسەى كرین وهێنانی دەرمان بكات تا دەگەیشتە سنوورەكانە هەرێم.

چوارەم: دووبارە پێشكەش كردنی داواكارى رێگەپێدان بۆ هێنانە ناوەوەى بەرهەمەكان.

پێنجەم: داواكردنی (نموونەى دەرمانى دروستكراو كە لە سنور هێشتا نەهاتۆتە ناوەوە) لە لایەن (كەى ئێم سی ئەى).

شەشەم: راپۆرتی كوالیتی كۆنترۆل لە تاقیگەى تایبەت.

بەم شێوەیە تا رادەیەكی زۆر كۆنترۆلی پرۆسەى هێنانی دەرمان كرابوو. بەڵام ماوەیەك بەر لە ئێستا جلەوى دەسەلاتى هێنانى دەرمان بە تەواوەتى گەڕێندرایەوە وەزارەتى تەندروستى بە تایبەتى بەشی هێنانى دەرمان. بەم شێوەیە پرۆسەكە بەتەواوەتى گۆڕا بەتایبەتى كاتێك دكتۆر موعاز كرا بە بەرپرسی بەشی هێنانی دەرمان چونكە ئەوەندەى من ئاگادارم سەرپێچی زۆر عەجیب وغەریبی ئەنجامداوە وپێ ناچێت كەس بە دواداچوون بكات لە كارەكانى. ئەمانەى خوارەوە چەند كارێكی گەندەڵی دكتۆر موعازە:

یەكەم: كابرایەك بە ناوى عبدالوهاب رێگەى پێدرا لە لایەن دكتۆر موعاز كە بڕێكی زۆر دەرمانى هۆشبەر (ناركۆتێكس) بهێنێت بێ ئەوەى ئەسلەن عبدالوهاب كۆمپانیاى هەبێت وتۆماركرابێت لە وەزارەت. ئەو دەرمانە هۆشبەرانە هەموومان دەزانین ئێستا بەكارهێنانی زۆر بەرفراوان بووە لە لایەن گەنجانەوە لە بری ماددە هۆشبەرەمان بەكاردێت. پاشان بیستمەوە كە عبدالوهاب بڕی سەد هەزار دۆلارى بەرتیل داوە بە دكتۆر موعاز بەرامبەر پێدانی رێگەپێدان.

دووەم: كۆمپانیاى سوود رێگەپێدان دەستەبەر دەكات لە لایەن دكتۆر موعاز بە بێ ئەوەى هیچ دۆكیومێنتێك هاپێچ بكات كە یەكێكە لە مەرجە هەرە سەرەكیەكانى رێگە پێدانى هێنانی دەرمان. دۆكیومێنتەكان وەكو (شهادە المنشأ + شهادە التحلیل + اوراق الشحن ...هتد)

سێهەم: كۆمپانیاى هــۆز هیچ معاملاتێكی نەوەستاوە لە لاى دكتۆر موعاز هەرچی بیەوێت داخلی دەكات.

چوارەم: كۆمپانیاى گارا هەرچی زبل وزارى دەرمانە داخلی كردووە لەوەتەى دكتۆر موعاز دەست بەكار بووە.

جەنابی وەزیری تەندروستى من هیچ پرسیارێكم نیە لەسەر نەزاهەتى خوودى خۆت. چونكە هیچ بەڵگەیەكم نیە لەسەر تێوەگلانی جەنابتان لە كارە گەندەڵكانى دكتۆر موعاز بەڵام گەر جەنابت دەتەوێت چاكسازى بكەیت لە وەزارەتەكەت؟ زۆر ئاسانە.. تەنها داواى ئەوراقی تەندەرەكانى ئەو ماوەیە بكە لەوەتەى دكتۆر موعاز دەستبەكار بووە هەروەها داواى هەموو رێگەپێدانەكانى هێنانی دەرمان بكە دڵنیابە بە جوملە سەرپێچی دەدۆزیتەوە وبە جوملە گەندەڵی دەبینیت لە كارەكان. بە تایبەتی جەخت دەكەمەوە لەسەر ئەو رێگەپێدانەى بۆ عبدالوهاب كرا كە هیچ جیاوازى نەبوو لەگەل هەر سەفقەیەكی هێنانى ماددە هۆشبەرەكان بۆ گەنجى قوربەسەرى ئەم وڵاتە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست