گومان لەبێدەنگبوونی دكتۆر بەرهەم لەهێرشكردنە سەر رۆژنامەنووسان؟
18/04/2010, 12:00 (GMT+1)

دكتۆر بەرهەم سەرۆكی حكومەت لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان لەسلێمانی چەند جارێك دووبارەى كردەوەو وتى من كەسێكی لیبراڵم، كەواتە پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو بەڕێزە كە خۆی بە لیبراڵ تەسمیە كردووە، بیری چووەتەوە كە دیموكراسی و لیبراڵییەت بە بێ بوونی ئازادی بیروڕاو رۆژنامەگەرى ئیفلیج دەبێت و هیچ مانایەكی نامێنێت و سیستمی وڵات بەرو دیكتاتۆرییەت هەنگاو دەنێت وەك ئەمڕۆی كوردستان؟، ئایا دەزانێت كە لەدەستورى ئەمریكاى لیبراڵییەتدا لەبەندێكدا هاتووەو نوسراوە (دیموكراسییەت بە بێ بوونی ئازادی راگەیاندن بوونی نییە)و ئیبراهام لینكۆڵن بە چڕی جەخت لەو ئازادییەى راگەیاندن دەكاتەوە؟.
بەندە دڵنیام گەر دكتۆر بەرهەم بەم شێوەیەو لەهەموو ئەو بابەتە نەشاوانەى كە لەئیدارەكەى ئەودا روودەدات بێدەنگ بێت، بە تایبەت لەبابەتی دەمكوتكردن و سوكایەتی و هێرشكردنە سەر رای گشتی و رۆژنامەوانان، ئەوا خودی خۆی و كابینەى شەش كە رەنگە هیوایەكمان پێی هەبێت لەكابینەى پێشوو باشتر نەبێت.
جا بە هیواین لەكورتترین ماوەدا وەڵامی هەبێت و داواى لێبوردن و تەعویزی هەموو ئەو پەیامنێرو رۆژنامەوانانە بكات كە لەم ماوەیەدا زیانیان پێ گەیشتووەو چیدی سنوێك بۆ ئەو هێزە داپڵۆسێنەرانە دابێت، هاوكات دەخوازین جەنابیان وەك خۆی دەڵێت لیبراڵم بە رۆحێكی لیبراڵانەوە سەردانی هەر شوێنێكی كرد لیوایەك یان فەوجێك سەربازو پۆلیس لەگەڵ خۆیدا نەهێنێت كە دەبێتە هۆی شڵەژاندن و شێواندنی ئەمنییەتی ئەو شوێنە وەك لەكفری و كەلار روویدا.
[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





