تەندروستیى ڕانیە و جاشایەتى كۆن
07/09/2011, 12:00 (GMT+1)

ئێستا لە زۆربەى نەخۆشخانەكانى سنورى بەرێوەبەرێتى ڕانیە هەمان شت دەگوزەرێ واتە جاشایەتى ئەگەر جاران لە شاخ بوو ئێستا كەوتۆتە ناو نەخۆشخانەكانى سنورى بەڕێوەبەرێتى گشتى تەندروستى ڕانیە , هەڵبەت ئەو بابەتە بەرێوەبەرى گشتى و بەرێوەبەرى نەخۆشخانە و كارگێریەكان ئاگادارن پێى بەڵام لەبەر ئەوەى نیوە مووچەى ئەو كەسانەى دەوام ناكەن بۆ ئەوانە بۆیە تا ئێستا ئەو شێوازە نەك هەر پەیڕەو دەكرێ بەڵكو ڕۆژانە برەوى پێ دەدرێ , بە نمونە لە نەخۆشخانەى منداڵان و منداڵ بوون ئەو شێوازى دەوام كردنە بە ئاشكرا هەیە , هەندێ جاش (لەگەڵ ئەوپەڕى ڕێزم بۆ ئەو پزیشك و كارمەندانە، که دڵسۆزانە و بەوپەڕى هەست كردن بە بەرپرسیارێتى ئەخلاقى و ئینسانى كارى خۆیان دەكەن) دەوامەكانیان بە كرێ دەدەن و لە برى ئەوە بڕێك پارە دەدەن بەو كەسانەى دەوامیان لە شوێن دەكات , هەندێ (بن دیوار) مووچەكانیان لەگەڵ كاكى لێپرسراوى كارگێرى كە دەڵێن ڕۆڵى جێگرى بەڕێوەبەرى هەیە دەكەن بە نیوە و مەسەلەكە خشەى لێ نایەت و وەك شەریك و برا بەش كورد گوتى (مەسەلەكە دیزە بە دەرخوونە دەكەن) , ئاخر پیشەى پزیشكى پیشەیەكى ئەخلاقى و ئینسانى و ویژدانییە چۆن دەكرێ وەك جاشایەتى كۆن مامەڵەى لەگەڵدا بكرێ , بەڵام دەوترێ كە كاكى جێگرى بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى منداڵان و منداڵ بوون لە ڕانیە خۆى دەست لە پشت دراوى بەڕێوەبەرى گشتى یە و خۆمان ووتەنى پشت قایمە بۆیە گوێ بە ئەم و ئەو نادات .ئەوەم تەنها بۆ نمووونە هێنایەوە ئەگینا لە نەخۆشخانەكانى تریش باشتر ناگوزەرێ , ئەوەى لێرەدا زەرەرمەندى یەكەم دەبێت هاووڵاتیان و كەسى نەخۆشە , چونكە ئەگەر كەسێك ڕۆژانە 6_ 8 كاتژمێر دەوامى كرد پێویستى بە پشوو دەبێت تاكو دواى پشوودانەكە بە تین و توانا و سەلیقەیەكى نوێووە جارێكى تر بێتەوە سەر كارەكەى , بەڵام ئەو كەسانەى دەوام بەكرێ وەردەگرن لە كەسێكى تر لە ناو نەخۆشخانەكان بەردەوام دەوام دەكەن , سەرەنجام بێتاقەت دەبن و سەلیقەى كاركردن لە دەست دەدەن و ناتوانن وەك پێویست خزمەتى نەخۆش بكەن , بە تایبەتیش لە نەخۆشخانەكاندا كە ڕۆژانە ئەو ستافەى دەوام لە نەخۆشخانەكاندا دەكات ڕووداوى ناخۆش و تراژیدى دەبینێت و پێویستى بە زوو پشوودان هەیە تا كاریگەرى ئەو هیلاكیەى لەسەر لابچێ , بەڵام بە داخەوە ئە و جۆرە كەسانە هەست بە لێپرسراوێتى و پیرۆزى پیشەكەیان ناكەن و تەنها بەرژەوەندى تایبەتى و ماددى خۆیان لە بەرچاو دەگرن .
شكۆ ڕانیەیى
7/9/2011 .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان





