بوون بە ژن کەی کێشەیە، پیاو بەس نەبێ بە پارتی !
01/01/2024, 21:23 (GMT+1)

من و دکتۆر زمناکۆ خەسرەو لە مێژبوو هاوڕێ بووین ، دە ساڵێک دەبێت. زۆرجار وتوێژمان کردووە لەسەر زۆر باس و خواسی جیاواز. هەمیشە ڕێزی گەورەم هەبووە بۆ ئیرادە و جورئەت و سەنگ و قورساییەکەی. ئەو لەو مرۆڤانە بوو کە بۆ فرۆشتن نەبوو. خاوەنی کاراکتەر و کەسێتیەکی گران و سەنگین بوو. ئەویش بەهەمان شێوە زۆر ڕێزی لێدەگرتم ، قسەمان لەسەر ئەوەیش کرد جارێک بێن سەردانێکمان بکەن بە ماڵومنداڵەوە…
بەداخەوە ئەمڕۆ بیستم و بینیم دکتۆر لە ئۆپەراتسیۆنێکی چاوەڕوانکراودا و لەبەردەستی ستافیکی بکوژدا ژیانیان لێسەندە و لە فۆڕم و ناو و جێندەرێکی تردا کەسێکیان لێ دروست کردووە بە ناوی لانە کرمانج. من ئەم لانەیە ناناسم تەنها یەک وێنەیم بینیوە. دڵنیام کە ئەمە چیتر زمناکۆ نیە و کەسێکی ترە.
لێرەدا نامەوێت دژایەتی لانە بکەم ، چونکە نایناسم و نازانم کەسێتیەکی چۆنی لێ دەردەچێت. ئەگەر ژیان بواری دا بیخوێنمەوە و بیناسم و هەڵیسەنگێنم ئەوسا بریار دەدەم دەبمە هاوڕێی یان نا. دیارە ئەویش ئازادە من هەڵسەنگێنێت ..
گۆڕینی جێندەر ئەگەر نەکرێتە ئامراز و ڕیکلام و کاڵا و بانگەشە و ئەجیندایەکی قێزەون کە کار لەسەر تێکشکاندنی کۆمەڵگا و ئینسانەکانی ناوی بکات ، ئەوە مافێکی تاکەکەسیی و پرایڤتی هەر ئینسانێکە، نابێت هیچ تاکێک لەسەر ئەم مافە ئیهانە بکرێت.
بێگومان بۆ کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی وەک کورد کە هێشتا تەنەکە بۆ مانگ گیران لێدەدات و هێشتا دڵنیا نیە زەوی خڕە یان تەخت، ئەم جۆرە ڕووداوانە نامۆ و ناپەسەندن و مەحکومن بە پەلامار و ئیهانە و لێدان لە کەسێتی ئەو تاکە و هەروەها بەکارهێنانی لەلایەن کۆنەپەرستانەوە بۆ خۆشکردنی ئاگری دواکەوتوویی. لەهەمان کاتیشدا جێگای خۆشحاڵیە تروسکاییەک لەو کۆمەڵگایەدا کە دەتوانن ئەم بڕیارە تاکەکەسییە وەک ماف ببینن و قوبوڵی بکەن .
لەم کۆتاییانەدا تا ڕادەیەک لە نووسینەکانی دکتۆر دوورکەوتبوومەوە بەهۆی ئەوەی منیش وەک ئینسانێک کە خاوەنی ڕای خۆمم، دژی ئەو ئەجیندا وێرانکەرەی جەندەریزم و ئەو ئایدۆلۆجیستانەم کە دەیانەوێت لە کۆمەڵگاکاندا پەرەی پێبدەن. بەڵام ئەمە هەرگیز نەبووە هۆی ئەوەی لێک دابڕێین و هەمیشە ڕیزم بۆی هەبووە.
لێرەدا ئەگەر ڕاو ڕەخنەی خۆم بۆ دکتۆر بخەمە ڕوو هەرگیز ئەوە نابێت کە دژایەتی بکەم و سوکایەتی پێبکەم و نەفرەتی لێبکەم ! بەڵکو زیاتر لە دوو دێڕ گرنگە من بیڵێم!
یەکەم : بەداخەوە دکتۆر باوکێکی میهرەبانی کوشت، برایەکی باشی کوشت، کوڕی دایک و باوکێکی کوشت، هاوڕێیەکی منی کوشت و بۆخۆیشی لەمەودوا بێباکانە سەیری دڵی شکاومان دەکات . زۆر درەنگ بوو ! ئەم تەوقیتە زۆر هەڵەبوو! ئەم بڕیارە زۆر خۆپەرستانە بوو! ڕۆحییەتی قوربانییدان لە دکتۆردا نەبوو .
دووەم: هیوادارم نەهێڵێت خاوەن و وەگەڕخەر و دەڵاڵەکانی ئەجیندا و ئایدیالۆجی جێندەر بیکەنە کاڵای ڕیکلام و وەک کەرەستەیەک بەکاری بهێنن بۆ سەرلێشێواندنی خەڵک.
لە کۆتاییدا دەڵێم (بوون بە ژن کێشە نیە! پیاو بەس نەبێ بە پارتی لەژێرەوە، خوایدەکرد دەبوو بە حوشتر)
تێبینی کوردستانپۆست: د. زمناکۆ خەسرەو، چوار نووسینی لە کوردستانپۆستدا بڵاوکردۆتەوە، ئەمەی خوارەوە ئەرشیفەکەیەتی:
https://www.kurdistanpost.com/?mod=news&authorid=11265
https://www.kurdistanpost.com/?mod=news&authorid=11265
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان








