<

(پەکەکە) لە دروستبوونییەوە تا بڕیاری چەکدانان (بەشی دەیەم)

01/10/2025, 12:40 (GMT+1)
پاش گرتنی ئۆجەلان، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، رێڕەوی خەبات و تێکۆشانی خۆی بە تەواوی گۆڕی، ئەم گۆڕانکارییە نەک تەنیا کاریگەریی کردە سەر ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕی سیاسیی پەکەکە، بەڵکو کاریگەرییشی خستە سەر چالاکی گەریلا و جموجۆلەکانی، کە پێش گرتنی ئۆجەلان، دروشمی نەتەوەیی گەورەیان بەرز دەکردەوە، ئامانجیان دامەزراندنی خۆبەڕێوەبردن و دەوڵەتێکی کوردی یەکگرتوو بوو. هەرچەندە لە بەرنامە و پڕۆگرامەکەیاندا هیچ ئاماژەیەک بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان نەدراوە، بەڵام پاش ئەوەی ئۆجەلان کەوتە دەست تورکیا، ئامانجەکانی پەکەکە بە شێوەیەکی ڕیشەیی گۆڕانکارییان بەسەردا هات. داواکارییەکانیان تەنیا بوو بە بەردان و ئازادکردنی ئۆجەلان. بەمەش لە ئامانجە نەتەوەییەکان پاشگەزبوونەوە، لە داوایەکی گەورەی نەتەوەییەوە، بوو بە داوای مافی کلتووری و ئیداریی لە ناو چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا.
ئەم پاشگەزبوونەوەیە، بووە خاڵی وەرچەخدان لە نێوان قۆناغی خەباتی چەکداریی و قۆناغێکی نوێ، کە بە پاشەکشەی ستراتیژی و گۆڕانکاری ستراتیژی سیاسەتی پەکەکە لە هەموو بوارەکاندا رەنگی دایەوە و ئامانجی پەکەکەی پێ دیاری کرا. کاریگەری ئەم گرتنەی ئۆجەلان نەک تەنها وەک رێکخراوێکی سیاسیی، بەڵکو وەک بزوتنەوەیەکی چەکداریش، لە ئامانجی نەتەوەییەوە بەرەو ئامانجی زۆر بچوک هەنگاوی نا، هەموو هەوڵ و خەباتی سیاسییان تەنیا بۆ بەردانی ئۆجەلان چڕ کردەوە، لە رووی چالاکیی چەکداریشەوە، خۆیان لە قەندیل قەتیس کرد، جگە لە بەرگرییکردن لە خۆیان، وەک جاران چالاکی گەریلاکان کەم بووەوە، ئەگەر چالاکییەکیان بکردایە، تەنیا ئامانجیان بۆ فشارخستنە سەر تورکیا بوو، تا ئۆجەلان ئازاد بکەن، لەملاشەوە بە مەرجەکانی تورکیا ئامادەبوون، کە لە ئێمیراڵییەوە میتی تورک بە رێگای ئۆجەلانەوە پەیامیان پێ ڕادەگەیاندن، پەیامەکانیش وازهێنان بوو لە داخوازیی نەتەوەیی و لەناو تورکیایەکی دیموکراتدا هاوکاریی دەسەڵاتی تورکی بکەن. ئەم دوو نمونەیەی خوارەوە هەڵبژاردەی هەموو چالاکییەکانی سیاسەتی پەکەکەیە، کە لە خۆپیشاندانەکاندا لە دەرەوەی وڵات رەنگیان داوەتەوە:
1- لە رۆژی 18 – 3 -2018 سوپای تورکیا بە یارمەتی میلیشای عەرەب و ئیسلامییە داعیشەکان، چوونە ناو شاری عەفرین. شارەکەیان کاول و تاڵان کرد، ژمارەیەکی زۆریان لە دانیشتوانە کوردەکەی کوشت، ئەوەی فریاکەوت رای کرد و شاری جێهیشت، هانایان بردە بەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای (هەسەدە)، ئەوەی تورکەکان لە دەرسیم کردیان، هەمان کارەساتیان بەسەر عەفریندا هێنایەوە، ئیبرایم تاتلیسی گۆرانی بۆ سەرکەوتنی تورکەکان وت، مەسعود بارزانی و پارتەکەشی دەستخۆشیان لە ئۆردوغان کرد. ئەم ڤیدۆیەی خوارەوە ببینە:

هەر وەک ئاژانسی راگەیاندنەکان باسیان لەوە کرد، یەکەم هەنگاوی تورکەکان، کە کاریان لەسەر کرد، گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە بوو، ژمارەیەکی زۆریان لە عەرەبی فەلەستینی و تورکمان نیشتەجێی ئەو شارە کرد، جارێکی دیکە کوردیان لە زیدی خۆیان وەدەرنا، ئەو ژن و کچانەی دەکەوتنە بەر دەستییان، دەستدرێژیان دەکردنە سەریان، زۆریشیان هەڵواسین و گوللەباران کرد. لە خوارەوە لینکی چەند هەواڵیک لەسەر ئەو رووداوانە دادەنێین، کە باسیان لەو کارەساتانە کردووە.
ئەوەی دەمەوێت لێرەدا قسەی لەسەر بکەم، داگیرکاریی و تراژیدیای عەفرینە، بەتایبەتی لەو رۆژەدا زۆر کەسی تووشی شۆک کرد، لە داخ و خەفەتدا بە بێدەنگی ناخی خۆیان دەخواردەوە، ئەمە وای کرد، کاریگەریی دەروونی بەدوای خۆیدا جێهێشت، لەملاشەوە بڕوانن چ کاردانەوە و کاریگەرییەکی کردبووە سەر سیاسەتی پەکەکە، بەتایبەتی پاش چەند رۆژ ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی دەرەوەی وڵات خۆپیشاندانیان لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و زۆر شوێنی دیکە دەستپێکرد. وەک نمونە: لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بە ناونیشانی (Stop the War on Afrin)، یەکێتی کوردانی سوید، بە هاوپەیمانی جیهانی لە رۆژی 26 – 03 – 2018 بەو کارە هەڵسان، بەو بۆنەیەوە، (جوان حاجۆ)ی هونەرمەندی کوردی رۆژئاواش، کە خەڵکی ئەو ناوچەیە بوو، یەکێک بوو لە بەشداربووەکان، وتارێکی بەو بۆنەیەوە خوێندەوە.
ئەو رۆژە منیش لەگەڵ چەند هاوڕێ و دۆستێکدا ئامادەی ئەو خۆپیشاندانە بووین، بەو نیازەی بتوانین لە رێگای ئەم کۆبوونەوە و خۆپیشاندانەوە ئازار و خەمی خۆمان و کارەساتێکی مرۆڤایەتیی و ژینۆسایدی شارێکی کورد بە کۆمەڵگای ئەوروپی و خەڵکی سوید رابگەیەنین، تا بزانن تورکەکان چ کردارێکی نامرۆڤانەیان بەسەر ئەو شارەدا هێناوە. پاش ئەوەی ئاپورەی خەڵکەکە کەوتە رێ، هێندەم نەزانی هەڤاڵانی پەکەکە و لایەنگرەکانی، ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکەیان بەرەو لایەکی دیکە برد، وێنەی ئۆجەلان و دروشمی ئازادی بۆ ئۆجەلانیان بەرزکردەوە، پڕ بەدەنگ هاواریان کرد: (ئازادی بۆ ئۆجەلان)، ئەوەی نەبووە خەمی ئەوان کارەساتی عەفرین و ژینۆسایدی کوردانی ئەو شارە بوو. کاتێک ئەوەم بینی، هێشتا ئاپورەی خۆپیشاندانەکە چەند هەنگاوێکی نەبڕیبوو ، رووی دەمم کردە ئەو هاوڕێیانە، وتم برادەران: من بۆ ئەمە نەهاتبووم، کەچی ئەم خۆپیشاندانە تەنیا بۆ ئازادکردنی ئۆجەلانە، نەک بۆ عەفرین... ئێرە شوێنی من نییە، ناتوانم درۆ لەگەڵ خۆمدا بکەم، یەکسەر جێمهێشتن و گەڕامەوە. (تێبینی: هەرجەندە وەک دوایی بۆیان باسکردم، لە کۆتایی مەراسیمی خۆپیشاندانەکەدا، چەند کەسێک وتاریان لەسەر عەفرین و خوێندبووەوە، لەگەڵیدا داوای ئازادکردنی ئۆجەلانیشیان کردبوو.).
ئەم باسە بەشێکە لە ستراتیژ و سیاسەتی پەکەکە، کە تا ئەو دواییەش هەموو چالاکیی و خۆپیشاندانەکانیان تەنیا بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان بووە، هیچ داواکارییەکی نەتەوەیی و جەماوەریی دیکەیان نەبووە، خۆشیان ئەمەیان نەشاردۆتەوە، کە کێشەی ئەوان لەگەڵ تورکیا تەنیا ئازادکردنی ئۆجەلانە، کەواتە گرنگە بۆ هەموومان ئەم راستییە بزانین.
کاتی خۆشی ئەم رووداوەم بۆ چەند برادەرێک گێڕایەوە، هاوڕێیەکی خۆشەویست بەناوی (کاک سمکۆ عەلی) لە نەرویژ ئەویش ئەمەی خوارەوەی بۆ گێڕامەوە:
2- برادەرێک  لە ئوسلۆی پایتەختی نەرویژ رۆژێک هاتە لام و وتی : (سبەینێ خۆپیشادان دەکرێت دژی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوور، خۆپیشاندانەکە بۆ ئەوەیە، تا بەو وڵاتانەی ناتۆ و ئەوروپای رابگەیەنین، کە تورکیا چی بەرامبەر بە کورد دەکات). ئەوەندەی وت لەسەر ئەو خۆپیشاندانە، تا منی قایلکرد، کە لەو کاتەدا ئامادەبم، ئەوەبوو لە کاتی دیارییکراودا ژمارەیەکی زۆر کۆبووینەوە، پێش ئەوەی بکەوینە رێ، هێندەم زانی چەند برادەرێکی (پەکەکە) تێکەڵمان بوون، ژمارەیان زۆریش نەبوو، نەدەگەیشتنە پەنجەی دەست، تورەکەیان پێ بوو، پڕ بوون لە دروشم و نووسین و لافیتە و وێنە، لە پڕ دەریانهێنا و بە خۆیانەوە نەوەستان بەسەر خەڵکەکەدا دابەشیان کرد، وەک بینیم سەرو وێنەی ئۆجەلانیان دایە دەست مناڵ و ژنان، یان دروشم و لۆگۆی پەکەکەیان دەدایە دەست چەندین کەسی دیکە، تا ئەم ساتەوەختەش تێنەگەیشتم، چۆن ئەو لافیتە گەورانەی، کە ئەمسەرو و ئەوسەرەکانیان بە داری درێژەوە بەسترابوو، لەناو تورەکەکاندا شاردبوویانەوە، نەشمزانی چۆنیان دەریانهێنا، لە پڕ ئەوانەشیان بەرزکردەوە، لەگەڵ وێنەی ئۆجەلاندا، کە بە گەورەیی لێنوسرابوو: (ئازادی بۆ ئۆجەلان) بەدەنگی بەرز کەوتنە هاوار کردن، و هوتاف کێشان.
وەک کاک سمکۆ گێڕایەوە وتی: دوایی منیش خۆم پێنەگیرا چوومە پێشەوە و هاوارم بۆ خەڵکەکە کرد، وتم: (ئەرێ برادەرینە ئێمە بۆ چ شتێک لێرە کۆبووینەتەوە!؟ ئایا بۆ ئەوە نییە، کە دژی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر باشوور خۆپیشاندان بکەین، یان ئێمە هاتووین تەنیا داوا لە تورکیا بکەین ئۆجەلان ئازاد بکات؟ عەیبە درۆمان لەگەڵدا مەکەن، ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان بەرەو شتێکی دیکە مەبەن. ئەگەر وایە ئەوا من لێرە بەدواوە لەگەڵتاندا نابم و دەست دەکێشمەوە..) ئەوە بوو ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران لە گەڵمدا دەستیان کێشایەوە، وازمان هێنا و ئەو ناوەمان بەجێ هێشت.
ئیستا لە زۆر شوێندا، کە خۆپیشاندان دەکرێت، برادەرانی (پەکەکە) دەرفەت دەهێنن و خۆیان تێهەڵکێش دەکەن، رەوتی خۆپیشاندانەکە تەنیا بەرەو ئاڕاستەی ئازادکردنی ئۆجەلان دەبەن، چونکە هیچ ئامانج و داواکارییەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی دیکەیان نییە، تەنیا (ئۆجەلان و ئۆجەلان) مەبەستی سەرەکی ئەوان لەوە زیاتر نییە، هەر داخوازیی و شتێکی دیکە هەبێت لە بیر خەڵکیان بردۆتەوە، خەڵکیان لە خۆپیشاندان تەرە کردووە، هەر ئەمەشە وای کردووە ئیستا زۆر کەس بۆ خۆپیشاندان ناچن و خۆیان تێکەڵ بە تێکۆشان و خەباتی جەماوەری ناکەن.
-----------------
عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ خۆی، هەر لە یەکەم رۆژی گرتنییەوە ئەو پەیامە ڕوونەی نارد، بە ئاشکرا پێی راگەیاندن، کە ئەو ئامادەیە هاوکاری ئەنقەرە بکات، ددانی بەوەشدا نا، وتی: (من دایکم تورکە و ئامادەم یارمەتییتان بدەم و خزمەتی تورکیا بکەم) هەرچەندە تورکیا بە رووکەش وای پیشان دا، کە بایەخ بە داوا و پێشنیارەکەی ئۆجەلان نادات، بەڵام لە رۆژی 29 - 6- 1999 بڕیاری لەسێدارەدانیان جێبەجێ نەکرد، لە رۆژی 09 – 08 - 2002 هەروەها لە 14- 07- 2004 بەتەواویی بڕیاریی لە سێداردان لە تورکیا بە هەموو شێوەکانیەوە لەسەر تاوانباران لابرا، بە پێی ئەو بڕیارانە، ئۆجەلان لە پەتی سێدارە رزگاری بوو.
لەو ماوە دوور و درێژەدا، کە ئۆجەلان لە ئێمیڕاڵی دەستبەسەر بوو، بە بەراورد بە زیندانییەکانی (ژمارە 5)ی دیاربەکر، ئۆجەلان وەک زیندانییەک رەفتاری لەگەڵدا نەدەکرا، بەڵکو بە بەردەوامی و ‌لەسەرخۆ کاریان لەسەر گۆڕینی بیر و هزری کەسێتی کرد، چونکە هەر وەک چۆن پەیمانی پێدابوون، بەوەی دەیەوێت خزمەتی تورکیا بکات، ئاوا لە کاتی پێویستدا دەیانهێنا و پەیام و لێدوانیان پێ دەدا، تا توانا و ورەی گەریلا و ئەندامانی پەکەکەی پێ بڕوخێنن. مانەوەی ئۆجەلان لە زینداندا، جاری وا هەبوو وەک سیاسەتێکی پلانداڕێژراو ماوەی چەند ساڵێک لە هەموو شتێک دووریان دەخستەوە و رێگایان نەدەدا کەس بیبینێت و  بێدەنگیان دەکرد، هەمووی بۆ ئەو مەبەستە بوو، تا بەو شێوەیەیە کە خۆیان دەیانەوێت پەروەردەی بکەن، لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تورکیا دژی کورد، پەیام و لێدوانەکانی بگونجێنن. یەکەم دیاردەیەکیش، کە لە ئۆجەلاندا دەرکەوت وازهێنانی بوو لە هەموو داخوازییەکانی گەلی کورد و بچوکردنەوەی بوو بە داخوازیی لۆکاڵیی و پاریزگاریی ژینگە. ئەو کتێبانەی، کە دەینووسین و  لە ئێمیڕالییەوە دەنێردرانە دەرێ، لەسەر بیرۆکەکانی (مورای بوکچین) بوو، دوور بوون لە داواکارییە نەتەوەییە کلاسیکییەکان، بە دەگمەن ناوی کوردی تێدا هێنابێت، وشەی کوردستان هەر سڕدرابووەوە و بوونی نەبوو، بۆی نەبوو بە کوردی قسە بکات، دەبوو هەرچی قسەیەک، کە دەیکات، یان پەیامێک، کە دەینێرێت هەمووی بە زمانی تورکی بێت.
(مورای بوکچین) فەیلەسوفێکی تیۆریستی ئەمریکی بوو، ئۆجەلان پشتی بەو تیورییانە بەست، کە دەربارەی "خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی" و "کۆنفێدڕاڵیزمی کۆمەڵایەتی" بانگەشەی بۆ دەکرد. تیورییەکانی (مورای بوکچین) هەرچەندە لایەنی باشی مرۆڤانە و ئازادیی ژنانی تێدا بوو، وەکو  لە خوارەوە زیاتر باسی دەکەین، ئەمە بۆ وڵاتێک و گەلێکی ئازاد و خاوەن دەسەڵاتێکی سیاسیی دەگونجا، نەک بۆ گەلێکی ژێردەستەی وەکو کورد. بەم گۆڕانکارییە فیکرییانە داواکارییەکانی کورد کەمبوونەوە، لە خەونی دەوڵەتی نەتەوەییەوە گۆڕدرا بۆ مۆدێلێکی نزیک لە پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی ئیدێئاڵ. ئەو پڕۆژەیە جەخت دەخاتە سەر حکومەتی ناوخۆیی و دیموکراسیی، کە لە بری ئەوەی هەوڵ بدرێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، کە وەک پێشتر بانگەشەیان بۆ دەکرد.
بەپێی لێکدانەوە و بۆچوونی لۆگیکیانەی خۆم و بەپێی ئەو پلانەی تۆرکیا لە ئێمیڕالی بۆ ئۆجەلانی داڕشتبوو، هەرچی ئەدەبیات و کتێبێک، کە بۆ ئۆجەلانیان دەبردە زیندانەوە، بە کۆنتڕۆڵیکی تەواودا تێدەپەڕی و سانسۆری زۆری دەخرایە سەر، تەنیا ئەو کتێبانە رێگاپێدراو بوو، کە بتوانن بیروباوەڕ و بیرکردنەوەی ئۆجەلانی پێ بگۆڕن، ئەوانەیان بۆ دەهێنا، بەتایبەتی کتێبەکانی (مورای بوکچین) و ئەو کتێبانەی باس لە ژینگەپارێزی، پێکەوە ژیان و ئاشتیی، هەروەها کتێبی ئاینی و زۆر شتی دیکە، تەنانەت رێگایان پێدا، کە نامەش بۆ (مورای بوکچین) بنووسێت، هەروەک یەکێک لە هاوکارانی بوکچین بە ناوی (جانێت بیێل) باس لە نامەکەی ئۆجەلان دەکات، دەڵێت: (بەڵێ ئۆجەلان نامەی ناردووە، بەڵام بوکچین فریانەکەوت نامەکە بخوێندۆتەوە، چونکە تەندروستی زۆر خراپ بوو، بەدواییدا کۆچی دوایی کرد).
هەروەها ئەوەی، کە دەزگای میت رێگای پێنەدەدا ئەو کتێبانە بوو، کە باس لە مێژووی کورد، تەنانەت ئەو کتێبانەی ناوی کوردیشی تێدابووبێت لێیان دوور دەخستەوە. سیاسەتی دەزگا موخابەراتییەکان وایە، ئەگەر مەبەستیان بێت کەسێک بخەنە ژێر چاودیرییەوە پێش ئەوەی رێگا بدەن کتێبێکی بدەنێ وەکو ئەم حاڵەتەی ئۆجەلان، پێشتر خۆیان دەیخوێننەوە، ئەوسا رێگای پێدەدەن، یان قەدەغەی دەکەن، بەمە مێشکی ئۆجەلانیان بەتەواویی لە کوردبوون سڕییەوە، بۆ خۆشی ئۆجەلان ئامادەباشیی تێدابوو، وەکو راشی گەیاندبوو، کە (خزمەتی تورک دەکات)، لە ماوەی 26 ساڵدا ئۆجەلان لە زیندانی ئێمیرالی، میتی تورک کردیان بە کەسێکی دیکە، وەکو لە لێدوان و پەیامەکانییدا ئەگەر بە وردی گوێی لێبگرین، یان بیخوێنینەوە، بە ئاشکرا دیارە، کە ئۆجەلان هیچی بۆ کورد پێ نییە، جگە لە خۆبەدەستەوەدان و تەسلیمبوون و وازهێنان.
ئەوەی شایانی باسە لە ماوەی زیندانی ئۆجەلان لە ئێمیڕاڵی، جارێکی دیکە دەستی کردەوە بە داڕشتنەوەی ئایدۆلۆژیای پەکەکە لە (مارکسیزم-لینینیزم و ناسیۆنالیزمەوە) بەرەو (کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی ژینگەیی).
دوای گۆڕینی ئایدیۆلۆژیای پەکەکە لە ماوەی زیندانیکردنەکەیدا، کە لە خوارەوە پوختەیەک لە گرنگترین بیرۆکەکانی بوکچین باس دەکەین، ئۆجەلان بۆ داڕشتنەوەی ئایدۆلۆژیای پەکەکە لەناو نووسین و گۆڕینی بەرنامە و پرۆگرامی پەکەکەدا گونجاندوویەتی و وەریگرتووە، تا بەو شێوەیە جێبەجێ بکرێت:

1- کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی (بیرۆکەی بوکچین):

- ئەڵتەرناتیڤێک بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی. ئەمیش بە دروستبوونی دامەزراوەیەک، لە کۆمەڵگای خۆبەڕێوەبەریی ناوخۆیی (کۆمیونەکان)، کە لە ڕێگەی فیدراسیۆنی خۆبەخشانە کەسە بەتوانا و بەهرەمەندەکان هاوکاری تێدا دەکەن.
- دەسەڵات دەبێت لە خوارەوە بێت (واتا لە خەڵکەوە )، نەک لە سەرەوە لە ڕێگەی دامەزراوە حکومییەکانەوە.

کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی (داڕشتنەوەی ئۆجەلان):

- ئەو داڕشتنەوەیەی ئۆجەلان لە ئایدۆلۆژیای پەکەکە وا دەکات چیدی لە پاشەڕۆژیشدا کوردی باکور بە تایبەتیی و هەموو کورد بە گشتی داوای رزگاریی و سەربەخۆیی نەکەن و ئامانجیان دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی نەبێت، هەرچییەک لە بەرژەوەندی کورد بێت، ڕەتی بکەنەوە، بۆیە لە جیاتی ئامانجی نەتەوەیی ئیستا پەکەکە پشتگیری لە سیستەمێک دەکات، کە کورد (و نەتەوەکانی تریش) لە ڕێگەی ئەنجومەنی ناوخۆیی (کۆمیونەکان) خۆیان بەڕێوە بەرن، ئەمەش بەستراوەتەوە بە تۆڕێک لە فیدراسیۆنە دیموکراتییەکان وەک - جۆرێک لە دیموکراسی هاوتەریب. هەڵبەت ئەم تیوریی و ئایدۆلۆژیایەی ئۆجەلان، تورک وەکو نەتەوە و سیستەم  ناگرێتەوە، چونکە ئەوان لەناو ئەو وڵاتەدا کە ناوی تورکیایە هەر باڵادەست دەبن و دەسەڵاتی زاڵیان دەبێت، دەسەڵاتی زاڵ واتا دەوڵەتی ناسیۆنالیستی تورکی، کە هیچ گۆڕانکارییەک بە سەر هزری تاکی تورکدا ناهێنێت، تا مرۆڤدۆستانە تەماشای نەتەوەکانی دیکە بکات،.

2. ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی (بیرۆکەی بوکچین):

• کێشەکانی ژینگە لە بنەڕەتدا کێشەی کۆمەڵایەتین، نەک تەنیا تەکنیکی یان بایۆلۆژی.
• ئەو ریزبەندەی، کە لە کۆمەڵگادا بە هەرەمی دێتە خوارێ (وەک پیاوسالاری، توێژ و چینەکان، ناسیۆنالیزم... هتد)، وا دەکات ڕەنگدانەوەیان لە سەر چۆنیەتی مامەڵەی مرۆڤ لەگەڵ سروشتدا هەبێت، بۆ چارەسەر و نەهێشتنی ئەم دیاردەیە، دەبێت بەم شێوەیەی خوارەوە مامەڵە و چارەسەر بکرێت:
• دەبێت کۆمەڵگایەکی یەکسان بۆ ڕزگاری ژینگە بنیات بنرێت.

ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی (تێگەیشتنی ئۆجەلان):

• بەردەوامی پاراستنی ژینگە دەبێتە کۆڵەکەیەک لە فەلسەفە سیاسییە نوێیەکەی پەکەکە.
• دەبێت خەباتی ئازادیی کورد بە خەباتی ژینگەوە ببەسترێتەوە.

3. دیدگای دژە- هەرەمی و فێمینیستی (بیرۆکەی بوکچین):

• هەموو شێوەکانی زاڵبوون دەبێت پرسیاریان لێبکرێت وەکو: چەوساندنەوەی چینایەتی، چەوساندنەوەی ڕەگەزیی، چەوساندنەوەی نەژادی.
• بایەخدان بە ڕزگاری و ئازادیی ژن، ئەمیش وەک بنەمایەک بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد.

 دیدگای دژە- هەرەمی و فێمینیستی (تێگەیشتنی ئۆجەلان):

• ڕزگاری ژن وەک پرسێکی سەرەکی لە بزووتنەوەی کوردیدا.
• دامەزراندنی بەشەکانی ژنان لە ناو پەکەکە، ئەنجومەنەکانی ژنان و پرنسیپەکانی یەکسانی .
• وەک ئۆجەلان نووسیویەتی، کە "کۆمەڵگا ناتوانێت ئازاد بێت، هەتا ژن ئازاد نەبێت".

4. دیموکراسی ڕاستەوخۆ و بەشداریکردن (بیرۆکەی بوکچین):

• خەڵک دەبێت ڕاستەوخۆ حوکم بکات، نەک تەنها لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە، کە هەر چوار ساڵ جارێکە.
• کۆبوونەوەی کۆمیونەکان (کۆبوونەوەی گەل) دەبێت بکرێتە بنەمای بڕیاردان.
ئۆجەلان هەمان تێگەیشتنی بۆ چارەسەری دیموکراتیی و بەشدرایکردن هەیە.

5 . فرە دەنگیی و هەمەچەشنی (بیرۆکەی بوکچین):

• کۆمەڵگا دەبێت بە هەمەجۆریی و هەمەچەشنی بناسرێت: کولتوورە جیاوازەکان، زمانەکان، لەگەڵ شێوازی ژیان.
• هەموو ئەوانە یەک شێوە ئامرازن بۆ چەوساندنەوەی بەرامبەر.
دیسان ئۆجەلان هەمان تێگەیشتنی بۆ چارەسەری فرە دەنگیی و هەمەچەشنی هەیە.

پوختەی بیرۆکەکان لە چەند ڕستەدا:

ئۆجەلان بیرۆکەکانی بوکچینی سەبارەت بە ڕێکخستنی کۆمەڵگای ژینگەیی، هەروەها هاوکاریی دەوڵەتی تورک و دژی سەربەخۆیی و بوونە دەوڵەت سەر لەنوێ داڕشتەوە، کردی بە پڕۆژەیەکی سیاسی پراکتیکی بۆ خۆبەڕێوەبردنی کوردی بەبێ داواکردنی ئازادی و دروستبوونی دەوڵەت، بە تایبەتی جەختی لەسەر ڕزگاربوونی ژنان کردەوە، لەگەڵ بەردەوامیدان بە پاراستنی ژینگە لەناو تورکیادا.
تیورییەکانی بوکچین، کە لە زیندانی ئێمیڕاڵییەوە رێگایان بە ئۆجەلان دا بیخاتە ناو هزری کورد و بەرنامەی سیاسیی پەکەکەوە، تەنیا بەو مەبەستە بوو، تا لە پاشەڕۆژدا کورد لەناو تورکیادا بتوێتەوە، نەک تەنیا وەکو هاوڵاتییەکی تورک، بەڵکو بە پراکتیک وەکو تورکێک پێناسەی خۆی بکات، بۆیە تورکیا لەماوەی 26 ساڵدا کەسایەتیی ئۆجەلانی گوڕی، لەو رێگایەوە توانیان پەڕ و باڵی پەکەکەی پێ بکەن، نەک تەنیا ئەمە، بەڵکو بۆ لێدانی کوردی باشووریش کەڵكیان لە رێنمایی و پێشنیارەکانی ئۆجەلان وەردەگرت، کە دوایی میتی تورک بە بەڵگەوە ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە، بە دەمی خۆی ئۆجەلان پێیان دەڵێت چۆن مامەڵە لەگەڵ باشووردا بکات. 

بفەرمون بزانن ئۆجەلان چ پلانێک بۆ میتی تورک دادەنێت، کە بەرامبەر بە باشوور بیکات، لە دوای نووسینەکە گوێ لە دەنگ و رەنگی بگرن:

 بارزانی و تالەبانی بە کەم مەزانن، بەراستی تێکشاندنیان ئاسان نییە، چونکە هێزن و هێزیان لە پشتە. هەر کاتێک بۆیان بکرێت پشت لە تورکیا دەکەن و دەتانفرۆشن، بۆیە بڕوا بەمانە مەکەن. ئەوان دۆستی ئێوە نین، خۆیان نەفرۆشتووە بە تورکیا. بڕوایان پێ مەکەن. ئەگەر ئێمە تۆزێک بە رێکوپێکی کاریان لەسەر بکەین، دەتوانین کاریگەری ئەمانە نەهێڵین. هەر ئەمەش نا! دەتوانین بە جۆرێک بە تورکیایان ببەستینەوە، کە نەتوانن هەناسەش بدەن! هەر بۆ ئەوەشە پلانی بەستنەوەی هەولێرتان بە ئەنقەرەوە بۆ دادەڕێژم. ئەگەر لەناو شارەکانیش هێزەکانمان لەگەڵ تورکمانەکان پێکەوە کاربکەن، ئەوکات هەر زوو ناچار دەبن خۆیان پەنا بۆ تورکیا بهێنن.

ئۆجەلان درێژەی دەداتێ و دەڵێت:

بەرەیەک دروست دەکەین، کەسەکانیش ئێوە هەڵیانبژێرن، تەنانەت پرۆگرامەکانیش ئێوە دایبڕێژن. مەشق بە خەڵکی جۆراوجۆر دەکەین و دەیانخزێنینە ناو هێزەکانەوە. هیچ ئاستەنگێک دروست نابێت هێزەکانمان تێکەڵاوی یەکتر دەکەین، ئەوانەی ئێمەش هەمووی تورکی دەزانن. ئەوەی هاتو ئامادەبوو لە ژێر یاسا و چوارچێوەی بەرژەوەندەی تورکیا کار بکات، ئەوە باشە! ئەوەشی کە نەهات دەبێت نەمێنێت!! ئێمە هیچ شتێک بە دزییەوە ناکەین، هەموو شتێک لە بەر چاوتان دەبێت، هەر کارێک دژی بەرژەوەندی ئێوە بێت رێگای پێ نادەین. هەناسە لە بارزانی و تالەبانی دەبڕین، ناهێڵین هەناسە بدەن! ئەوەی تورکیا بە دە ساڵ... بیست ساڵ بۆی نەکراوە! من دڵنیایتان پێدەدەم، کە بە ئێمە دەکرێت، ئاخر ئەم کارە بە پارە و پول ناکرێت، ئەمە بە خەباتێکی بێوچان، بە کاری گەورە دەکرێت! دەبێت تورکیا لەمەدا هەڵە نەکات، لەم چوارچێوە دیارییکراوەدا، پێداچوونەوە بە کارەکانیدا بکات. من پێشنیاری ئەوەتان بۆ دەکەم: هەولێر بخەینە ژێر دەسەڵاتی خۆمانەوە...

کلیکی ئەم لینکەی خوارەوە گوێ لە قسەکانی ئۆجەلان بگرە بە دەنگی خۆی:
https://www.facebook.com/share/v/16vtakgoH9/
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست