<

ئاپۆیزم

08/05/2026, 21:00 (GMT+1)
بە پێی هەواڵەکان لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە، ئەمڕۆ ٢٠٠ شەڕڤانی تر ئازاد ئەکرێن. بە پێی ئەو ڕێکەوتنەی لە نێوان حکومەتی عەرەبی سووری و هێزەکانی هەسەدا واژوو کراوە تا ئێستا نزیکەی ٨٠٠ شەڕڤان ئازاد کراون و بەمەش کۆی ئەوانەی بەوانەی ئەمڕۆشەوە ئازاد ئەکرێن ئەگاتە ١٠٠٠ شەڕڤان. هەواڵەکە دڵخۆشکەرە و زانیمان گیانی ئەو هەزار شەڕڤانە لەناو نەچوو، بەڵام پرسیارە هەرە ئاڵۆز و گرانەکە ئەوەیە " بۆچی ئەو ژمارە زۆرە لە شەڕڤان کەوتنە دەستی چەتەکانی داعش و حەمزات و عەمشات؟ خۆ مەگەر ئەو هێزانە لەڕووی لۆجستی و چەکەوە تا ڕاددەیەکی زۆر جیاوازیەکی ئەوتۆیان نەبوو، هێزەکانی هەسەدە لەڕووی جبەخانە و چەك و چۆڵەوە پۆشتەو پەرداخ بوون و هیچ کێشەیەکی ئەزموونی شەڕ و ڕووبەروو بوونەوەی سەربازیان نەبوو..ئەم ‌هێزانە گەلێ جۆری ڕاهێنان و ئەزموونیان لە هێزەکانی ئەمریکاوە وەرگرتبوو ، ئەم هێزانە بە گیانی کوردپەروەری و خۆشەویستی نیشتمان جۆش و خرۆش بوون، ئەم هێزانە خاوەنی هەرێمێکی گەورە و پڕ نەوت بوون، ئەم هێزانە تەنانەت خاوەنی ئەفسانەیەکی وەك (جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی) بوون. نەك هەر ئەوەندە، بەڵکە ئەم هێزانە و گەلی کورد لەو بەشەی نیشتمان خاوەنی هێزی مەعنەوی گشت کوردان بوون لەسەرتاسەری کوردستان و جیهان؟؟؟ ئەی بۆچی ئەم هێزە کە چاوەڕوانی پەرجومان لێیان هەبوو، وامان ئەزانی هێزی پٶڵایین و بەزینیان مەحاڵە، هەروا گەلێ بە سانایی و لەزۆرکاتدا بەبێ بەرەنگاری خۆیان رادەستی ئەو هێزە ئەکرد کە خۆیان بە چەتە و هێزی بێ دسپلین و کەم ئەزموون نیشان ئەدا؟؟؟
کاتێ پرسیاریان لە (دۆناڵد ترامپ)کرد سەبارەت بەو هێزانە بێ دوو دڵی ووتی گەر ئەمریکا و هێزی ئاسمانی ئێمە نەبین ئەو هێزانە ناتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن، کاتێ ئەو هێزانە شەڕ ئەکەن کە ئێمە کارەکانیان بۆ ئاسان بکەین. ئەم ڕاستیە لای هەموان جیگەی ناڕەزایی و ڕەخنە بوو، لێ لە ڕاستیدا گەر ئەمریکا و هێزی دەرەکی نەبێ ئەوا کورد لەهەر شوێنێك بێ ناتوانێ بەرگری لەخۆی بکات. جا بۆیە پێوستە چیتر خۆمان فوو نەکەینە خۆمان و کەسمان لێ نەبێ بە ڕۆستەمی زاڵ..ئەوەی ووترا لەبارەی جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی ئەبوو گەلێ بەچاکی لێی تێبگەیشتینایە و هەر لەسەرەتاوە بمان زانیایە کە ئەم کوردە تەنها داوای ژیانێکی سادە و کولە مەرگی ئەکا لەو ووڵاتانەی تیایدا ئەژین. ئەوان لەیەکەمین ڕۆژەوە تەنها خۆیان بە سووری ناوزەند کردوە و ڕۆژێ گوێمان لەوە نەبوە بڵێن ئێمە کوردین و کوردستانین. بەڵکە جەختیان لە سووری بوونی خۆیان کردۆتەوە و وا ئێستا ئەیبینین کەوا چۆن هێزەکانیان تێکەڵی بەناو چەتەکانی داعش بوون و خۆیان تیایاندا ، تواندەوە.
هەر لەدوای ساڵی ٢٠١٤ وە ودوای کۆتایی هێنانی داعش لە سووریا و هاتنی ئەمریکا بۆ ناوچەکە، داوا لە هێزەکانی هەسەدە کرا کەچیتر خۆیان بە قەندیل و هزر و ئایدیاو چەمك و فەلسەفەکانی ئۆجەلانەوە هەڵنەواسن و چیتر وێنە و لۆگۆی ئەوان بەرز نەکەنەوە. کورد لەو پارچەیە لەبەرئەوەی سۆزدارانە دوای بەرنامەکانی پەکەکە کەوتبون وایان ئەزانی گەر لێیان دوور بکەونەوە ئەوا ناتوانن بکەونە سەر پێێ خۆیان، هەر بۆیە لەیەکەمین دەست پێکەوە پاساوێکیان دا بەدەست دەوڵەتی تورکەوە تا بەردەوام دژایەتیان بکەن و نەیەڵن ستاتۆیەکی سیاسی لەوێش دروست ببێ. هەر بۆیە دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی هەریەك لە ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەوڵدرا هەرچی ئەو هێزانەی سەر بە قوتابخانەکەی ئاپۆن نەتوانن بەشداربن لە ڕزگارکردنی ئەو بەشەی ڕۆژهەڵات.بۆیە پێوستە هەموان بگەینە ئەو دەرئەنجامەی کەوا ئەوەی ناوی لێنراوە ئاپۆ و ئاپۆیزم بەتەواوی و لەگشت ناوچەکانی کوردستان قەدەغە بکرێ و نەیەڵن چیتر بەناوی کوردایەتی و شۆڕشگێڕیەوە کورد تەفرە بدەن. ئەم هێزانەی پەکەکە و دەستە خۆشکەکانی دەریان خست پرۆژەیەکی میتی تورك-ئیتلاعاتی ئێرانن کاریان تەنها لەخزمەتی بێگانەو داگیرکەرانی کوردستانە.
پەکەکە و ئۆچ ئالان بە هاوتەریبی لەگەڵ هەریەك لە بنەماڵەکانی بارزانی-تاڵەبانی و هاوسێبەرەکانیان هەمان ئەژندای داگیرکەرانی کوردستان، جێبەجێ ئەکەن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست