<

ڕاستییەکانی دیداری ئیمراڵی

06/09/2026, 22:30 (GMT+1)
لە ژینگەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی لەناو هەندێک لە بزووتنەوەی ئایدیۆلۆژیدا کە شوێنکەوتووەکانیان بە هەموو شێوەیەک بەرگرییان لێ دەکەن، دیاردەیەکی دەروونی و سیاسیی سەیر هەیە، ئەویش ئەوەیە کاتێک ڕەخنەگرێک یان چاودێرێک زانیارییەکی دروست و بەڵگەدار دەخاتە ڕوو کە پێچەوانەی گێڕانەوەی فەرمیی حیزبە، لایەنگران و شوێنکەوتووەکانیان، سەرەتا داوای بەڵگە دەکەن. کاتێک ئەو بەڵگەیە دەخرێتە بەردەمیان، لەبری ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ناوەڕۆکی بەڵگەکە بکەن، پەنا بۆ کوشتنی کەسایەتیی بەرامبەرەکەیان دەبەن، ئەویش لە ڕێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵێک چەمکی ئامادەکراو، تا کەسایەتیی ئەو ڕەخنەگرە یان ئەو نووسەرە بشکێنن. ئەمە لە ناو هەموو پارتە سیاسییەکاندا باوە و هیچ جیاوازییەکیان نییە.
لێرەدا بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیە، سەرەتا بە پێویستی دەزانم کە پێناسەی بەشێک لەو فەرهەنگە سیاسییە بکەم کە بۆ بێدەنگکردنی نەیارانی خۆیان پەنای بۆ دەبەن و بەکاری دەهێنن:
1- شەڕی تایبەت: ئەمە چەمکێکی سەربازی و هەواڵگرییە، بەڵام لە فەرهەنگی میدیایی پەکەکەدا بۆتە پاساوێک بۆ ڕەتکردنەوەی هەر هەواڵ، بەڵگە یان ڕەخنەیەک کە بەدڵیان نەبێت، بەتایبەتی کاتێک ناتوانن وەڵامێکی لۆژیکیی ڕووداوێک بدەنەوە، ڕاستەوخۆ دێن و دەڵێن (ئەمە شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورکە بۆ تێکدانی دەروونی جەماوەرەکەمان). واتە، ئەو چەمکە وەک قەڵغانێک بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی چاوی لایەنگرەکانیان لە بینینی ڕاستییەکان دابخەن.
2- قەڵەمپیس: ئەم ناوە دەخەنە پاڵ هەر کەسێک کە دوور لە هێڵی فەرمیی حیزب بیر بکاتەوە. ئامانج لەم تۆمەتە ئەوەیە تا بە جەماوەر بڵێن (ئەم کەسە بۆچوونەکانی لە پێناو پارە یان بەرژەوەندیدا دەفرۆشێت، بۆیە هەرچییەکی نووسی باوەڕی پێ مەکەن). بەمەش ناوەڕۆکی نووسینەکە لەکەدار دەکەن پێش ئەوەی بخوێندرێتەوە. بۆ زانیاریتان زۆربەی ئەوانەی کە بڕوا بەم تۆمەت و پڕۆپاگەندانە دەکەن، کەسانێکی سادەن، تەنانەت کتێبەکانی ئۆجەلان، ئەدەبیاتی پەکەکە و زۆر هەواڵ و زانیاریی دیکەیان نەخوێندۆتەوە، وێنەیەک کە دژی ئۆجەلان یان پەکەکە پیشان بدات، لەسەر ئەوە هەڵوێست وەردەگرن، یان بەشێکی کەمی نووسینێک دەخوێننەوە. بە کوردییەکەی، ئەمانە کەسانی وشیار و ڕووناکبیریش نین، تەنیا وەکو مەڕ فێرکراون بباعێنن.
3- میت: دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیایە. بەڵام کاتێک وەک تۆمەتێک ئاراستەی کەسێک دەکرێت لە سۆشیاڵ میدیا یان گفتوگۆکاندا، مەبەست لێی ئەوەیە ئەو کەسە بەکرێگیراوی دەوڵەتی تورکیایە. ئەمە ئاسانترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی ڕەخنەگرێک بخەنە خانەی دوژمنەوە و ڕەوایەتی بدەن بە هێرشکردنە سەر ئەو کەسەی کە زانیارییەک بڵاودەکاتەوە کە بەدڵیان نەبێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆجەلانی ڕێبەریان لەسەر بەرنامەی میت بەڕێوە دەچێت و هەموو قسە و پەیامەکانی بە کۆنتڕۆڵی میتدا تێدەپەڕێت.
4- چەتەی مورتەزەقە: لە بنەڕەتدا (مورتەزەقە) وشەیەکی عەرەبییە (مرتزقة) بە واتای جەنگاوەری بەکرێگیراو. ئەم تۆمەتە دەدرێتە پاڵ ئەو کەسانەی کە گوایە بۆ بڕێک پارە یان پۆست، شەرەف و قەڵەمی خۆیان فرۆشتووە بە نەیارانی پەکەکە و وەک (چەتە) کار بۆ تێکدانی بزووتنەوەکە دەکەن. چەتە، رێگا بە کاروان و خەڵکی دەگرێت، تاڵانیان دەکات و رووتیان دەکاتەوە. مورتەزەقەش تەنها بەکرێگیراوە پارەی پێدەدرێت.
5- جاش میت: وشەیەکی لێکدراوە، پێکهاتووە لە وشەی (میت) و (جاش) کە هێمایە بۆ خۆفرۆش و پیاوی دوژمن، هەروەها جاشی میت. لێرەدا ئەم تۆمەتە زۆرترین بارگەی سۆزداری و مێژوویی تێدایە، بۆ ئەوە بەکاردێت کە کەسی بەرامبەر لە ڕووی نەتەوەییەوە داماڵرێت و وەک خائینێکی گەورە وێنا بکرێت.
6- پاراستن: ناوی دەزگای هەواڵگریی پارتییە، کاتێک لایەنگرانی ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ کەسێک لە باشووری کوردستان یان کەسێکی نزیک لە هێڵی پارتی دەکەونە مشتومڕەوە، لە دژی ئەو کەسە، یەکسەر تۆمەتی (تۆ پیاوی پاراستنی) بەکاردەهێنن، بەو مانایەی کە تۆی ڕەخنەگر و نووسەر زانیارییەکانت دروستکراوی دەزگای هەواڵگریی پاراستنە.
دیداری ئەو چوار سەرکردەیەی پەکەکە، کە لە قەندیلەوە چوونەتە لای ئۆجەلان
بۆ قسەکردن لەسەر دیداری  ئەو چوار سەرکردەیەی پەکەکە، کە لە قەندیلەوە چوونەتە لای ئۆجەلان، ئێمە بەم شێوەیە شیکارییەکی دیکەی بۆ دەکەین، بەتایبەتی بە بەکارهێنانی ئەو زانیارییانەی خوارەوە، دەتوانین ئەو پاساوانەی سەرەوە هەڵبوەشێنینەوە و بگەینە ئەو ڕاستییەی، کە چۆن سەرکردایەتیی پەکەکە ناتوانێت بۆ هەمیشە ڕاستییەکان بشارێتەوە.
- کاتێک دزە بە نۆتەکانی دیداری شاندی قەندیل و عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرا، لایەنگرەکانیان یەکسەر پەنایان بردە بەر فەرهەنگی (شەڕی تایبەت) و (میت)، لە کاتێکدا ڕاستییەکان لە زاری کەسانی ناو خودی بزووتنەوەکەوە شتێکی دیکەمان پێدەڵێن:
یەکەم: بۆ ئەوەی خوێنەرانی ئەم وتارەی لێ بەئاگا بهێنمەوە، ئاماژە بە کەسێکی کۆنە پەکەکە دەکەین، لە ڕێگەی ئەو کەسەوە و لە کاتی پێویستدا پەیوەندیمان پێوە دەکات، زانیاریی نوێمان بۆ دەنێرێت. پاش ئەوەی ئەو سێ بەشەی (نهێنییەکانی دیداری ئۆجەلان و شاندی قەندیل ئاشکرا بوون)مان بڵاوکردەوە، دیسان پەیوەندیی پێوە کردین و ئەوەی باسکرد، ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی پەکەکە، ئێستا لە قەندیلن و بەتەواوی چەکیان فڕێ نەداوە، ناڕەزایەتییەکی زۆریان هەیە، بەڵام ناتوانن بە ئاشکرا دەریببڕن، چونکە تا ئێستا ژمارەیەک بە ئاشکرا نارەزایەتییان دەربڕیوە، تیرۆر کراون، چونکە ئەو باڵەی کە سەر بە ئۆجەلانە، ئەوانەن لەگەڵ پڕۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکەن. ئەمانە لە مێژە گومانی ئەوەیان لێ دەکرێت کار بۆ دەزگای میت بکەن.هەر ئەمانەن، کە ئێستا باڵادەستن و گەرموگوڕی و چالاکییەکی ڕادەبەدەریان هەیە لە پەیوەندیکردن بە کاربەدەستانی تورکیاوە، تا پڕۆسەی چەکدانان و ڕادەستکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە زوو تەواو ببێت.
(کاتی خۆی لە شاخیش کۆمەڵێک لە سەرکردەکانی پارتیی و یەکێتی ژیربەژیر پەیوەندییان بە بەعسەوە هەبوو، بۆیە ئەمە لای خەڵکی کوردستان دیاردەیەکی نامۆ نییە، لە ناو پەکەکەشدا هەمان خیانەت و پەیوەندیی ژێربەژیری هەندێک لە سەرکردەکان لەگەڵ میتدا بوونی هەیە.).
دووەم: بۆ مەسەلەی بەڵگەی ئەو دیدارە، لەوەشەوە دەردەکەوێت کە شڵەژانی مستەفا قەرەسو و نەبوونی نکوڵکردن لە چونی ئەو شاندە بۆ لای ئۆجەلان، بۆ ئەمە ڕۆژنامەنووس ئەردال ئەر کە سەردانی قەندیلی کردووە، لە میانی دیدارێکدا بۆ (مەدیا هابەر) دوو جار پرسیار دەربارەی ئەو نۆتانە لە مستەفا قەرەسو دەکات. ئەگەر ئەمە تەنیا پڕوپاگەندە بووایە، قەرەسو بە ئاسانی دەیگوت (نەخێر هیچ سەردانێکی شاندی قەندیل بۆ ئیمراڵی نەکراوە). بەڵام قەرەسو وەڵامێکی ڕاستەوخۆ ناداتەوە و نکوڵی ناکات، بەڵکو زیگزاگ بە قسەکانی دەکات. هۆکارەکەشی ڕوونە: ئەوان دەزانن ئەگەر ئەمڕۆ بڵێن درۆیە و سبەی بە فەرمی لە میدیاکانی دەوڵەتەوە ئاشکرا بکرێت، ئەوا بەدرۆ دەکەونەوە و ئابڕوویان دەچێت.
سێیەم: ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆیان شایەتحاڵن بۆ سەلماندنی ڕاستیی دیدارەکە، ئەمەش پێویست ناکات گوێ لە (نەیاران) بگیرێت. بەدران دەرە، کە ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوە و کاری بۆ میدیاکانی وەک (ڕۆژ تی ڤی) و (ستێرک تی ڤی) کردووە، دوای خوێندنەوەی دەقی دیمانەکەی قەرەسو، گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی، کە دیدارەکەی ئیمراڵی ڕاستە و سەد لە سەد ڕووی داوە. ئەمەش وای کرد، کە لایەنگرانیش تێبگەن نۆتەکان ڕاستن و هیچ شتێکیان بۆ زیاد نەکراوە.
چوارەم: مۆرکی ئۆجەلان بەسەر نۆتەکانەوەیە؛ ئەوانەی دەڵێن ئەم نۆتانە نووسینی (قەڵەمپیس) و (میت)ـن، لە زمان و شێوازی بیرکردنەوەی ئۆجەلان تێناگەن. شێوازی قسەکردنی ئۆجەلان لەو نۆتانەدا تەواو شێوازی قسەکانی ئۆجەلان خۆیەتی. هەروەها ئەو قسانەی لەسەر بارزانی و تاڵەبانی کردوونی، لەگەڵ مێژووی قسەکانی پێشووتری، یەکدەگرێتەوە.
لەو ڤیدیۆ دوو کاتژمێر و نیوییەی کە لەگەڵ حەسەن ئاتیلا ئوگور تۆمار کراوە، ئۆجەلان بە ڕوونی بە دەوڵەتی تورکیا دەڵێت کە ئەمریکا و بەریتانیا دەیانەوێت دەوڵەتێک بۆ بارزانی و تاڵەبانی دروست بکەن، ئەگەر تورکیا دەرفەتی پێ بدات، ئەو دەتوانێت لە ڕێگەی پەکەکەوە ئەو پڕۆژەیە تێکبدات.
پێنجەم: میکانیزمی دزەپێکردنی ئەو زانیارییانەیە؛ ڕووداوێکی گەورەترە، وەک لەوەی بشاردرێتەوە، چونکە تۆمارکردن و گواستنەوەی نۆتەکانی ئیمراڵی پرۆسەیەکی ئاڵۆزە. نۆتەکان بە دەنگ تۆمار دەکرێن، دەکرێنە کاغەز و کۆپی دەدرێتە وەزارەتی داد، میت و دەم پارتی، پاشانیش دەم پارتی کۆپییەک دەنێرێتە قەندیل. پێشتر ئەمە بە نهێنی بوو، تەنیا چەند خاڵێک وەک بەیاننامە (بە سانسۆرکراوی) بڵاو دەکرایەوە. بەڵام چوونی شاندی قەندیل بۆ ئیمراڵی ڕووداوێکی زۆر گەورە و هەستیارە، بۆیە دەستێک (چ لەناو پەکەکە، یان میت، یان دەم پارتی) بە ئەنقەست و بۆ ئامانجێکی دیاریکراو دزەی بەو نۆتانە کردووە و گوازراوەتەوە بۆ میدیاکانی دەرەوەی پەکەکە.
با هەوادار و لایەنگرانی پەکەکە، کەمێک وشیارنە، بیربکەنەوە و بەخۆیاندا بچنەوە،  لە جیاتی تۆمەتبەخشینەوە، چاوەڕوانی پێشبینییەکانی داهاتوبن، کە تورکیا و ئۆجەلان بەتایبەتی دەیانەوێت زۆر زووتر پرۆسەکە بەڕێوە بچێت، چونکە وا بڕیارە تا مانگی یازدە، میت ڕاپۆرتی خۆی ئامادە بکات سەبارەت بە وەرگرتنەوەی چەکەکانی پەکەکە و بینینی بنکەکانیان. بەم هۆیەوە سەردان و هاتووچۆکان بۆ ئیمراڵی چڕتر دەبنەوە و ئەگەرێکی زۆر هەیە لە داهاتوودا خۆیان بە ناچاری باسی بکەن.
کلیک لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە:
https://sorani.anf-news.com
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست