چۆن پۆستە حزبییەکان دەکرێنە ئامرازی بازرگانیی نایاسایی (بەشی یەکەم)
25/05/2026, 18:45 (GMT+1)

یەکێتیی قوتابیان وەک وێستگەیەک بۆ قۆرخکاریی حزبی
یەکێتیی قوتابیان دەکرێت وەک یەکەم وێستگەی کاری ڕێکخراوەیی و حزبی سەیر بکرێت، کە خوێندکاران تێیدا ڕووبەڕووی جۆرێک لە وابەستەیی دەبنەوە. زۆرجار ئەو خوێندکارانەی لە ڕووی زانستییەوە لاوازن، پەنا بۆ ئەم ڕێکخراوە دەبەن بۆ ئەوەی بە پاڵپشتیی حزب دەربچن و قۆناغەکانی خوێندن ببڕن. لە بەرامبەردا، مامۆستایانیش لە ترسی لێپرسینەوە، ناچار دەبن نمرەی دەرچوون بە کادرەکانیان بدەن. ئەمەش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی نەوەیەکی نەشارەزا. کاتێک ئەم کەسانە بڕوانامە بەدەست دەهێنن و ناتوانن لە بوارە زانستییەکەی خۆیاندا کار بکەن، ڕوو لە پۆستە حزبی و حکومییەکان دەکەن؛ لەوێش پیشەی سەرەکییان دەبێتە ململانێی نادروست، ڕاپۆرتنووسین و شکاندنی یەکتری.
لەم کەسانە نموونە زۆرن، بەڵام لێرەدا تیشک دەخەینە سەر یەکێک لەو کارەکتەرانە:
نموونەی یەکەم: ئاریان سەڵاحەدین
ناوبراو پلەکانی ڕێکخراوەکەی بڕی تا گەیشتە پۆستی سکرتێری یەکێتیی قوتابیان، ئەمەش سەرەتا بە پشتگیریی (مەحمود سور) بوو. بەڵام دواتر ئاشکرا بوو کە بە دەنگی ساختە و تەڵەکەبازی دەرچووە. لێرەدا خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە تەزویر و ساختەکاری لە ناوخۆی باڵەکانی حزبەکەشدایە. ڕکابەرەکەی لەو هەڵبژاردنەدا (ڕێناس جانۆ) بوو، کە ئەم ساختەکارییەی قبوڵ نەکرد، ئەمەش بووە هۆی شەرمەزاری بۆ مەحمود سور و ئاریان، و دەرەنجام بڕیاری دوورخستنەوەی هەردووکیان درا. پاش ماوەیەک لە سڕکردن، ئاریان سەڵاحەدین کرا بە کارگێڕی لقی ٢ی هەولێر و ڕێناس جانۆش بوو بە کارگێڕی لقی ١ی دهۆک.
ململانێکان و دروستکردنی دووبەرەکی
لە ماوەی کارکردنیدا لە لقی ٢، ئاریان بەردەوام خەریکی دروستکردنی کێشە و دووبەرەکی بووە لە نێوان کارگێڕان و بەرپرسانی ناوچەکان. کێشەی دروست دەکرد و دواتر خۆی وەک چارەسەرکار نیشان دەدا، تا وای لێهاتووە لەناو حزبدا نازناوی "فیتنە"ی پێ بدرێت. لە ڕێگەی ڕاپۆرتنووسین، شکاندنی هاوڕێکانی (وەک ساکار، مۆفەق پیرداود، و جەسام موشیر)، و قسەهێنانوبردن لە نێوان سەرکردەکانی وەک (عەلی حوسێن و پشتیوان سادق)، وە هەروەها بە واستەی (موسا ئەحمەد)، بەرپرسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، توانرا بکرێتە بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری؛ پۆستێک کە بە هیچ جۆرێک خزمەت بە هونەر، ئەدەب، و ڕۆشنبیری ناکات.
وەک پەندە کوردییەکە دەڵێت: "گایەک ببەیتە کۆشک هەرگیز نابێتە پاشا، بەڵکو کۆشکەکەش دەکاتە تەویلە!"
وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا
وەزارەتی ڕۆشنبیری ئێستا بووەتە گۆڕەپانی ململانێ و چاودێریکردن. ئاریان کەسانی نزیکی خۆی (بۆ نموونە مەحمودی کوڕەخوشکی و کەسانی تر) هێناوە بۆ چاودێریکردنی سۆشیاڵ میدیا و کۆکردنەوەی ئەو کەسانەی فۆڵۆوەریان زۆرە (وەک کچە مۆدێلەکان، مەیکەپ ئارتیستەکان، بێژەران و ئەکتەرەکان). داوایان لێ دەکات بابەت لە بەرژەوەندیی حزب بڵاو بکەنەوە. ئەم هەنگاوە نەک هەر خزمەت بە حزب ناکات، بەڵکو بەهۆی نەبوونی متمانەی خەڵک بە بەشێک لەم مۆدێلانە، دەبێتە هۆی بێزاریی زیاتری جەماوەر. زۆرجار ئەم کارانە نەک لەسەر داوای سەرەوەی حزب، بەڵکو تەنها بۆ خۆدەرخستن و ماستاوکردن دەکرێن بە مەبەستی بەدەستهێنانی پۆستی بەرزتر. سروشتی ژیان وایە؛ پۆست و ماڵی دنیا، هەیبەت بە مرۆڤ نابەخشێت ئەگەر خۆی کەسایەتییەکی بەهەیبەتی نەبێت. هەرچەندە ئەو بریکاری وەزیرە، بەڵام نەیتوانیوە خۆشەویستی و ڕێزی کارمەندێکی ئاساییش لەناو خەڵکدا بەدەست بهێنێت.
بازرگانیی نایاسایی و مەترسی بۆ سەر تەندروستیی گشتی
کێشەکە تەنها کارەکتەرێک نییە، بەڵکو گرووپێکی بەرژەوەندیخوازە کە لە پێناو پارە و دەسەڵاتدا هەموو کارێک دەکەن بێ ئەوەی باکیان هەبێت. لە پاڵ کاری حزبی و حکومیدا، بازرگانیی نایاسایی یەکێکە لە ئەولەوییەتەکانیان. سەرەڕای ئەوەی ئاریان سەڵاحەدین لەم بوارەدا شارەزا نییە، بەڵام لە ڕێگەی ستافەکەیەوە هەڵدەستێت بە هێنانی پڕۆتین، هۆرمۆن و دەرمانی قاچاخی لەشجوانی. ئەم کارە لە ڕێگەی (ئەحمەد ڕامبۆ) بەرپرسی مەلەفی وەرزشی لقی ٢، و (سەردار ئیسماعیل) بەڕێوەبەری گشتیی وەرزشەوە ئەنجام دەدرێت و دەرمانەکان لە هۆڵە وەرزشییەکاندا ساخ دەکرێنەوە.
• زیانە تەندروستییەکان: ئەم دەرمانانە بەبێ پشکنینی کوالیتی کۆنتڕۆڵ دەهێنرێنە ناوەوە. زۆربەی ئەم بەرهەمانە کوالیتییان نزمە یان ماوەیان بەسەرچووە، کە دەبنە هۆی مەترسیی گەورەی وەک (جەڵتە، نەزۆکیی پیاوان، و مەرگی کتوپڕ).
• بەرپرسیارێتیی حکومەت: ئەم فەزاحەتە تەندروستییانە هەمووی تەنها لە پێناو کۆکردنەوەی سەرمایە و داهاتی زیاتردایە. پرسیارە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە: لە ژێر چەتری کابینەی نۆیەمدا، ئایا سەرۆکی حکومەت (مەسرور بارزانی) ئاگاداری ئەم جۆرە پێشێلکارییانەیە یان نا؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان






















