<

لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە

08/07/2026, 20:18 (GMT+1)
کۆبوونەوەی لوتکەی ڕێکخراوی پەیمانی ئەتڵەسی باکوور- NATO  لە ئەنقەرە، تورکیا لە رۆژانی ٧–٨ی تەمموزی ٢٠٢٦ بەڕێوەبردرا. لوتکەکە جەختی لەسەر بەهێزکردنی توانای سەربازی و یەکگرتوویی ئەندامانی ناتۆ کردەوە.
ناتۆ هاوپەیمانییەکی سیاسی و سەربازییە، لە ساڵی ١٩٤٩ دامەزراوە، و بنەمای سەرەکیی رێکخراوەکە ئەوەیە: هێرش بۆ سەر یەک ئەندام لە ناتۆ، بە هێرش بۆ سەر هەموو ئەندامانی دیکە دادەنرێت.
لە لوتکەی ئەمساڵدا سەرکردەکان پابەندی خۆیان بە ماددەی ٥ی رێکخراوەکە دووپات کردەوە، کە مانای ئەوەیە ئەندامان پابەندن بە پشتگیریی یەکتر لە کاتی هەڕەشە یان هێرش بۆسەریان. هاوکات بەشێکی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە بڕیاردان بۆ زیادکردنی خەرجییەکانی تایبەت بە بەرگری، فراوانکردنی پیشەسازیی سەربازی، زیادکردنی بەرهەمهێنانی چەک و بەردەوامبوونی پشتگیریی سەربازی و دارایی بۆ ئۆکرانیا.
  تورکیا داوای کرد ڕۆڵێکی گەورەتر لە سیاسەتی ئاسایشی ئەورووپا بگێڕێت، هەروەها تورکیا داوای کرد کۆسپ و سنوورەکانی سەر هاوکارییە سەربازییەکان (وەک فرۆشتن یان هاوبەشکردنی تەکنەلۆژیای بەرگری)، کەم بکرێنەوە لەسەری.
دەرئەنجامی لوتکەکە بە ئاڕاستەی بەهێزکردنی زیاتری توانای سەربازی لە جیهان  دا دەڕوات، هاوکات داهات و بودجەی وڵاتان لە بواری کۆمەڵایەتی، تەندروستی، کەمکردنەوەی هەژاری و پاراستنی ژینگە کەم دەکاتەوە یان هەر نایهێڵێت.
هەمیشە ناتۆ  ئاسایش، بە هێزی سەربازی دەناسێنێت و ئاسایشی ژینگەیی لەبەرچاو ناگرێت. لەکاتێکدا زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگری، فراوانکردنی پیشەسازیی چەک و چالاکییە سەربازییەکان کاریگەریی نەرێنی زیاتر لەسەر کەشوهەوا و ژینگە دادەنێت و قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە، چونکە فروانکردنی پیشەسازی سەربازیی واتە بەکارهێنانی زیاتری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان. لە هەمان کاتدا، جەنگ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەبنە هۆی ماڵوێرانی بۆ مرۆڤ و لەناوبردنی هەسارەی زەوی.
لە کاتێکدا ئاسایشی ڕاستەقینە واتە پاراستنی ژینگە، کەشوهەوا، سەرچاوەکان و ژیانی کۆمەڵگەکان.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست