دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ لە نێوان چنگی حوکمی پۆلیسی و قەیرانی بێلایەنیدا
18/10/2026, 14:06 (GMT+1)

لە سروشتی حوکمڕانییە پۆلیسییەکاندا، حزبی دەسەڵاتدار و کەسایەتییە ئەمنییەکان هەژموون و دەسەڵاتی ڕەهایان بەسەر هەموو جومگەکانی دەوڵەتدا دەگرن. ئەم دەستوەردانە مەترسیدارەش تەنها تایبەت نین بە ئاراستە سیاسییەکان، بەڵکو دەزگایەکی هەستیاری وەکو ئەنجومەنی دادوەریش دەگرێتەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت دوور بێت لە هەموو دەستوەردانێک.
ئەم پێناسەیەی سەرەوە لە واقیعی هەرێمی کوردستاندا بەرجەستە دەبێت. لە هەرێمدا، ئەنجومەنی دادوەری وەک دەسەڵاتێکی باڵا لە پاڵ حکومەت و پەرلەماندا، ڕۆڵێکی گەورەی لە شەرعییەتپێدانی کۆی سیستمە حوکمڕانیەکەدا هەیە کەچی، گەورەترین ئاستەنگی بەردەمی ئەوەیە کە کاراکتەرەکانی دەسەڵات و حزبی حوکمڕان بەردەوام دەست لە کاروباری دەسەڵاتی دادوەری وەردەدەن.
کاتێک باس لە هەرێمی کوردستان دەکرێت. سیستەمی حوکمڕانی و حکومەتەکەی وەک حکومەتێکی پۆلیسی وەسف دەکرێت کە تێیدا حکومەت و بەرپرسە حزبییەکان دەسەڵاتی ڕەهای ئەمنی و حزبی بەسەر کۆی دامەزراوەکاندا پەیڕەو دەکەن. لە کاتێکدا لە سەرتاسەری جیهاندا دادگا و ئەنجومەنی دادوەری هێمای سەربەخۆیین، بەڵام لە هەرێمدا دابەشبوونی دادوەران بەسەر دوو زۆن و دوو حزبی دەسەڵاتداردا، بووەتە مایەی ئەوەی بڕیارە دادوەرییەکانیش سێبەری ململانێ حزبییەکانیان پێوە دیار بێت.
ئەم دابەشبوونە، بێلایەنیی ئەنجومەنی دادوەری خستووەتە ژێر پرسیاری جیددییەوە. کاتێک حکومەتی پۆلیسی و کەسایەتییە ئەمنییەکان بە ئارەزووی خۆیان دەستوەردان دەکەن، کاریگەرییەکی نەرێنی ڕاستەقینە لەسەر بڕیارەکانی دادگا دروست دەکەن، بە جۆرێک کە مرۆڤ دەبێت ڕاستگۆ بێت و دان بەو ڕاستییەدا بنێت بەشێک لە بڕیارەکانی دادوەران لە دادگاکانی هەرێمدا، هێشتا لە ژێر هەژموونی توندی حزبی حوکمڕان دایە.
ئەوەی لەم هاوکێشەیەدا جێگەی نیگەرانییەکی قووڵە، هەڵوێستی خودی ئەنجومەنی دادوەریی و سەرۆکەکەیەتی کە نەک هەر ڕووبەڕووی ئەم دەستوەردانانە نەبووەتەوە، بەڵکو بە تەواوی ملکەچی بڕیارەکانی حزب بووە و لە ئاست پێشێلکاری و دەستوەردانەکاندا بێدەنگیی هەڵبژاردووە. ئەمەش دەسەڵاتی دادوەری لە پەناگەیەکی پارێزەری هاووڵاتییەوە، گۆڕیوە بۆ ئامرازێک لە خزمەت هەژموونی حوکمی حکومەتی پۆلیسی و حزبیدایە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

