<

کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا

02/10/2026, 12:10 (GMT+1)
ڕەهەندی ناوخۆ؛ وەك ئاشکرایە لەگەڵ کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەریەك لە عێراق و باشووری کوردستان  هاوتەریبە لەگەڵ ئەو ڕۆڵەی کە بەناو دەسەڵاتی کوردی بەجێگای خۆی گەیاند..ڕۆڵەکەش بریتیە لە (یەکەم) بچووکردنەوەی جوگرافیای باشوور.(دووەم) لاواز کردن و کوشتنی گیانی بەرگری لای کورد بە گشتی و هێزەکانی پێشمەرگە بە تایبەتی.(سێیەم) هەژار کردن و کەم دەرەمەتکردنی هاوڵاتی باشوور .(چوارەم) ڕسواکردن و ناشرینکردنی کوردبوون .(پێنجەم) تەعریب کردنی باشوور.. هەموو ئەوانە و چەندینی تر گشت ئەو کارانە بوون کە داگیرکەران بە دەسەڵاتی خۆماڵیان سپاردبوون و ئەمانیش وەك خۆی و زیاتریش ، جێبەجێیان کرد،
ڕەهەندی دەرەکی؛ لێرە تەنها مەبەستمان لە ڕەهەندی هەرێمایەتی نیە بە تەنها، بەڵکە ئەمانەوێ گشت کارەکتەرە دەرەکیەکان باس لێوە بکەین کە چۆن هەر یەکە ڕۆلێکی دیاری کراوی هەبوو. سەبارەت بە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان وەك (عێراق،ئێران،تورکیا و سوریا) ئەوان بە تەواوی هەماهەنگ بوون لەسەر دۆزی کورد و گشتیان لەوەدا کۆکن کە کورد نەتوانێ قەوارەیەکی سەربەخۆی هەبێ و گەر شتێك لەو جۆرە ڕوویدا ، هەروەك ئەوەی لە باشووری نیشتمان دروست کرا، ئەوا هەوڵ بدەن لاوازی بکەن و نەیەڵن هاوشێوەی لە بەشەکانی تردا، دووبارە ببێتەوە. هەر بۆیە ئەوەی لە ڕۆژئاڤا دروست بوو، هەر زوو دژایەتی کرا و دواجار هەڵوەشایەوە و خرایەوە باوەشی دەوڵەتی عەرەبی سووریا.
بەهەمان شێوە ئەو خەونەی لە باکووریش هەبوو تورکیا لە ڕێگای پەکەکە و خودی ئۆچ ئالان توانیان لەباری ببەن و بەناوی برایەتی گەلان و کۆمەڵگای ئینتیگراسیۆنی دیموکراتی هەڵوبوەشێننەوە و پەکی بخەن. ئەمڕۆ لەباکوور چیتر هێزی سەربازی و سیاسی نەماوە بتوانێ داکۆکی لە مافی کورد لەو بەشەدا ، بکات.
لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە ئەمریکا لەهەوڵی ئەوەدا بوو کورد لە باشوور یەك بخات و سوپایەکی نیشتمانی لە جێگای هێزە میلیشیاییەکانی پارتی و یەکێتی بنیات بنێ و لەهەوڵی ئەوەدا بوو کە کورد یەكگرتوو بێ و یەك دەنگ بێ، مەخابن ئەم هەوڵەی ئەمریکا لە پەلو پۆ خراو هەریەك لە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی ئەوەندەی گوێگر و چاو لەمستی ئێران و تورکیادا بوون، ئەوەندە گوێیان بە ئەمریکا و هەوڵەکانیان ، نەدان. هەر بۆیە دوای ئەو هەموو ساڵە ئەمریکا بۆی دەکەوت کە چیتر ناتوانێ کات بە فیڕۆ بدا و پارە و ڕاهێنان و بەرگری لە کورد ، بکات.
پوختە ؛ کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر و جارێکی تر ئەوەی لە باشوور بنیات نرا زیندە بەچاڵ ئەکرێ و کورد لەو بەشەدا گیانی بەرگری و بەرخودان تیایدا لە نزمترین ئاستە و ناتوانێ بۆ یەك ڕۆژیش بەرگری لەخۆی بکات. هەر بۆیە پێوستە لەسەر خەڵکە دڵسۆز و نەتەوە دۆستەکانمان کە لەم کاتەدا نیشتمان بە قەیرانی نەمانی هێزی سیاسیدا تێپەڕ ئەبێ، هێزی نەتەوەیی و نیشتمانی پێك بهێنرێ بۆ ئەوەی لانی کەم چەند هەنگاویك لەو دۆڕاندن و شکستخواردنە هێواش بکرێتەوە و جارێکی تر بتوانرێت کورد شکۆی بۆ بگەڕێتەوە و بکەوێتەوە سەر هێڵە ڕاستەکەی خۆی. ئێستا بۆشایی سیاسی هەیە و نابێ بهێڵدرێ گروپ و بزووتنەوە و پارتە ئیسلامیەکان ببنە دەم ڕاست و ڕیش سپی خەڵکەکە..ئەمان لە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی زیاتر مەترسیدارتن و ئەوەندەی تر داهاتووی گەلەکەمان ئەخەنە مەترسی و نەمانەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست