تائێستا ئاسەوارى شەرى ناوخۆ ماوە... زیاتر لەمانگێكە ئەندامێكى پارتى لاى یەكێتى چارەنوسى نادیارە
10/07/2011, 12:00 (GMT+1)
پێشمەرگەیەكى گوڵانى پارتى دیموكراتى كوردستان بەهۆكارێكى نادیار بۆ زیاتر لەمانگێك دەچێت لە ئاسایشى یەكێتى دەستگیركراوەو پارتیش تائێستا لەدەستگیركردنى ئەو ئەندامەى بێدەنگە.
(ج.م) پێشمەرگەى دێرینى پارتى دیموكراتى كوردستان بێئەوەى هۆكارەكەى دیارى بكرێت ماوەى زیاتر لە مانگێكە لەشارۆچكەى خورماڵ دەستگیركراوە لەسەر داواى بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى هەڵەبجەى شەهید و تا ئێستاش مەهاجەى بۆ نەكراوەتەوەو پارتى دیموكراتى كوردستانیش لەدەستگیركردنى ناوبراو بێدەنگى هەڵبژاردووە داواى ئازادكردنى نەكردووە، ئەم بێدەنگیەى پارتى و ئەوە دەستگیركردنەى یەكێتى كەهۆكارەكەى ئاشكرانەكردووە، ناڕەزاییەتیەكى زۆرى لاى كەس و كارى (ج.م) پێشمەرگەى دێرینى پارتى دیموكراتى كوردستان لە هەورامان و خورماڵ دروستكردووە.
لەو بارەیەوە سەرچاوەیەكى نزیك لەبنەماڵەى (ج.م) پێشمەرگەى دێرینى پارتى رایگەیاند: هەفتەى پێشوو زیاتر لە 100 ریش سپى و پیاو ماقوڵى بنەماڵەكەمان سەردانى حەمەى حەمەسەعید بەرپرسى مەڵبەندى یەكێـتى لەهەڵەبجە و لقى 12 ى پارتى كردووە ، بەڵام ئەوان زۆر خەمساردانە وەڵامى ئەو خەڵكەیان داوەتەوەو ئەمەش ناڕەزاییەكى زۆرى لاى ئەو خەڵكە دروستكردووە ئەگەر لەماوەیەكى نزیكدا (ج.م) ئازادنەكرێت پێدەچێت هەڵوێستى مەدەنى تر بگرینەبەر، بێگومان ئەم هەڵوێستانەى پارتى و یەكێتى لەم سنورەدا دەنگى ئەو حزبانە كەمدەكات لەهەڵبژاردنەكاندا".
ئەو سەرچاوەیە وتیشى:دواى دەستگیركردنەكەى زاوایەكى (ج.م) بۆ وەرگرتنەوەى پێناسەكەى سەردانى ئاسایشى یەكێتى لە هەڵەبجە كردووە ئەویشیان دەستگیركردووە و بەبێ هۆ تائێستا ئازاد نەكراوە، و ئەندامى كۆمەڵى ئیسلامى كوردستانە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























