بەیاننامەی نارەزایی كەمپینی مەخموور
11/09/2011, 12:00 (GMT+1)
جەماوەری تێكۆشەر و نەتەوە پەروەری كوردستان
رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەكگرتوووەكان
سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت و هەرێمی كوردستان
وەك لای هەموان ئاشكرایە، ماوەیەكە رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر بۆردومانی ناوچە سنورییەكانی كوردستان دەكاتو زەرەرو زیانێكی مادییو مرۆیی لێكەوتۆتەوە.
لەكاتێكدا هێرشەكانی رژێمی ئێران بەردەوامە بۆ سەر خاكی باشووری كوردستانی، لەهەمانكاتدا چەند رۆژێكە رژێمی توركیاش بە بڕو بیانووی بوونی هێزی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان قولایی خاكی كوردستان بۆردومان دەكاتو بەم هۆیەوەش سەدان خێزان ئاوارەبوونو چەندین هاوڵاتی مەدەنیش كەتیایاندا ژنو منداڵ هەن شەهیدبوون! ئەمە جگە لەوەی زەرەرو زیانیكی زۆری مادیش بەر جوتیارانو ژینگەی كوردستان كەوتووە.
ئێمە لەكەمپینی داكۆكیكردن لەمافە رەواكانی هاوڵاتیانی مەخموور، بەتوندی ئیدانەی ئەم هێرشانەی هەردوو وڵاتی دیكتاتۆر دەكەینو بەجۆرە پلانێكی دەزانین بۆ لەباربردنی ئەزموونی باشووری كوردستان.
ئەوەی جێگەی نیگەرانی ئێمەیە تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی پێویست كاردانەوەی جدی نەبووە لەئاست ئەم هێرشانە.
بۆیە ئێمە لێرەوە جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە، كە پێویستە هەر سێ سەرۆكایەتی هەرێمو حكومەت پەرلەمانی كوردستان فشارێكی نێودەوڵەتی دروست بكەن بۆ راگرتنی ئەم هێرشە دڕندانەی هەردوو رژێمی ئێران و توركیا.
لەهەمانكاتدا داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین هەرچی زووترە هاوكاری ماددیو مەعنەوی ئاوارەكان بكات بۆ باشتركردنی ژیانیان، هەر لەم سۆنگەیەوە داوا لەسەرجەم چینو توێژەكانی كوردستانیش دەكەین، بەهەموو شێوازێك فشاری مەدەنیو چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام بدەن بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە.
بژی كورد..بژی كوردستان
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی كوردستان
10/9/2011
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان




















