خوا لە دادگەی عەقڵدا
پێش 1h

کریستۆفەر هیچنز (Christopher Hitchens) یەکێکە لە دیارترین نووسەر، ڕۆژنامەنووس، ڕەخنەگر و بیرمەندەکانی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم. ئەو بە بیروڕا بوێر و ڕەخنە تووندەکانی لەسەر ئاین، خوا، سیاسەت و دەسەڵات ناسراو بوو. هیچنز تەنیا نووسەرێک نەبوو بۆچوونی خۆی دەرببڕێت، بەڵکوو داکۆکیکارێکی چالاکی ئازادیی مرۆڤ بوو، هەوڵی دەدا بنەمای داب و نەریت و باوەڕە باوەکان بخاتە ژێر پرسیار و داوای لە هەمووان دەکرد بەبێ ترس لە سزا، نەفرەت، یان بڕیار و حوکمی کۆمەڵگە بیر لەو شتانە بکەنەوە کە پێشتر بە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر و بەڵگەنەویست وەردەگیران.
یەکێک لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی هیچنز ئەوە بوو کە هیچ بیرۆکەیەک نابێت لە ڕەخنەکردن بپارێزرێت، تەنانەت ئەگەر ئەو بیرۆکەیە پیرۆزترین شتیش بێت لەلای ملیۆنان مرۆڤ. لە دیدی ئەودا، هیچ پرسیارێک نابێ بەهۆی ئەوەی پێوەندی بە ئاین یان خواوە هەیە، قەدەغە بکرێت. پێی وابوو مرۆڤ دەبێت بە وێژدان، هزر و هۆش، زانست و بەڵگەوە بڕیار بدات، نەک تەنیا لەبەرئەوەی پێشینەکان و باوکان و باپیرانی باوەڕیان بە شتێک هەبووە.
بۆ ناسینی بیرۆکەکانی هیچنز، پێویستە بزانین کە ئەو هەمیشە جەختی لەسەر ئەم چەند پرسیارە بنەڕەتییانە دەکردوە:
- ئایا بوونی خوا بەڵگەیەکی ڕاست و یەکلاکەرەوەی هەیە؟
- ئایا باوەڕێک بەڵگەی بەهێزی نییە، دەبێت ببێتە ڕێنمایی بۆ ژیانی مرۆڤ؟
- ئایا مرۆڤ بۆ ئەوەی باش و چاکەکار بێت، پێویستی بە ئاینە؟
- ئایا ڕەوشت بەبێ ئاین دەکرێ بوونی هەبێت؟
ئەم پرسیارانە لە چەقی بیرکردنەوە و هۆشی هیچنزدا بوون، ئێستەش و بەبەردەوامی لە فەلسەفە و گفتوگۆی ڕۆشنبیریی هاوچەرخدا گرینگییان هەیە.
- ژیان و سەرەتای گەشەی هزریی هیچنز
کریستۆفەر هیچنز لە 13ی نیسانی 1949 لە شاری پۆرتسمۆسی ئینگلتەرا لەدایک بوو. لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لە بوارەکانی فەلسەفە، سیاسەت و ئابووریدا خوێندوویەتی، پاشان بوو بە ڕۆژنامەنووس و نووسەرێکی ناودار لەسەر کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، بوێرانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ڕەخنەگرانە دەینووسی.
هیچنز لە سەرەتای چالاکییەکانیدا نێزیک بوو لە چەپ و خاوەن بیرۆکە سۆسیالیستییەکان، بەرامبەر بە ڕژێمە ستەمکارەکان و دەسەڵاتی ڕەها و ئەو سیستەمانەی ئازادیی تاکیان سنووردار دەکرد، ڕەخنەی دەگرت. لەڕاستیدا ئەوەی وای کرد ناوی هیچنز لە جیهاندا زۆر بڵاو ببێتەوە، تەنیا ڕەخنە سیاسییەکانی نەبوو، بەڵکووو ڕەخنە تووندەکانی لە ئاین و باوەڕهێنان بە خوا بوون. لە گەلەک دیبەیت و کۆڕ و کۆبوونەوە بەشداری دەکرد و ژمارەیەکی زۆر ڤیدیۆی هەیە لە دەزگەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەهرەمەندێکی زۆر زیرەک و بەتوانا بوو لە گفتوگۆ دەربارەی گشت ئەو بابەتانە.
- هیچنز و پرسیاری بوونی خوا
هیچنز بە ئاشکرا خۆی بە بێباوەڕ بە خوا دەزانی، یەکێک لە سەرەکیترین بابەتەکانی بیرکردنەوەی پرسیاری هەبوونی خوا بوو. بەڵگەکانی باوەڕداران بۆ بوونی خوایەکی زانا، هەمووتوان و چاکەخواز دەدایە بەر ڕێژنەی ڕەخنە، پێی وابوو تا ئەو دەمەی بەڵگەیەکی پتەو و یەکلاکەرەوە بەدەست نەیێت، مرۆڤ نابێ تەنیا بەهۆی گوتەی پێشینان و پەروەردەوە باوەڕێک بە ڕاست دابنێت.
لە ڕوانگەی هیچنزدا، جیاوازییەکی گرینگ هەیە لە نێوان دوو بانگەشەدا:
یەکەم، کاتێک کەسێک بڵێت من نازانم خوا، یان دروستکەرێک هەیە یان نا.
دووەم، ئەو کەسەی بانگەشە بکات خوایەک بوونی هەیە و ئەو خوایەش پێناسە و کۆمەڵێک تایبەتمەندی دیاریکراوی هەبێت.
لێرەدا هیچنز کێشە و گرفتی لەگەڵ بانگەشەی دووەم هەبوو و داوای بەڵگەی دەکرد.
بەو شێوەیە بیری دەکردەوە کە نەبوونی بەڵگەی بەهێز بۆ بانگەشەیەک، هۆکارێکی گونجاوە بۆ ئەوەی مرۆڤ بێباوەڕ بێت. باوەڕی وابوو ئەگەر مرۆڤ داوا لە زانست و هزر و هۆشی بکات بۆ سەلماندنی هەموو ئەو بانگەشانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا دێنە پێشمان، پێویستە هەمان شێوازی ڕەخنە لە بابەتگەلە ئاینییەکانیشدا بەکار بهێنێت.
- باوەڕهێنان، یان ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر؟
هیچنز لەو بیرمەندانە بوو ڕەخنەی توندیان لە دامەزراوە ئاینییەکان و بانگەشەکانی ئاین دەگرت، بە ڕای ئەو ئاین لەبری ئەوەی مرۆڤ هان بدات بە ئازادی بیر بکاتەوە، سنوور و هێڵی سوور بۆ پرسیارکردن و بیرکردنەوە دادەنێت.
دژی ئەوە بوو کە لە کۆمەڵگەکانی جیهاندا زۆر جار منداڵان پێش ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ بیر بکەنەوە، بە باوەڕ و پێداویستییە ئاینییەکانی خێزان و کۆمەڵگەکەیان ئاشنا دەکرێن، پاشان ئەو باوەڕانە دەبنە بەشێک لە ناسنامەیان و پرسیارکردن لێیان دەکرێتە شتێکی ناپەسەند و مەترسیدار. کێشەی لەوە دەبینی باوەڕێک لە ڕێی پەروەردە و نەریتەوە بگوازرێتەوە، بەبێ ئەوەی تاک دەرفەتی ڕەخنەگرتن و هەڵسەنگاندنی هەبێت.
هانی مرۆڤی دەدا ئەم پرسیارە لە خۆی بکات: "ئەگەر من لە خێزانێکی دیکە و لە کۆمەڵگەیەکی دی لەدایک بوومایە، ئایا هەر هەمان باوەڕم دەبوو؟" ئەم پرسیارە یاریدەرە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە جوگرافیا و چۆن شوێنی لەدایکبوون و پەروەردە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر بیروباوەڕی مرۆڤ هەبێت.
ڕەخنەی هیچنز لە خوا و پرسی خراپەکاری
یەکێک لە کۆنترین پرسیارەکانی فەلسەفەی ئاین ئەوەیە: ئەگەر خوایەک هەبێت گشت شتێک بزانێت، هەمووتوان و خاوەنی دەسەڵاتی ڕەها و چاکەخواز بێت، بۆچی خراپە و ئازار لە جیهاندا هەن؟
ئەم پرسیارە بە «دژکاری، یاخۆ پارادۆکسی خراپەکاری» ناسراوە و لە ناو مشتومڕە فەلسەفییەکانی سەبارەت بە بوونی خوادا شوێنێکی گرینگی هەیە.
هیچنز ئەم کێشەیەی بە شێوەیەکی توند دەخستە ڕوو، ئاماژەی بە نەخۆشییە ترسناکەکان، بەتایبەتیش منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە، کارەساتە سروشتییەکان، برسێتی و ئازاری بێتاوانان دەکرد، دەیپرسی ئەگەر خوایەکی توانادار و چاکەخواز بوونی هەیە، بۆچی ڕێ بە ڕوودانی ئەم هەموو ئازارە دەدات؟
لە ڕوانگەی ئەو، بانگەشەی بوونی خوایەکی چاکەخواز دەبێت بتوانێ لەگەڵ ئەم ڕاستییانەی ژیاندا ڕووبەڕوو ببێتەوە، تەنیا گوتنی ئەوەی "ئێمە نازانین و هەموو شتێک حیکمەتێکی تێدایە» بە بێ ڕوونکردنەوە وەڵامێکی تەواو نییە.
لە بەرامبەردا، هەندێک لە فەیلەسووف و باوەڕداران وەڵامی جیاواز بۆ ئەم دژکارییە پێشکێش دەکەن، بۆ نموونە، ویستی ئازاد، سنووری تێگەیشتنی مرۆڤ، یان ئەوەی ئازار هەندێک جار بەشداری لە گەشەی ئەخلاقیدا دەکات. بەڵام هیچنز هەرگیز ئەم جۆرە وەڵامانەی بە پێی قەبارەی ئازاری مرۆڤ بە ڕاست نەدەزانی.
ئایا مرۆڤ بەبێ ئاین دەتوانێ خاوەن ڕەوشت بێت؟
یەکێک لە ڕەخنە گرینگەکانی هیچنز ئەو بۆچوونە بوو کە مرۆڤی بێباوەڕ بە خوا ناتوانێت بەڕەوشت بێت، پێی وابوو مرۆڤ دەتوانێ بە پشتبەستن بە هاوسۆزی، ویژدان، ئەزموونی ژیان، بڕیار لەسەر چاکە و خراپە بدات.
بە ڕای ئەو، بۆ ئەوەی مرۆڤ لە خراپەکاری دوور بکەوێتەوە، پێویست ناکات تەنیا لە سزا و دۆزەخ بترسێت، یان چاوەڕوانی پاداشتێکی ئاسمانی بێت. دەکرێ مرۆڤ یارمەتیی کەسانی دیکە بدات، هەست بە ئازاریان بکات، دادپەروەر بێت لەبەرئەوەی تێ دەگات نادادپەروەری چۆن کۆمەڵگە و ژیانی خەڵک وێران دەکات، هەروەها ڕاستگۆ بێت چونکە متمانە بنەمای پێوەندییەکی ڕاست و تەندروستە.
بەم شێوەیە، هیچنز پرسیارێکی گرینگی دەخستە ڕوو: ئەگەر کەسێک تەنیا لەبەر ترسی سزا کارێکی چاک بکات، ئایا ئەو کردارە بەڕاستی نیشانەی بەرزڕەوشتی ئەو کەسەیە، یان ترس لە سزا هۆکاری سەرەکییە؟
لەمەشدا هیچنز دەی گوت پێویستە ڕاستگۆ بین، ئاشکرایە تێکڕای باوەڕداران لە ترسی سزا ڕەفتار ناکەن، ژمارەیەکی زۆریان بە ڕاستی بە هاوسۆزی و بەرپرسیارییەتی ئەخلاقییەوە هەڵسوکەوت دەکەن، هاوکات بێباوەڕبوونیش بە خوا ئەخلاقیبوونی کەسێک ناگەینێت.
خاڵی سەرەکیی هیچنز بەرانبەر بەو بابەتە ئەوە بوو، ڕەوشتی مرۆڤ نابێت تەنیا بە باوەڕی ئاینییەوە پێوانە بکرێت، بەڵکوو دەبێ کردار و هۆکارەکانی ڕەفتاری ئەو مرۆڤەش هەڵ بسەنگێندرێن.
زانست، عەقڵ و بیرکردنەوەی سەربەخۆ
بە تێگەیشتنی هیچنز مرۆڤ گەرەکە فێر بێت جیاوازی لە نێوان باوەڕ و بەڵگەدا بکات و لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ زانیارییە نوێیەکاندا، ئامادە بێ بۆ پێداچوونەوە بە بیروڕا و بۆچوونەکانی خۆی. لای ئەو، زانست ئامرازێکە بۆ تاقیکردنەوەی بانگەشەکان، پشکنینی بەڵگەکان و چاککردنی تێگەیشتنمان لە جیهان، ئەگەر زانیارییەکی نوێ هەڵەی بۆچوونێکی پێشوومان دەربخات، دەبێت هێندە بیر کراوە بین بۆ گۆڕینی بۆچوونەکەمان.
لە ڕوانگەی ئەوەوە، یەکێک لە کێشەکانی باوەڕهێنانی ڕەها ئەوەیە کە هەندێک جار بە شێوەیەک دەخرێتە ڕوو گوایە هیچ بەڵگەیەک پێی ناکرێ بیگۆڕێت. ئەگەر هیچ ڕووداوێک و هیچ بەڵگەیەک نەتوانێ بانگەشەیەک بگۆڕێت، ئەوا پرسیار دروست دەبێت کە چۆن دەتوانین ئەو بانگەشەیە تاقی بکەینەوە بۆ زانینی ڕاستبوونی؟
لێرەدا ناشبێت زانست و فەلسەفە بە یەک شت دابنێین، لەبەرئەوەی زانست پتر لەسەر لێکۆڵینەوەی ڕووداوە سروشتییە بەرئەزموونەکان کار دەکات، لە کاتێکدا دەکرێ فەلسەفە پرسیاری لۆژیکی لە بابەتگەلە میتافیزیکییەکانیش بخاتە ڕوو.
ئازادیی ڕادەربڕین و مافی پرسیارکردن
هیچنز بەرگریکارێکی بەناوبانگی ئازادیی ڕادەربڕین بوو، لەو باوەرەدا بوو کۆمەڵگەیەکی کراوە دەبێت ڕێگە بە پرسیارکردن، ناکۆکی و ڕەخنە بدات، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕەخنەیە بۆ هەندێک کەس ناخۆشیش بێت. ئەم بۆچوونە لە ڕەخنە ئاینییەکانیشدا ڕەنگی دەدایەوە، دژی ئەوە بوو بەهۆی پیرۆزیی باوەڕێک، کەسانێک بێدەنگ بکرێن، یان ڕەخنەگرتن لەو باوەڕە بە تاوان دابنرێت.
بە بۆچوونی ئەو، ئەگەر بیرۆکەیەک بەهێز و بەڵگەدار بێت، دەبێ بتوانێت لە گفتوگۆ و ڕەخنەدا خۆی بپارێزێت، ئەگەر گشت ڕەخنەیەک بە قەدەغەکردن و هەڕەشە وەڵام بدرێتەوە، ئەوا دەسەڵات جێی بەڵگە و لۆژیک دەگرێتەوە.
هیچنز تەنیا لە دژی باوەڕە ئاینییەکان نەدەوەستایەوە، ئەو لەسەر سیاسەت، جەنگ، دەسەڵات و سەرۆکەکان و کەسایەتییە ناسراوەکانیش بۆچوونی توندی دەردەبڕی، گەلەک جار بەهۆی ڕوونی و گوتە بوێرانەکانی، لەلایەن لایەنگرانییەوە وەک ڕۆشنبیرێکی سەربەخۆ و چاونەترس سەیر دەکرا، لەلایەن ڕەخنەگرانییەوەش بە کەسێکی توندوتیژ لە گفتوگۆ و زێدەڕۆیی لە ڕەخنەگرتن دادەنرا.
هەندێک لە ڕەخنەکانی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە تایبەتی لە هەڵوێستەکانی سەبارەت بە جەنگی عێراق، ناکۆکیی لێ کەوتەوە، پشتیوانییەکەشی لە هێرشکردن بۆ سەر ڕژێمی سەددام حوسێن کرد، هەڵوێستێک بوو لەلایەن زۆر کەسەوە ڕەخنەی لێ گیرا.
هیچنز و مافی ڕەوای کورد
کریستۆفەر هیچنز لە چاوپێکەوتنێکدا، ئاڵای کوردستانی لەسەر جلەکەی بوو و کوردی بە گەورەترین نەتەوە پێناسە کرد کە بەداخەوە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان نییە، گوتیشی ئاڵاکەی لەبەر ئەوە هەڵ گرتووە کە هاوپەیمانی و پشتیوانیی خۆی بۆ کوردەکان و سەربەخۆبوون و خۆبەڕێوەبردنیان دەردەبڕێت.
هیچنز دەربارەی کوردەکانی باشوور و مافەکانیان، بەتایبەتی لە سەردەمی سەددام حوسێن هەڵوێستی تووندی هەبووە، لەبارەی تاوانەکانی ئەو ڕژێمە دژی کورد و کارەساتی ئەنفال نووسیویەتی، چەند جار باس لە هەوڵی ڕژێمەکەی کردووە بۆ لەناوبردنی کورد وەک گەلێک، وەک یەکێک لە تاوانە گەورەکانی سەدەی بیستەم ناساندوویەتی.
لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی 2007دا، کوردستانی بە کۆمەڵگەیەکی کراوە و سەرکەوتنێکی گرنگ لە عێراقی دوای سەددام پێناسە کرد، هیوای دەربڕی کە خۆبەڕێوەبردنی کوردستان بتوانێت ببێتە هۆی سەرکەوتن و بزوتنەوەی زیاتر بۆ ئازادی لە ناوچەکەدا، داواشی لە ئەمریکا کرد لە یارمەتی و پاڵپشتکردنی کوردەکان پاشگەز نەبێتەوە.
هیچنز و هەندێک لە کتێبەکانی
- خوا گەورە نییە (God Is Not Great) 2007
کتێبە فرە بەناوبانگەکەیەتی تێیدا ڕەخنەی تووند لە ئاین، دامەزراوە ئاینییەکان و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانیان دەگرێت.
- نامەکان بۆ گەنجێکی دژەباو (Letters to a Young Contrarian) 2001
کتێبێک لەسەر بیرکردنەوەی سەربەخۆ، ڕەتکردنەوەی فشاری کۆمەڵگە و بوێری لە دژی باوەڕ و بیرۆکە باوەکان.
- هیتچ-22 (Hitch-22)، یاخۆ گیرۆدەیییەکانی ژیان 2010
ژیاننامەیەکی هزری و سیاسییە تێیدا باس لە ژیان، ئەزموون، پێوەندییەکان و گۆڕانکارییەکانی بیرکردنەوەی خۆی دەکات.
- پێگەی بانگخوازی: دایکە ترێزا لە تیۆری و پڕاکتیکدا (The Missionary Position: Mother Teresa in Theory and Practice) 1995
کتێبێکی ڕەخنەیییە لە دایکە ترێزا و شێوازی کار و وێنەی گشتیی چالاکییە خێرخوازییەکانی.
کتێبی "خوا گەورە نییە"
گرینگترین و ناسراوترین بەرهەمەکانی هیچنز ئەو کتێبەی بوو بە ناوی "خوا گەورە نییە: چۆن ئاین هەموو شتێک ژاراوی دەکات" (God Is Not Great: How Religion Poisons Everything).
لەو کتێبەدا، هیچنز هەوڵ دەدات بە پشت بەستن بە مێژوو، نموونە و لێکدانەوەی ڕەخنەگرانە ڕوون بکاتەوە کە ئاین لە زۆر باردا بەشداری بنەڕەتی لە دروستکردنی توندوتیژی، جیاکاری و قووڵکردنەوەی جیاوازییەکان، ترس و سنووردارکردنی ئازادیی مرۆڤدا کردووە.
هیچنز بە ئاماژەدان بە شەڕە ئاینییەکان، جەنگەکانی ناو کۆمەڵگە و پێوەندیی نێوان دەسەڵاتی ئاینی و سیاسی، ئەو بانگەشەیەی ڕەت دەکردەوە کە ئاین هەمیشە سەرچاوەی ئاشتی و بەرزڕەوشتییە.
بە بۆچوونی ئەو، کاتێک گرووپێک باوەڕی وابێت هەموو ڕەفتارەکانی لەلایەن خواوە بۆی دیار کراوە، ئاینەکەشی تاکە ئاینی ڕاستەقینەی خوایە، ئەگەری زۆرە هەر ڕەخنەیەک لە خۆی بە هەڕەشەیەک بزانێت لەسەر ئاینەکەی و کوشت و بڕ و ڕەفتاری توندوتیژانە بە پاساوی پاراستنی پیرۆزییەکان ڕەوا ببینێت.
هەردەم هیچنز داکۆکی لە کۆمەڵگەی عەلمانی دەکرد و ڕەخنەی لە دەوڵەتە ئاینییەکان و ئەو سیستەمانە دەگرت کە بە ناوی خواوە بڕیار لەسەر ژیانی تایبەتی مرۆڤ دەدەن، بۆیە وای دەبینی ئەو دەمەی یاسا و ڕێسایەک بەهۆی فەرمانی خواییەوە ڕەوایەتی پێ بدرێت، ڕەخنەگرتن لێی زۆر قورس دەبێت، ئەمەشیان هاوشێوەی خاڵی پێشوو ڕەخنە لەو یاسایانە گەلەک جار وەک ڕەخنە لە خوا لێک بدرێتەوە. ئەمە بۆ ئەو گرینگ بوو، چونکە پێی وابوو یاسا و بڕیارەکانی کۆمەڵگە دەبێت بتوانرێت بە بەڵگە، گفتوگۆ و بنەماکانی مافی مرۆڤ بخرێنە ڕوو، نەک تەنیا بە بانگەشەی ئەوەی لە سەرچاوەیەکی پیرۆزەوە هاتوون.
چەند گوتەیەکی بەناوبانگی هیچنز
- ئەوەی بەبێ بەڵگە بانگەشەی بۆ بکرێت، دەتوانرێت بەبێ بەڵگەش ڕەت بکرێتەوە.
- مرۆڤ خوای دروست کردووە، نەک بە پێچەوانەوە.
- باوەڕهێنان جێگرەوەی بەڵگە نییە، بە دەربڕینێکی دیکە، ئایا شتێک ڕاستە چونکە باوەڕمان پێیە، یان دەبێت باوەڕمان پێی هەبێت چونکە بەڵگەمان بۆی هەیە؟
- بیرۆکەی بێباوەڕیی ئەوەیە: زۆر جار، ناڵێین خوا بوونی نییە، بەڵکوو دەکرێ بڵێین هیچ هۆیەک نییە تا باوەڕ بە بوونی خوایەک بکەین.
- خۆت لە بیرۆکەی دیکتاتۆریی ئاسمانی ڕزگار بکە، ئەوە یەکەم هەنگاوە بەرەو ئازادی.
- ئاین واتە تۆ بانگەشە دەکەیت کە دەزانیت خودا چی لە هۆشی دایە هەیە و چی دەوێت.
- ئاین لە قۆناغی ساوایی ترساوی مرۆڤایەتیدا سەری هەڵداوە.
- میهرەبان بە لەبەرئەوەی مرۆڤ شایەنی میهرەبانییە، نەک لەبەر ترس لە سزا.
- مەهێڵە ترس لە مردن شێوازی ژیانت دیار بکات.
کۆتایی ژیان و میراتە هزرییەکانی هیچنز
کریستۆفەر هیچنز لەدوا ساڵەکانی ژیانیدا تووشی شێرپەنجەی سورێنچک بوو (یەکجار زۆر جگەرەی دەکێشا)، بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە لە 15ی کانوونی یەکەمی 2011 لە هیوستنی ئەمریکا لە تەمەنی 62 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
لە کۆتاییدا دیسانەوە دەیڵێینەوە کە کریستۆفەر هیچنزی بوێر و ڕەخنەگری بەتوانا بە بەرهەمەکانی و کاریگەرییە هزرییەکانی، ئێستەش لە نێو گفتوگۆکانی سەبارەت بە ئاین، بێباوەڕی، ئازادی ڕادەربڕین و سیاسەتدا بەردەوامن. ژیان و بیروباوەڕی ئەو مەزنە بانگهێشتێکن بۆ بیرکردنەوەی سەربەخۆ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پرسیارە سەخت و ئاڵۆزەکان. پێداگری دەکرد لەوەی کە مرۆڤ نابێت تەنیا بەهۆی ترس لە سزا، یاخۆ چاوەڕوانی پاداشت باوەڕێک پەسند بکات، بەڵکوو بپرسێ: بەڵگەکان چین؟ ئایا ئەم بانگەشەیە لەگەڵ عەقڵ و ئەزمووندا دەگونجێت؟ ئایا ئەم بیرۆکەیە ئازادی و مافی مرۆڤ دەپارێزێت، یان دەبێتە هۆی سنووردارکردنیان؟
سەرچاوەکان؛
1. Hitchens, Christopher. God Is Not Great: How Religion Poisons Everything. Twelve, 2007.
2. Hitchens, Christopher. Letters to a Young Contrarian. Basic Books, 2001.
3. Hitchens, Christopher. Hitch-22: A Memoir. Twelve, 2010.
4. Penguin Random House. “Christopher Hitchens.”
.5Hitch-22 : a memoir : Hitchens, Christopher
.6 https://www.abc.net.au/listen/programs/backgroundbriefing/christopher-hitchens/3125066?utm_source=chatgpt.com
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان


