تێڕوانینێک بۆ ناسراوترین بەڵگەکانی بوونی خوا (بەشی چوارەم)
29/08/2026, 2:02 (GMT+1)

ناتواندرێت نەبوونی خوا بسەلمێندرێت، کەواتە بوونی هەیە
باوەڕداران کاتێک ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبنەوە و ناتوانن وەڵام بدەنەوە، هەندێکیان بۆ خۆدزینەوە لە گفتوگۆ هەوڵ دەدەن ئاراستەی بابەتەکان بەرەو لایەکی دیکە ببەن و سەختی سەلماندنی خواکەیان هەڵ بگێڕنەوە بۆ کەسی بەرانبەریان. هەرچەندە دەکرێ ئەم ڕەفتارە بە زیرەکی دابندرێت، بەڵام دەروازەیەک دەکاتەوە بۆ بەلاڕێبردن و بنبەستبوونی تەواوی پرسەکان. ئەمە ڕێکارێکی لۆژیکی نییە بۆ زانینی ڕاستییەکان، لەبەرئەوەی وامان لێ دەکات باوەڕ بە بوونی هەموو شتێک بکەین، بەوانەشی کە هەرگیز بیرمان لێیان نەکردووەتەوە تا ئەو دەمەی دەسەلمێندرێن.
ئەگەر پێوەری ڕاستبوونی شتێک تەنیا ئەوەندە بێت کە هیچ بەڵگەیەک نییە هەبوونەکەی پووچەڵ بکاتەوە، ئەوا بێگومان ژمارەیەکی بێکۆتا شتی گریمانەکی هەن دەبنە ڕاستی و دەبێ باوەڕ بە بوونیان بکەین.
هەر ئەمەشە هۆکاری ئەوەی گەلەک لە بێباوەڕە ناودارەکان بۆ گاڵتەکردن بەو نالۆژیکییە، کۆمەڵێک بیرۆکە و گریمانەی سەیروسەمەرە دەخەنە ڕوو، لەوانەش:
- ئەژدیهای مەعکەرۆنی باڵدار (Flying Spaghetti Monster)، ئەوەی زەوی دروست کردووە بە کلکەکەی کە لە مەعکەرۆنی پێک هاتووە (بۆبی هێندرسن - Bobby Henderson).
- کەرکەدەنە پەمبەیییە شاراوەکە (Invisible Pink Unicorn)، بەگوێرەی لۆژیکی باوەڕداران، کەرکەدەنەکە لەگەڵ ئێمەدا دەژیت بەڵام شاراوەیە و ناتوانین بیبینین، هەر دەشبێت باوەڕت بەوە هەبێت کە ڕەنگی پەمبەیییە (ئێدوین کێیگن - Edwin F. Kagin).
- ئەژدیهایە ئاگرپژێنەکەی گەراجی ماڵەوەم (The Dragon in My Garage)، ئەزموونێکی ئەندێشەیییە لەلایەن زانای فیزیک و ئەستێرەناسی بەناوبانگ کارل سێیگن (Carl Sagan)، دەربارەی ئەژدیهایەکی نەبیندراو، لە هەوادایە، بێ دەنگە و هیچ گەرمییەکیشی لێوە دەرناچێت، واتە گشت جۆرە هەوڵێک بۆ دۆزینەوە و هەستپێکردنی سوودی نابێت.
- کترییە چایەکەی ڕەسل (Russell's teapot)، بیرۆکەی فەیلەسووف و زانای ماتماتیک برتراند ڕەسلە (Bertrand Russell)، ئەمەشیان کترییەکی چایە لە دەوری خۆر، کێ دەتوانێت بسەلمێنێت بە دەوری خۆر ناسووڕێتەوە؟
ئاشکرایە تێکڕای ئەم نموونانە بە مەبەستی گاڵتەجاڕی داهێنراون، بێگومان ڕەسل باوەڕ بەوە ناکات کترییەکی چای لە دەوری خۆردا هەبێت، بەڵام دیسانەوە بە هیچ ڕێیەک ناسەلمێندرێت ئەم بانگەشەیە ڕاست نییە، ئەمەش بێمانایی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەمان نیشان دەدات.
ئەژدیهاکەی کارل سێیگن و بەڵگەیەکی ساختە
لێرەدا پێمان باشە نموونەکەی کارل سێیگن وەربگرین، بۆ تێگەیشتنێکی چاکتر لە بێکەڵک بوونی ئەو شێوازە لە سەلماندن و ڕاڤەکردنی ڕاستییەکان.
ئەوەی ئاینداران بەکاری دەهێنن بانگەشەیەکی بێ بەڵگەیە، بەوەی چەند تایبەتمەندییەک دەدەن بە خواکەیان، هیچ یەکێکیان بەرئەزموون نین و ناتوانین لێیان بکۆڵینەوە. ئەمەش بەهەڵەبردنێکی لۆژیکیی ناسراوە پێی دەگوترێت بەهەڵەبردنی تایبەت، یاخۆ ڕزگارکردنی تایبەت (Ad-hoc fallacy)، بەوەی کەسەکە کۆمەڵە بیانوویەکی نوێی بێ بەڵگە دەخاتە بەردەست بۆ بەرگریکردن لە بەهەڵەخستنەوەی بابەتە سەرەکییەکەی.
بەم چەند دێڕەی زانا کارل سێیگن پرسەکە ڕوون دەکەینەوە؛
یەکەم: لە گەراجەکەی ماڵەوەمدا ئەژدیهایەکی ئاگرپژێن هەیە.
دووەم: بەڕاست؟ دە باشە بابچین سەیرێکی بکەین پێ دەچێت شتێکی سەرنجڕاکێش بێت.
پێکەوە دەچنە گەراجەکە و دەرگاکەی دەکەنەوە، بەڵام هیچی تێدا نادۆزنەوە.
دووەم: من هیچ نابینم، کوا ئەژدیهاکە؟
یەکەم: ئەو ئەژدیهایەکی شاراوەیە و کەس ناتوانێت بیبینێت.
دووەم: (پاش بیرکردنەوە) کەواتە با ئەو ناوە بۆیەپۆش بکەین، بەڵکو کاتێک ئەژدیهاکە بەسەری تێدەپەڕێ، شوێنەوارێک بەجێ بهێڵێت.
یەکەم: بەڵام ئەژدیهایەکە باڵدارە و دەفڕێ و بەر زەوی ناکەوێت.
دووەم: (پاش بیرکردنەوە) کەواتە با هەندێک ئارد بە هەوادا بڵاو بکەینەوە، بەمەش لەکاتی فڕینیدا ئارداوی دەبێت، دەتوانین بیبینین.
یەکەم: بەڵام ئەژدیهایەکە ناماددەیییە و ئارداوی نابێت.
لێرەدا دووەمەکە دۆش دادەمێنێ و دەپرسێت: ئەی باشە بۆچی منت بۆ ئێرە هێنا تا ئەژدیهاکە ببینم؟ پاشان چی وات لێ دەکات بە ڕووبەڕووبوونەوە ڕازی بیت، لە کاتێکدا من وەڵامی هەر یەکێک لە بانگەشەکانت دەدەمەوە، تۆ دێی پێناسەی دیکە بە پرسەکە دەدەیت کە ئەوانیش هەریەکەیان پێویستیان بە بەڵگەی سەربەخۆیە، بەم لۆژیکەی تۆ بێت من چۆن دەتوانم باوەڕ بە بوونی ئەژدیهایەکەت بهێنم؟
کاتێک ئەم بەهەڵەبردنە لەسەر باوەڕهێنان بە خوا پێڕەو دەکەین، دەبینین چەندان پێناسەی ئاڵۆز و نادیاری پێ دەدرێت وەک، خوا پێوانە ناکرێت و وەک هیچ شتێک نییە لەو سروشتەماندا، ئێمەی مرۆڤ ناتوانین لە گەوهەری خوا تێ بگەین، لە دەرەوەی کات و شوێنە. هەموو ئەوانە خوا دەکەنە بابەتێکی یەکجار ئاڵۆز و نامۆ کە ئەستەم بێت بکارین بیرۆکەی بوونی بەهەڵە بخەینەوە. کەواتە دەکرێ بڵێین، ئەگەر خوا وەک هیچ شتێک نەبێت لەم گەردوونەدا هەیە و تاکە پێناسەیەکی ڕاستەوخۆشی بۆ نەکرێت، چۆن و لەبەرچی باوەڕمان بە بوونی هەبێ؟
بێباوەڕی یەک پێناسەی نییە
ئەو دەمەی ئایندارێک لە کاتی گفتوگۆدا لەگەڵ بێباوەڕێک داوای سەلماندنی نەبوونی خوای لێ دەکات، لەبەرئەوەیە پێی وایە بێباوەڕان هەموویان وەک یەکن لە بیروباوەڕیاندا. بەڵام لەڕاستیدا ژمارەیەکی کەمیان بە متمانەیەکی زۆرەوە بڕیار لەسەر نەبوونی خوا دەدەن، ئەوانەی دی زۆربەیان بێباوەڕی نازانمکار، یان نەزانینخوازن (Agnosticismus)، واتە بەڕەهایی ناڵێن هیچ خوایەک ناشێ بوونی هەبێت، دەڵێن نازانین و پێویستمان بە بەڵگەیە.
بۆ ئاشنابوونێکی باشتر بە زاراوەکان زۆر بەکورتی، بێئاینی پێناسەیەکی گشتییە و گەلەک لک و بەشی جیاجیای هەیە، ناسراوترینیان بێخواکان و نازانمکارەکانن. بێخواکان بەتەواوی دژکاری بیرۆکەی بوونی ئەوانەن پێیان دەگوترێت: خوا، هێزێکی داهێنەر، بوونەوەرێکی ئەودیوسروشت، یان هەر ناوێکی دیکەیان لێ بنێین. نازانمکارییەتیش ڕێبازێکی هزرییە دەبێژێت، ڕاستی بیروڕا ئاینی و بوونی شتە سروشتبەدەرەکان بابەتگەلێکی شاراوە و نەدیارن. بوون و نەبوونی خوا لای ئەوانە، کێشەیەکی ئاڵۆز و دژوارە و کەس پێی ناکرێ ڕاڤەیان بکات، بەو واتایە نازانمکارییەتی پێی وایە هیچ بەڵگەیەک نییە، بۆ سەلماندنی بوونی خوا، بۆیە ناسینی خوا و گەیشتن بە باوەڕداری لەو هەلومەرجەی مرۆڤی تێدایە، کارێکی ئەستەمە. جیاوازیان لەگەڵ بێخوایەتییدا ئەوەیە، ئەمانە دوو بژاردەیان لەبەردەستە (بوون و نەبوون)، ناشتوانن هیچ کامەیەکیان هەڵبژێرن.
بۆ زانیاری پتر لەبارەی بێباوەڕی و نازانمکاریی بڕوانە: AtheismVsAgnosticism.com
کەس نییە بەلایەنی کەمەوە بێباوەڕ نەبێت بە هەندێ لە خواکان، بەدرێژایی مێژووی خواناسی بە هەزاران خوا ناسراون، زۆربەی ئایندارانیش کێشەیان نییە لەسەر باوەڕنەبوون بە خوای بۆ نموونە زیۆس، تۆر و ئەنوبیس. جووەکان و موسڵمانان گرفت نابینن لە نەبووکردنی خوایەتی عیسا و هەموو خواکانی دیکەی بێجگە لە خواکەی خۆیان.
ئایندار داوای بەڵگەی یەکلاکەرەوە دەکات بۆ سەلماندنی نەبوونی خواکەی، کەچی خۆی بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەت ناداتێ لەسەر ڕاستبوونی باوەڕەکەی. هەرچۆنێک بێت پێویستە هەمیشە پرسیار بکەین و بەرەو ئەو ئاراستەیە بچین کە بەڵگەکان نیشانمان دەدەن، نەک بەڵگەکانمان ببەین بۆ ئەو شوێنانەی بۆمان گونجاوە و خۆمان دەمانەوێت. لەڕێی گومانکردن لە گشت شتێک، دەبێ هەوڵیش بدەین بۆ بەدەستهێنانی بەڵگە، لەبەری ئەوەی تەنیا ئەو بەڵگانە بسەپێنین لەگەڵ باوەڕ و ئاینەکەی خۆماندا یەک دەگرنەوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان



