لە مردن مەترسە ... ڕیچارد دۆکینز
25/09/2026, 22:21 (GMT+1)

کاتێک دەمریت هیچ کارەساتێکی گەورە ڕوو نادات، نە بریسکایی و ڕۆشنایی نە فریشتە و نە لێپرسینەوە، بۆ تۆ دەبێتە ئەو شتەی پێش بوونت هەبوو: نەبوونایەتی.
تەواو لەگەڵ ماڕک توین هاوڕام کە گاڵتە بە بوونی ترس لە مردن دەکات و دەڵێت: "من لە مردن ناترسم، لەبەرئەوەی ملیاران ملیار ساڵ مردبووم پێش لەدایکبوونم، هیچ کێشە و گرفتێکیشم نەبوو".
لەشت، ئەو کۆمپیوتەرە بایۆلۆژییە یەکجار ئاڵۆزە لە کارکردن دەوەستێت و کارەبای لێ دەبڕدرێت، بیرەوەریت، کەسایەتی و منایەتیت تەنیا کارنامە و پڕۆگرامێک بوون لەو کۆمپیوتەرە، پڕۆگرامیش ون دەبێ و نامێنێت ئەو دەمەی هارد دیسکەکەی یاخۆ لەشەکەی تێک دەشکێت.
ئەو گەردیلانەی چاوەکانتی لێ پێک هاتووە دەگەڕێنەوە ناو خۆڵ، ناو ئاو و بەرد و دار، ناو بەکتریایەک، ناو لەشی کەسێکی دیکە پاش ملیارێک ساڵ، گەردیلەکان تۆ خاوەنیان نیت، بەڵکوو بۆ کاتێکی دیارکراو خواستووتە و قەرزت کردوون لە گەردوون.
باشە مردن شتێکی ناخۆش و شایەنی ئازار و خەم نییە؟ نەخێر، بەپێچەوانەوە شتێکی جوان و نایابە، گەردیلەکان لەناو ناخی ئەستێرەیەکی تەقیووی فرە مەزن هاتوونەتە بوون پێش پتر لە 13 ملیار ساڵ، ئەو گەردیلانەی بۆ چەند چرکەیەک پێکەوە کۆ بوونەوە بۆ نووسینەوەی هۆنراوەیەک، بۆ بوونەوەرێک خۆشەویستی بکات، پێبکەنێت و بگریێت، شیرینی و ترشی بچێژێت، بپرسێت: من بۆ لێرەم؟ پاشان بە مردن گەردیلەکان جارێکی دیکە لێک دەترازێن و پەرت و بڵاو دەبنەوە.
هەلی هەبوونی هەر یەکێکمان یەکجار کەمە، لەگەڵ ئەوەش هەموومان ڕۆژێک دادێت دەمرین، ئەمەشە دەمان کاتە لەوانەی بەختیان هەبووە، زۆر لە مرۆکان هەرگیز نامرن لەبەرئەوەی هەر لەدایک نەبوونە، ژمارەی ئەو کەسانەی دەکرا لە شوێنی من بن، ئەوانەی ڕووناکی نابینن، لە ژمارەی دەنکە لمەکانی گەورەترین بیابان پترن. بێگومان تارمایی ئەوانەی لەدایک نەبوونە شاعیری لە کیتس مەزنتر و زانای لە نیوتن زیرەکتریان تێدا دەبوو. ئەمە دەزانین بەهۆی ئەوەی کۆی کەسەکانی ترشە ناوکەیییەکەمان ڕێ بە بوونیان دەدات گەلەک زیاترن لەوانەی لە ڕاستیدا هەن، بۆیە بەرانبەر بەو ئەگەرە نایابە، من و تۆ بە سادەیی خۆمان لێرە هەین. ئێمە کەمێکی تایبەتین و براوەی یاری تیروپشکی لەدایکبوونین بە هەموو سەختییەکانییەوە، ئەی باشە چۆن دەبێ گلەیی لە گەڕانەوەی مسۆگەرمان بکەین بۆ دۆخی پێشوو کە زۆربەی هەرە زۆری پێیدا تێ نەپەڕێوە؟
ئەو جینە خۆپەرستانەی تۆیان دروست کردووە، تاکە مەبەستیان ئەوە بووە لەڕێی تۆوە خۆیان لەبەر بگرنەوە و بمێننەوە بۆ بەرەی داهاتوو بگوێزرێنەوە، ئەگەر منداڵت ببێت و نەوە بنێیتەوە، کەواتە لە گەمەی پەرەسەندن براوەیت، خۆ ئەگەر سەرکەوتوو نەبوویت، ئەوا کەس ناوت ناهێنێت و لەبیر دەکرێیت و گەردوونیش بایەخ بەوە نادات و هیچی لێ کەم نابێتەوە.
کاتێک دەمرین، دوو شت لەدوای خۆمان بەجێ دەهێڵین: جینەکان و بیرۆکەکانمان. جینەکانمان پاش سێ بەرە لەبیر دەکرێن، لەوانەیە منداڵەکەت، یاخۆ نەوەکەت شێوەی لەتۆ بکات، لە ڕووخسار، یان لە بەهرەیەکی موزیکی، یانیش لە ڕەنگی پرچی، بەتێپەڕبوونی کات بەرەبەرە بەشداربوونی جینەکانت دەبێتە نیوە و چارەک، زۆری پێ ناچێت تا ڕێژەکەی یەکجار کەم دەبێتەوە. دەشێ جینەکانمان نەمر بن و هەر بمێنن، بەڵام ئەو جینانەی یەکێکمانی لێ پێک هاتبوو گومانی تێدا نییە ون دەبن. ئیلیزابێسی دووەم نەوەی ڕاستەوخۆی وێلیامی داگیرکارە، کەچی ئەگەری زۆرە هەڵگری تاکە یەک جینی شای کۆچکردوو نەبێت، بۆیە با بەتەما نەبین بە زاوزێ بگەین بە نەمریی.
ئەو دەمەی لە ڕۆشنبیری و دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگیی جیهان بەشدار دەبیت، یاخۆ بیرۆکەیەکی باشت هەبێت، یان ئاوازێک دابنێی، خاوەنی داهێنانێکی زانستی بیت، شیعرێکی جوانت نووسی بێت، لێرەدا دەکرێ بە نەمریی و بە ڕێکوپێکی بمێنیتەوە، پاش ئەوەی جینەکانت لە دەریای ژیاندا دەتوێنەوە. سوکرات بە نەمریی دەمینێتەوە، هەرچەندە لەوانەیە یەک یان دوو جینی ئەو لە ژیاندا نەمابن، کێ گوێ بەوە دەدات؟ بەڵام ئێستەش بیرۆکەکانی سوکرات و داڤینشی و کۆپەرنیکۆس و مارکۆنی هەمیشە بەهێز و بەتینن.
پێم وایە دەمرم و شی دەبمەوە و هیچ لە فیز و خۆبەزلزانینم نامینێتەوە، من گەنج نیم و ژیانم خۆش دەوێت، بەڵام ڕکم لە ترس و لەرز لە بیرۆکەی نەمان دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەش خۆشی و کامەرانی ڕاستەقینە ئەوەیە کە هەر دەبێ کۆتایی پێ بێت، بیرۆکە و خۆشەویستی بەهاکەیان لەوەدایە کە هەتاهەتایە نامێنن. چەند پیاوی ئازا و چاونەترس بە سەربەرزی چوونە سەر تەختی سێدارە، پێویستە ئەم شانازییە فێرمان بکات بەقووڵی بیر لە پلە و پایەی مرۆڤ بکەینەوە لە جیهان.
دەیڵێمەوە، لە مردن مەترسە، بەڵکوو بترسە لەوەی بژیت و هزر و هۆشە ناوازەکەت تێدا بەکار نەهێنیت، خۆ ئەگەر بێباوەڕیش بیت، ئەوا چاک دەزانی و باوەڕت بەوە هەیە کە ژیان تاکە هەلێکە پێت دراوە، زۆر بەنرخ و جوانە نابێ لە دەستی خۆتی بدەی، چونکە گەردوون هەرگیز دووبارەی ناکاتەوە.
سەرچاوە؛
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان

