تێڕوانینێک بۆ ناسراوترین بەڵگەکانی بوونی خوا (بەشی شەشەم)
26/10/2026, 12:16 (GMT+1)

باوەڕداری بە خوا هێندە زۆر و بەربڵاو نەدەبوو، ئەگەر بوونی نەبووایە
گومانی تێدا نییە، ئایین ڕۆڵێکی بنەڕەتی گێراوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، زۆرینەی مرۆکان ئایندارن، هاوکات فەرهەنگ و کولتوورە هەمەجۆرەکەی جیهان بەدێژایی سەدەکانی ڕابردوو لەسەر بنەمای ئاین دامەزرا بوون. دەکرێت بڵێین ئەو باوەڕە ئاینییانەی بە شێوەیەکی بەرفرەوان بڵاو بوونەتەوە، ڕەنگە تا ڕادەیەک ڕاست بن، بۆیە دەشێ بپرسین، دوای هەموو ئەمانە، چۆن دەبێ ئەو ژمارە یەکجار زۆرە باوەڕ بە خوایەک بکەن و بوونیشی نەبێت؟
لە ڕاستیدا، لەم جۆرە لۆژیکەدا چەندین کێشە و گرفت هەن:
- یەکەم، ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە ئەو بارودۆخە مێژوویی و کولتوورییە پشتگوێ دەخات کە ئایینەکان تێیدا سەریان هەڵداوە و بە تێپەربوونی کات گۆڕاون. فەرهەنگە جیهانییەکان بە شێوەیەکی سروشتی نەگەیشتوونەتە باوەڕە ئایینییەکان و پاشان بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک پێیانەوە پابەند بووبن. بە پێچەوانەوە، ئایینەکان زۆرجار لە ژێر کاریگەری بارودۆخی سەخت و دژوار، لەوانەش تاڵانکاری و دەستبەسەرداگرتنی سامانی مرۆکانی دیکە، پەرەیان سەندووە، هەروەها لە دەرەنجامی داگیرکردنی نەتەوەکاندا، بیرۆکەکان دزراون و وەرگیراون، پاشان لەگەڵ دابونەریت و هەلومەرجی نێوخۆ گونجێنراون.
- دووەم، دوای ئەوە ئەو بیرۆکەیەی دەڵێت باوەڕی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بە شتێک وای دەکات ئەو شتە ڕاست بێت، بەهەڵەبردنێکی لۆژیکییە و بە «بەهەڵەبردنی کۆدەنگی هەڵە» ناسراوە. باوەڕی بەکۆمەڵ بە شتێک، بە هیچ شێوەیەک نایگۆڕێت بۆ ڕاستی، ئەو شتانەی بوونێکی ڕاستەقینەیان هەیە، ڕاستبوونی خۆیان دەپارێزن، جا کەسێک باوەڕی پێی بێت یان نا. بە سادەیی واتاکەی ئەوەیە، شتە ڕاستەکان ڕاست دەمێننەوە، تەنانەت ئەگەر هیچ کەسێک باوەڕیان پێی نەبێت، شتە هەڵەکانیش بە هەڵە دەمێننەوە، تەنانەت ئەگەر هەمووان باوەڕیان پێی هەبێت.
باوەڕ کاریگەری لەسەر ڕاستییەکانی جیهان دانانێت
لە مێژوودا، بەردەوام سەلمێنراوە هەندێک لە باوەڕە باو و بڵاوەکان، بەهۆی دەرکەوتنی بەڵگەی نوێی دژیان، ڕەت کراونەتەوە. یەکێک لەو باوەڕانەی بە شێوەیەکی فراوان بڵاو ببووەوە، بابەتی دانانی زەوی بوو وەک چەق و ناوەندی گەردوون.
لە سەدەی شازدەیەم و حەڤدەیەمدا، زانایانی وەک نیکۆلاوس کۆپەرنیکۆس، گالیلۆ گالیلێی و یۆهانس کێپلەر بە شێوەیەکی گرینگ بە پەرەپێدانی زانیاری زانستی یەکلاکەرەوە بۆچوونی ناوەندیبوونی زەویان لە گەردووندا بە هەڵە خستەوە. ئەمڕۆ، زانستی ئەستێرەناسی پشتڕاستی دەکاتەوە کە زەوی نەک تەنیا ناوەندی گەردوون، بەڵکوو ناوەندی گەلەستێرەی ڕێی شیری و تەنانەت کۆمەڵەخۆرەکەشمان نییە.
لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا هەندێک کەس باوەڕیان وایە زەوی ناوەندی گەردوونە، سەرەڕای بوونی بەڵگەی زۆری زانستی کە پێچەوانەی ئەو بۆچوونە دەسەلمێنێت. ئەگەر لە ئینتەرنێتدا بگەڕێیت، دەبینیت هەندێک ماڵپەڕ هێشتا هەوڵ دەدەن ئەو ڕایە بڵاو بکەنەوە کە زەوی ناوەندی گەردوونە، تێکڕای بەڵگە زانستییەکانیش ڕەت دەکەنەوە. بەهەمان شێوە بۆ بابەتی خوولانەوەی زەوی بەدەوری خۆر و ئەوانەی پێیان وایە زەوی تەختە. بێگومان، باوەڕی ئەم کەسانە بەو بۆچوونە هیچ شتێک لە ڕاستی ناگۆڕێت و زەویش هەر بەردەوامە لە خوولانەوەیدا.
نووسەری ئەمریکایی ئەندێشەی زانستی، فیلیپ دیک، دەڵێت: "ڕاستی ئەو شتەیە کاتێک واز لە باوەڕهێنانیشی دەهێنیت، هەر بە ڕاستی دەمێنێتەوە".
ڕاستی پێویستی بە باوەڕی هیچ کەسێک نییە، باوەڕ نە لە ڕابردوودا و نە لە داهاتوودا ناتوانێت ڕاستیی شتێک بگۆڕێت.
بەشێوەیەکی گشتی باوەرهێنان زۆر بەربڵاوە، بەڵام باوەرهێنان بە شتێکی دیارکراو بەو جۆرە نییە، ئەگەرچی بەهۆی زۆربوونی ئاینەکان گرینگیش درابێ بە بانگەشەکانی باوەڕداران، لەبەرئەوەی ژمارەیەکی یەکجار زۆر ئاین لە جیهاندا هەن و هیچیانیش بۆ پێناسە و سروشتی تاکە خوایەک کۆک و هاوڕا نین. ئەگەر خوا هۆکاری بەرفرەوانی و زێدەیی بڵاوبوونەوەی ئاینەکانە، ئەی نەدەبووایە ئەو ئاینانە هاوشێوە، یاخۆ خاڵە هاوبەشەکانیان پتر بووایە لەوەی کە هەیە؟
زۆربەی ئایینەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن هەر خۆیان ئایینی ڕاست و راستەقینەی خوان. ئەگەر ئامانجی ئایین پێناسەکردنی شتێک بێت لە ڕاستیدا بوونی هەیە، نەک تەنیا ڕاستییەکی دەروونی یان هەستەکی، ئەوا ناکرێت هەموو ئایینە جیاوازەکان بە یەکەوە ڕاست بن. ئەو دەمە یان تاکە یەکێک لەوانە ڕاستە، یان هیچ کام لەوانە بەو شێوەیەی بانگەشەی دەکەن ڕاست نین.
ئاینەکانی جیهان بەدرێژایی مێژوو زیاتر لە مرۆڤ دەدوێن، نەک خوایەک.
وەک چۆن بیردۆزی پەرەسەندنی زیندەوەران ڕاڤە دەکات کە زیندەوەران لە ماوەیەکی درێژدا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، دەکرێ ئایینەکانیش وەک کۆمەڵێک بیرۆکەی دووبارەبووەوە سەیر بکرێن بە شێوەیەک پەرەیان سەندووە کە سوود لە هەست و ئارەزووە سروشتییەکانی مرۆڤ وەربگرن، بۆ ئەوەی خۆیان زێدەتر بڵاو بکەنەوە و لە هەمان کاتدا سروشتی ڕاستەقینەی خۆیان بشارنەوە.
توێژەرانێک لە زانکۆی ئۆهایۆی ئەمریکا، 16 ئارەزووی دەروونییان دیاری کردووە دەتوانن پاڵنەر بن بۆ ئەوەی خەڵک ڕوو لە ئاین بکەن، لەوانە: ڕێز و شکۆی باوەڕی پێشینان، ئایدیالیزم، هاوکاری وەرگرتن لەوانەی دی و ترس لە مردن.
ئەگەری ئەوە هەیە باوەڕە ئایینییەکان بە شێوەیەکی فراوان بڵاو بوونەتەوە، چونکە سوود لە ئارەزووە دەروونییەکانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک وەردەگرن، نەک بەهۆی ئەوەی بەڵگەیەکی دەرەکی و سەربەخۆ هەبێت ڕاستیی ئەو باوەڕانە بسەلمێنێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان

