<

بۆچی ئاینداریی بژاردەیەکی چاکە: ئەو هۆکارانە چین کە هێز دەبەخشنە ئاین؟

20/08/2026, 23:10 (GMT+1)
بۆچی ئاین هێندە بەهێزە و ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە مرۆکان لە ژیانیاندا ئاینداری هەڵ دەبژێرن، یاخۆ بە دەربڕینێکی دیکە، ئەو هۆکارانە چین هێز دەبەخشنە ئاین؟
لێرەدا بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە، گرینگترین و ناسراوترین هۆکارەکان دەخەینە بەردەست:
- ئاین وەڵامی بۆ هەموو شتێک هەیە
لەگەڵ ئەوەی وەڵامەکان زۆربەیان ڕاستیش نین، بەڵام هەرچۆنێک بێت وەڵامن، ئەمەش بۆ زۆرێک لە مرۆڤەکان بەسە و ئارامییان پێ دەبەخشێت. هەست بەخۆشی دەکەین ئەو دەمەی لە هۆکاری بوونمان تێ دەگەین، مەبەستمان لە ژیانمان چییە و دەمرین بۆ کوێ دەچین؟ ئەگەر ئەو پرسیارانە وەڵامیشیان بەتەواوی نەزانین، پێویستە گشت کاتێک ئەم دەستەواژەیەمان لەبیر بێت "من نازانم کەواتە خوا" هەمیشە ئاسانترە بۆم لەوەی بڵێم "من نایزانم، دەبێ هەوڵی بۆ بدەم بیدۆزمەوە تا پێی بگەم".
نابێ بە وەڵامی ئاسان ڕازی ببین، ئایا ڕاشکاوی باشتر نییە لە حەسانەوەیەکی ساختە، ڕاستیش چاکتر نییە لە ئەفسانە و خورافەکان؟ پێدانی وەڵامی ئاسان بۆ پرسیارە سەخت و دژوارەکان وا لە خەڵک دەکات پێیان خۆش بێت بە نموونە سەیری بەرنامەکانی ڕەخنەی سیاسی بکەن لە تەلەفزیۆنەکان، ئەوانەی هەر لەخۆوە بە بۆچوون و پێشبینییەکان کار دەکەن، یاخۆ بڕواننە شیکەرەوە ئابوورییەکانی پێیان دەڵێن چۆن بەئاسانی دەتوانن دەوڵەمەند دەبن. بەڵام دەبێ بزانن ئەوانەی بەئاسانکاری قسەیان بۆ دەکەن، پارەیان پێ دراوە تا بەو ڕادەیە متمانەیان بەخۆیان هەبێت، نەک بەڕاستگۆیی ڕاستی شتەکان نیشانی بینەران بدەن.
- ئاین هەستکردن بە تاوانباری بەکار دەهێنێت بۆ ڕێگرتن لە دوورکەوتنەوە لێی
ئاین وات لێ دەکات لەسەر بنەما و بەهایەکی دیارکراو بژیت، ئەگەرچی لۆژیکیش نەبێت. گوێڕایەڵ نەبوون یان تەنیا هەبوونی گومان و پرسیارکردن، واتاکەی ئەوەیە تۆ باوەڕدارێکی تەواو نیت. لێرەش بۆ وروژاندنی سۆزت پێت دەڵێن: ئایا هەست بە خراپی خۆت ناکەیت کە خوات نائومێد کردووە؟ ئایا شەرمەزار نیت دایک و باوک و کەسوکارت لەخۆت دەڕەنجێنیت؟ هەست بە تاوان ناکەیت ڕەنجی پێغەمبەرەکەت لەبیر بکەیت کە تەواوی ژیانی خۆی تەرخان کرد و ئەو هەموو ناخۆشییەی بینی، تا ئەو ئاینە ڕاست و جوانە بە تۆ بگەینێت (لەخاچ درا لەپێناو ڕزگارکردنی تۆ - لای کرستیانەکان).
ئەی ناخت ئازارت نادات پێش هاوسەرگیری سێکس بکەیت؟ یان گۆشتی بەراز بخۆیت کە لێت قەدەغە کراوە؟ یاخۆ هاوڕەگەزێکت خۆش بووێت؟
ئاین وات لێ دەکات خۆت بە تاوانبار بزانیت بەرانبەر بە یاساگەلەک هەر لە بنچینەوە لۆژیکی نەبووە، دەرمانێکت پێ دەدات بۆ نەخۆشییەک خۆی بۆتی دروست کردووە. باشترین چارەسەر ئەوەیە خۆمان ئەو یاسایانە هەڵ بسەنگێنین، ئینجا بڕیار بدەین ئایا شایەنی پێڕەوکردنە یان نا؟ ئارام ببەوە هیچ گرفتێک لە گوماندارییەوە بەرپا نابێت، کێشە نییە لە پێشێلکردنی یاساگەلەک کە هەر لە بنەڕەتەوە ڕاست نەبوونە و بەندن بە ئاینەکەتەوە. مەترسە کەس لەسەرەوە سەیرت ناکات و سزات نادات.
- ئاین وات لێ دەکات هەست بکەیت تایبەت و جیاوازیت
ئایا هەموومان پێمان خۆش نییە هەڵبژاردەی خوا بین؟ پێت باش نییە باوەرت بەوە هەبێت خوایەک تۆی دروست کردووە و گرینگیت پێ دەدات؟
تۆ تایبەت و جیاوازیت، خوا خۆشی دەوێت و تۆ سەربە ئاینی ڕاستەقینەیت. بەڵام بیر بکەوە تۆ هاوشێوەی ملیارانی دیکەی، ئەوە تەنیا مانا و بەهایەکی بۆ تۆ هەیە کاتێک منداڵیت و باوەڕت پێی هەیە، ئەو دەمەی گەورە دەبێت پێویستە بزانیت، ئەگەر ئێمە هەر هەموومان جیاواز بین، کەواتە هیچ یەکێکمان بەڕاستی جیاواز نین.
- ئاین سوود لە دابەشکردن دەبینێت
ئاین پێی خۆشە برەو بە جۆرە بیرکردنەوەیەک بدات بەشێوەی "ئێمە بەرانبەر دوژمنان". ئێمە باشین ئەوان نا، ئێمە دەچینە بەهەشت ئەوان نا، خوا ئێمەی خۆش دەوێت ئەوان نا. مرۆڤ لە سروشتی خۆیدا حەز بە بەشداری کردن و هاتنەپاڵبوون دەکات، هەموومان ئارەزووی پێوەندی کۆمەڵایەتین و دەمانەوێ ببینە بەشێک لە کۆمەڵەیەکی پەسندکراو.
کێشە و کارەسات بەدیارکراوی لەو بیرکردنەوەیەدا هەیە، ئەوەیە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی و شەڕوشۆر، لەبەرئەوەی زۆربەمان لەو باوەڕەداین ئەوانەی لە کۆمەڵەکەی ئێمەدا نین، یان دەبێ بێنە ناو ئێمە، یانیش بکوژرێن.
- ئاین بابەتە ئەخلاقییەکان زۆر ئاسان دەکاتەوە
هەموومان دەمانەوێت کەسێکی باش و چاکەکار بین، بەڵام گشتمان هاوڕا نین لەسەر هەل و مەرجەکانی گەیشتن بەمە. ئاین ئەو پرسە ئاسان دەکات، یاسا و ڕێساکانی ئێمە پێڕەو بکە تۆ کەسێکی باشیت، بابەتەکە گەلەک سادە و ئاسانە هیچ بیری لێ مەکەوە.
بێگومان بنەمای ئەخلاق ئاوا ئاسان نییە و گشتگیری ناکرێت، هەندێ جار درۆ پەسندە و گو‌ێڕایەڵی بۆ دایک و باوک کارێکی خراپە (ئەگەر دایک و باوک خۆیان خراپەکار بن). تێکڕای شتەکان تەنیا ڕەش و سپی نین وەک ئاین دەیخوازێت. یەکسانی نێوان پیاو و ژن پرسێکی ئەخلاقی زۆر سادەیە لەم ڕۆژگارەماندا، بەڵام لە ئایندا دەتوانیت خۆت لێی بدزیتەوە و بڵێیت "تاوانی من نییە و لێم توڕە مەبە، کتێبی پیرۆز وا دەڵێت" یاخۆ نموونەیەکی دیکە، دەربارەی لەباربردنی منداڵ. دەکرێ لەو باوەڕەدا بیت منداڵ لەباربردن بەدڕەوشتییە، کەچی جاری وا هەیە لەباربردنی منداڵ پێویست و ناچارییە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی دایک. لەڕاستیدا ئەمە خاڵێکی سادە و ئاسان نییە وەک ئاین دەری دەخات، لەبەرئەوەی کاتی وا هەیە بابەتەکان بەتەواوی هەڵە و خراپەن. بۆیە دەبێ لەبیر نەکەین، ئێمە ئەخلاقمان لە ئاین وەرناگرین، بەڵکوو ئاین لە ئێمەی وەردەگرێت، ئێمە هەمیشە دەربارەی شتەکان کۆک و هاوڕا نین.
- ئاین بانگەشەی هەبوونی ئارامبوونی گیان دەکات
بەڵێ بێگومان، زۆر شت هەن ئەمڕۆکە دڵخۆش و کامەرانمان دەکەن، بەڵام ئەوان بە مەبەستەوە پرسیارت لێ دەکەن، ئەی گیانەکەت بۆ کوێ دەڕوات و چی لێ دێت؟ باشە ناتەوێت پاش مردنت لە ژیانێکی دیکە بایەخت پێ بدرێت و لەخۆشیدا بژیت؟
بۆ ڕوونکردنەوە، ئەمە پرسیارێکی پووچ و بێمانایە، لەبەرئەوەی پشت دەبەستێت بە گریمانەیەک لەسەر بوونی زیندووبوونەوە و ژیانی پاش مردن کە بێ بەڵگەیە و هەرگیز نەسەلمێندراوە.
لێرەشدا ئاین وەک هەموو جارەکان وەڵامی خۆی هەیە، ئەویش تۆ ناتوانیت باوەڕ بە هیچ ئاینێک بهێنیت، دەبێ باوەڕت بە ئاینی من هەبێت، ئەگەر ئەوەت کرد، ئەوا لێت بەرپرسیارین و دەتپارێزین. هەر بەڕاستیش ئەمە مامەڵە و ڕێککەوتنێکی چاک و نایابە، لەبەرئەوەی هەر هەموومان پێمان خۆشە شاد و کامەران بین و ئامادەین بۆ گەیشتن بەوە هەرچییەک لێمان داوا بکرێت ئەنجامی بدەین. ئاین دێتە پێشەوە و دەبێژێت، وات لێ دەکەین لەو شوێنەدا هەتاهەتایە بەخۆشی بژیت و گیانت ئارام بێت، کێ هەیە ئەمە فەرامۆش بکات و ئەو هەلە باشە لەدەست خۆی بدات؟
- ئاین لە منداڵییەوە بەسەرماندا دەسەپێندرێت
هۆکارێکی بنەڕەتی هەیە بۆ ئەوەی زۆرینە ئاینیان نەگۆڕن و لەسەر ئەوەی خۆیان بمێننەوە لە ساڵەکانی تەمەنی پێگەیشتنیان. لەبەرئەوەی دوای باوەڕداریت لێ دەکرێ و بەسەرت دادەسەپێنن پێش گەورەبوونت و گەیشتنت بە تەمەنێک کە بتوانیت بیری لێ بکەیتەوە. ئەوان باش دەزانن ئەگەر چیرۆکە ئاینییەکانت لە تەمەنی دوای هەرزەکاریدا بۆ بگێڕنەوە، باوەڕیان پێ ناهێنیت و ڕووبەڕوو پێیان پێ دەکەنیت. بەڵام ئەوە بکەن و تۆش تەمەنت لە دەوروبەری چوار ساڵی بێت، ئەوا هیچ گومانێکت بۆ دروست نابێت و بەڕاستیان دادەنێیت، بەتایبەتی ئەو دەمەی کەسوکاریشت لایەنگری هەمان بیروباوەڕن. بەمەش باوەڕەکەت پێ نامۆ نابێت، تا کاتێک دەبیتە کەسێکی پێگەیشتوو، ئینجا لەوانەیە بەقووڵی لێی بکۆڵیتەوە و بەچاکی تێی بگەیت.
من لە شیکاگۆی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بژیم، لەوێدا هەمان بنەما لەسەر هاندەرانی تیمی بێیسبۆڵ (شیکاگۆ کابز) پێڕەو دەکرێت، دەگمەنە یەکێک تەمەنی سی ساڵ بێت و سەرسام بێت بەو تیمە. کێشە چییە کەسێک لە دەستەی هاندەران بچێتە دەرەوە؟ نەخێر، یان دەبێ هاندەری کابز بیت بەدرێژایی ژیانت، یانیش هاندەری کابز نەبیت. بۆیە دەبێ دەستخۆشی لەو بێباوەڕە بوێرانە بکەین، ئازا و چاونەترسن توانیوویانە واز لە باوەڕ و ئاینەکەیان بهێنن. ئەمە کارێکی ئاسان نییە بیر لە گشت ئەو شتانە بکەیتەوە کە لە ڕۆژانێکدا باوەڕت پێیان هەبووە، ئەمە پێویستی بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی تێکڕای هزر و هۆش و بیروڕاکانە.
- ئایین وا دەکات لەو باوەڕەدا بیت دەتوانیت کۆنتڕۆڵی ئەو شتانە بکەیت کە کۆنتڕۆڵ ناکرێن
ژیان پێشبینی ناکرێت، ڕووداوە ناخۆش و تاڵەکانیش ڕوو دەدەن، بەڵام ئایا هەستێکی جوان نییە بزانیت دەشێ نزا و پاڕانەوەکانت بۆ خوا دەرنجامەکان بگۆڕن؟
گوێ بگرە، ئەگەر وانەکانت بەچاکی نەخوێنیت لە تاقیکردنەوە دەرناچیت و پاڕانەوەکانت هیچ سوودێکیان نییە بۆت. کاتێک زریانێک بەرەو ڕووت دێت، خۆت لێی لابدەی باشترە لەوەی دەستەکانت بەرز بکەیتەوە و بپاڕێیتەوە، بەتەمای ئەوە بیت زریانەکە ڕێڕەوەکەی بگۆڕێت.
کەسێک لەسەرەمەرگدا بێت، نزا و پاڕانەوەکەت نابنە چارەسەر و گۆڕینی ڕووداو و پێشبینییەکان، پاڕانەوە واتە هیچ نەکردن و هاوکات پێشت وا بێت ئەمە لەپێناو ئەودا دەکەیت و دەتوانیت یارمەتیدەر بیت. بەڵام دواجار پێویستە ئەو ڕاستییە بزانیت کە زۆربەی هەرە زۆری باوەڕداران پێیان وایە خوا ژیان و چارەنووسیانی بەتەواوی دیار کردووە، کەچی لەگەڵ ئەوەش وای بۆ دەچن پاڕانەوە لە خوا، دەکرێ ئەوەی خوا بۆیانی داناوە بگۆڕدرێت و دواکانیان بەجێ بهێندرێن.
سەرچاوە؛
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست