بیردۆزی هەموو شتەکان (یەکخستن و پێکەوەگونجاندنی میکانیکی کوانتم و ڕێژەیی گشتی)
02/10/2026, 16:21 (GMT+1)

گەڕان بەدوای کێشکردنی کوانتمی
بیردۆزی هەموو شتەکان لە فیزیکدا هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوە و پێکەوەگونجاندنی ڕێژەیی گشتی سەبارەت بە هێزی کێشکردن (Gravity) و میکانیکی کوانتم، لە یەک هاوکێشەی ماتماتیکی بۆ ڕاڤەکردنی تێکڕای هێزەکانی لە گەردووندا هەن.
گەردوون پشت دەبەستێت بە چوار هێزی سەرەکی، ئەم بیردۆزەش دەیەوێت یەکیان بخات، ئەوانیش؛
کێشکردن: ئەو هێزەی هۆکاری جووڵەی هەسارە و ئەستێرەکانە، ڕاڤە دەکرێت لەلایەن ڕێژەیی گشتی (General relativity)
کاڕۆموگناتیسی: بەرپرسە لە تیشک و کارەبا، ڕاڤە دەکرێت لەلایەن میکانیکی کوانتم (Quantum mechanics).
هێزی ناوکەیی بەهێز: پێکهاتەکانی گەردیلە لە یەکدی دەبەستێت، ڕاڤە دەکرێت لەلایەن دینامیکی تامە کوانتمی (Quantum Flavordynamics).
هێزی ناوکەیی بێهێز: کاری بەڕێوەبردنی شیبوونەوەی تیشکاوەرییە، ڕاڤە دەکرێت لەلایەن دینامیکی ڕەنگە کوانتمی (Quantum Chromodynamics).
ئەوە دەمەی بمانەوێت میکانیکی کوانتم و ڕێژەیی گشتی یەک بخەین و پێکەوەیان بگونجێنین، ئەوا ڕووبەڕووی ئەم چەند کێشە و بەربەستە سەخت و دژوارانە دەبینەوە؛
1- دوو بیردۆزی سەرکەوتوو بەڵام ناتوانن پێکەوە کار بکەن
فیزیکی هاوچەرخ خاوەنی ئەو دوو بیردۆزە سەرەکییەیە بۆ پێناسە و ڕاڤەی سروشت بەوپەڕی چاکی وردی، بەڵام سەر بە دوو جیهانی لێک جیاوازن.
میکانیکی کوانتم تایبەتمەندییەکانی ماددە و وزە لە پێوانەیەکی یەکجار بچووکی وەک گەردیلە و تەنۆلکە سەرەتایییەکان (یەکەمینەکان) ڕوون دەکاتەوە. ڕێژەیی گشتیش، ئەوەی زانای فرە مەزن و ناودار ئەلبەرت ئەینشتاین پێشکێشی کرد، پێناسەیەکە بۆ هێزی کێشکردن کە بەندە بە ئەندازەی کاتشوێن (Spacetime)، بەگوێرەی ئەم تێڕوانینە ماددە و وزە کاریگەرییان هەیە لەسەر ئەندازە و شێوەی کاتشوێن.
کێشە کاتێک دێتە ئاراوە، بگەینە هەلومەرجێک تێیدا کاریگەرییە کوانتمییەکان و کێشکردنێکی بەهێز پێکەوە کۆ دەبنەوە.
ناسراوترین نموونە، شوێنەکانی نێزیکن لە تاکایەتییەکانی (Singularity) چاڵە ڕەشەکان و گەردوون لە قۆناخ و ساتە هەر سەرەتاکانی. ئەمەشە گەڕان بەدوای بیردۆزی کێشکردنی کوانتمی، کردووە بە یەکێک لە گەورەترین و سەختترین گرفت لە فیزیکی تیۆریی.
2- بۆچی میکانیکی کوانتم بەس نییە؟
لە بیردۆزە کوانتمییە ئاسایییەکاندا، ماددە و کایەکان لەنێو چوارچێوەی کاتشوێندا کار دەکەن و پێناسە دەکرێن، بەڵام لە ڕێژەیی گشتیدا، خودی کاتشوێن سنوورێکی چەسپاو نییە، بەڵکوو قەوارەیەکی دینامیکییە و دەکەوێتە بەر کاریگەری ماددە و وزە.
لێرەدا سەختی لە تێگەیشتن لە چەمک و بنەمایەکان سەرهەڵ دەدات: ئەگەر کاتشوێن خۆی ملکەچی یاساکانی کوانتم ببێت، واتای چییە ئەو دەمەی دەڵێین کاتشوێن لە دۆخێکی کوانتمی دایە؟
ئەم پرسیارە ڕاستەوخۆ دەمان بات بەرەو چەمکی کێشکردنی کوانتمی، بەوەی هەوڵێکە لە بنیاتنانی پێناسەیەکی کوانتمی بۆ کێشکردن، بتوانێت تا ڕادەیەکی گونجاو پارێزگاری لە دەرەنجامە ناسراوەکانی ڕێژەیی گشتی بکات. ئەمەش کۆمەڵێک بەرنامەی گەرەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بە چەندان شێوازی جۆراوجۆر.


3- بیردۆزی کێشکردنی کوانتمی چی دەوێت؟
بیردۆزی داواکراو دەبێ بەشێوەیەکی گشتی بتوانێت لەگەڵ کێشکردن کار بکات، ئەو دەمەی کاریگەرییە کوانتمییەکان گەلەک بەهێزن. لەهەمان کاتدا بکارێت ڕێژەیی گشتی بەبەرهەم بهێنێتەوە لەو هەلومەرجانەی کە دەزانین تێیدا بەباشی کار دەکات، هەروەها بگونجێت لەگەڵ بنەما پتەو و بنەڕەتییەکانی بیردۆزی کوانتم.
لەسەر ئەم بنچینە چەندان ڕێبازی جیاجیا لە تۆژینەوە پەرەیان پێ دراوە، ناسراوترینیان:
- بیردۆزی ژێیەکان
- کێشکردنی کوانتمی ئەڵقەیی
- کێشکردنی کوانتمی پشێوەکی
- کێشکردنی کوانتمی بە پێکهاتەکی پچڕپچڕ
- تۆڕ و خوولاوەکان و شتگەلە هاوشێوەکانی
- ژمارەیەک لە ڕێبازی دیکەی جۆراوجۆری پەیوەندیدار
4- کێشکردنی کوانتمی ئەڵقەیی
ئەمیان یەکێکە لە گرینگترین ڕێبازەکان: Loop Quantum Gravity – LQG
بیرۆکەی سەرەکی لەم بیردۆزەدا جیاوازە لەگەڵ هەوڵی زێدەکردنی کێشکردن بۆ چوارچێوەیەکی کوانتمی کە پێشتر بوونی هەیە، لەبری ئەوە کار بۆ بەکوانتمکردنی خودی ڕێژەیی گشتی دەکات. واتە کێشکردنی کوانتمی ئەڵقەیی پێناسە دەکرێت بە هەوڵدانێکی ماتماتیکی بۆ بەکوانتمکردنی ڕێژەیی گشتی بە جۆرە ڕێبازێکی نەشێواو، بەبێ گریمانەی دانانی پاشخانی کاتشوێن بە جێگیریی.
دەرەنجامە فرە نایابەکانی ئەم بیردۆزە بەو ئاراستەیە ئەوەیە، بڕە ئەندازەییەکانی وەک ڕووبەر و قەبارە دەشێ ببنە خاوەنی شەبەنگە کوانتمییە پچڕپچڕەکان لە پێوەرە هەرە بچووکەکانی پلانک، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی خودی کاتشوێن ببێتە پێکهاتەیەکی کوانتمی ورد.
لەگەڵ هەموو ئەمانەش پێویستە ئاماژە بەوە بدەین، پێشنیاری کێشکردنی کوانتمی بە بەڵگە و ئەزموونی یەکلاکەرەوە نەسەلمێندراوە.
5- ئەی بیردۆزی ژێیەکان چیمان پێ دەڵێت؟
ئەم بیردۆزە ڕێبازێکی یەکجار گرینگ و پڕبایەخە، لەجیاتی ئەوەی تەنۆلکە سەرەتایییەکان بە خاڵە بێ دوورییەکان دابنرێن، دەکرێ ئەو شتگەلە سەرەکییانەی هەموو گەردوونی لێ پێک هاتووە ژێیەکی یەک دووری بن.
لەڕێی ئەم تێڕوانینە، چارەسەرێکی گەورە دێتە کایەوە، بەوەی کە کێشکردن بە شێوەیەکی سروشتی لە بنەمای بیرۆزەکە سەرهەڵ دەدات، ئەمەشە هۆکاری ئەوەی بیردۆزی ژێیەکان بووەتە ڕێڕەوەکی سەرەکی بۆ تۆژینەوە و گەڕان بەدوای بیردۆزێکی فرەوان و گشتگیر لە فیزیکدا.
بەڵام بیردۆزی ژێیەکان جیاوازییەکی فەلەسەفی و تەکنیکی هەیە لەگەڵ کێشکردنی کوانتمی ئەڵقەیی، چونکە خواستی ژێیەکان گەیشتنە بە فرەوانکردنی قەبارەی یەککردنی کارلێک و هێزە بنچینەیی و سەرەکییەکان، کەچی کێشکردنی ئەڵقەیی ڕاستەوخۆ هەوڵی بەکوانتمکردنی ئەندازەی کێشکردن و ڕێژەیی گشتییە.
6- کاتشوێن چی بەسەر دێت لە پێوانە هەرە بچووکەکان؟
ئەگەر کێشکردنیش بەڕاستی کوانتمی بێت، ئەو دەمە تێگەیشتنی ئاساییمان بۆ شوێن و کات لە پێوانەکانی (پلانک)دا بەتەواوی هەڵ دەگەڕێنەوە و هەڵە دەبن.
لە ڕێژەیی گشتیدا تێڕوانینمان بۆ کاتشوێن بە شێوەی شانە، یاخۆ تەونێکی ئەندازەیی بەردەوامە، بەڵام لە هەندێ شێوازی تایبەتی کارکردنمان لەگەڵ کێشکردنی کوانتمی، دەرەنجامێکمان بۆ بەدەر دەکەوێت جیاواز بێت لە سنووری پێوانە یەکجار بچووکەکاندا.
بە نموونە، لە کێشکردنی کوانتمی ئەڵقەیی، چەند بڕ و یەکەیەکی ئەندازەیی بە بەها و شەبەنگە کوانتمییە پچڕپچڕەکانەوە بەند دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بڕوانینە کاتشوێن وەک خاوەن پێکهاتەیەکی کوانتمی ورد، لەبەری ئەندازەیەکی درێژکراو بەگوێرەی پێناسە گشتی و ناسراوەکەی.
لێرەدا یەکێک لە سەرنج ڕاکێشترین بیرۆکە لەو بوارەدا سەرهەڵ دەدات:
لەوانەیە ئەو کاتشوێنەی ئێمە دەیبینین لە پێوانە فرە گەورەکەیدا ئاستە سروشتی و ڕاستەقینەکە نەبێت، بەڵکوو لە پێکهاتەیەکی کوانتمی بچووک و قووڵەوە سەرچاوە بگرێت.
ئەم بیرۆکەیە بە گەلەک شێوازی جیاجیا لە ژمارەیەک تۆژینەوەی نوێدا دەخرێتە ڕوو، بەڵام ئەمەشیان وەک ڕاستییەک بە بەڵگە و ئەزموون پشتڕاست نەکراوەتەوە.
7- چاڵە ڕەشەکان خاڵی بەیەک گەیشتنی دوو بیردۆزەکە
چاڵە ڕەشەکان گرینگترین ئەو شوێنانەن کێشە دروست دەکەن بۆ ڕکخستن و پێکەوەگونجاندنی کوانتم و کێشکردن.
ڕێژەیی گشتی پێشبینی بوونی ئاسۆی ڕووداو (Event Horizon) بۆ چاڵی ڕەش دەکات، تێیدا دیاردەکان بەندن بە چەمانەوەیەکی یەکجار تووندی کاتشوێن، ئەو سنوورەی لە نێزیک چەقی چاڵی ڕەشە و دوای تێپەڕبوونی شتێک بەوێدا تەنانەت تیشکیش، ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ دەرەوە.
هەر دەمێکیش کاریگەرییە کوانتمییەکانی لەگەڵ گرێ بدەین، پرسیارگەلەکی نوێ سەرهەڵ دەدەن دەربارەی سروشتی چاڵی ڕەش و ئینترۆپییەکەی و چارەنووسی زانیارییە کوانتمییەکان. ئەمەشە وای لە چاڵە ڕەشەکان کردووە ببنە سەرەکیترین تاقیگەی تیۆریی بۆ تۆژینەوە لە کێشکردنی کوانتمی.
هاوکات کێشکردنی کوانتمی ئەڵقەییش سەرکەوتنی تیۆریی بەدەست هێناوە لەبارەی ئینترۆپی چاڵە ڕەشەکان، ئەو دەرنجامە دواجار بواری ڕەخساندووە بۆ کارکردنی زاناکان لە بابەتەکەدا.
8- ئایا کێشەکە چارەسەر کراوە؟
نەخێر، ئەمەش خاڵێکی زۆر گرینگە، لەبەرئەوەی تا ئێستە هیچ بیردۆزێکی کێشکردنی کوانتمی وەک کۆتا چارەسەری ئەزمووندار وەر نەگیراوە ببێتە جێی متمانەی زاناکان.
تۆژینەوەکان بەوەی کێشکردنی کوانتمی ئەڵقەییش تەواو و بەبێ گرفت نین، چەند پرسێکی گەورە کراوەیە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە بابەتە دینامیکییەکان و چۆنەتی بەدەست خستنی ڕێژەیی گشتی و فیزیکی وزە نزم.
بۆیە لەڕووی زانستییەوە دەبێ بەوردییەوە بگوترێ: ئێمە خاوەنی ژمارەیەک لە بەربژێرین لە بیردۆزە کێشکردنە کوانتمییەکان، بەڵام بە کۆتا بیردۆزێکی تەواو سەلمێندراوی پشتڕاستکراو نەگەیشتووین، تۆژینەوەکان هێشتا بەردەوامن.
9- بۆچی ئەم بابەتە هێندە گرینگە؟
ئەگەر ڕۆژێک فیزیکزانان سەرکەوتنینان بەدەست هێنا لە پێکەوەنانی بیردۆزێکی پتەوی تەواو و یەکگرتوو، ئەوا دەشێ یارمەتیمان بدات بۆ تێگەیشتن لە پرسە هەرە بنەڕەتییەکانی گەردوون وەک:
- لەناو چاڵە ڕەشەکاندا چی ڕوو دەدات؟
- چی بەسەر گەردووندا هاتووە لە نێزیکترین ساتەکانی بەرەو تەقینەوەی مەزن؟
- ئایا کاتشوێن بەشێوەی پێکهاتەیەکی کوانتمی بنەڕەتی بوونی هەیە؟
- ئایا کات پێکهاتەیەکی سەرەکی و بنەڕەتییە، یان دیاردەیەکە لە پێوەندی نێوان شتە فرە ورد و قووڵەکانەوە سەرهەڵ دەدات؟
- چۆن کێشکردن لەگەڵ یاساکانی کوانتم یەک دەگرێتەوە؟
- ئایا دەکرێ بیردۆزێکی گشتی بە وردییەکی تەواو هەبێت بۆ تێکڕای دیاردە فیزیکییە ناسراوەکان؟
ئەم پرسیارانە تا ئێستە کراوەن، بەڵام هەرچۆنێکی بێت پێویستە لە زانستدا جیاکاریی بکەین لەنێوان ئەو شتانەی بە ئەزموون دەسەلمێندرێن و ئەوانەشی ڕێکارە تیۆرییەکان پێشنیاریان دەکەن.
تێبینی:
بیردۆزی هەموو شتەکان سەرەکیترین و هەرە گرینگترین پرسە لە فیزیکی هاوچەرخدا، بەڵام لەڕاستیدا بابەتەکە لە وردەکاری چەمک و بنەماکانی و لایەنە جۆراوجۆرەکانیدا گەلەک ئاڵۆز و سەختە بۆ تێگەیشتن، بۆیە هەوڵمان داوە بەکورتی و بەئاسانکارییەوە زۆرەوە بیخەینە بەردەست کە بۆ هەمووان بشێت، بێگومان بەبێ لەدەستدانی بەها زانستییەکەی.
بیردۆزی هەموو شتەکان سەرەکیترین و هەرە گرینگترین پرسە لە فیزیکی هاوچەرخدا، بەڵام لەڕاستیدا بابەتەکە لە وردەکاری چەمک و بنەماکانی و لایەنە جۆراوجۆرەکانیدا گەلەک ئاڵۆز و سەختە بۆ تێگەیشتن، بۆیە هەوڵمان داوە بەکورتی و بەئاسانکارییەوە زۆرەوە بیخەینە بەردەست کە بۆ هەمووان بشێت، بێگومان بەبێ لەدەستدانی بەها زانستییەکەی.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان









