چی ڕوو دەدات ئەگەر هێزی کێشکردن نەمێنیت؟
16/08/2026, 20:21 (GMT+1)

پێش خۆرگیرانی ڕۆژی 12 ئابی 2026 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە گوایە زەوی لەو ڕۆژەدا بۆ ماوەی حەفت چرکە کێشکردن (الجاذبية - Gravity)، یاخۆ هێزی کێشکردنەکەی لەدەست دەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی پەڕین و بەرزبوونەوەی مرۆڤ و ئۆتۆمبیل و گشت تەنەکانی سەر ڕووی زەوی، دوای گەڕانەوەی هێزەکەش ئەم جارە هەموویان بەردەبنەوە و کارەساتێکی یەکجار گەورە ڕوو دەدات و بە ملیۆنان کەس دەبنە قوربانی.
دەڵێن هەواڵەکە لە بنچینەوە بەندە بە بەڵگەنامەیەکی دزەپێکراو لە پڕۆژەیەکی ئاژانسی ئاسمانی ئەمریکایی (ناسا)، تێیدا نێزیکەی 90 ملیار دۆلار خەرج کراوە بۆ بنیاتنانی ژێرزەمین و پەناگەی پتەو وەک خۆئامادەکردنێک بۆ "پچڕانی هێزی کێشکردن" لە پاش نیوەڕۆی ڕۆژەکە. بەڵام ئەوە بوو خودی ناسا هەر پێش 12 ئاب بابەتەکەی یەکلا کردەوە و ئاشکرای کرد کە بانگەشەیەکی درۆ و هەڵ بەستراوە و هیچ بنەمایەکی زانستی نییە.
لێرەدا پێمان باشە ئەم چەند زانیارییانە بخەینە بەردەست، دەربارەی نەمانی هێزی کێشکردن و کاریگەرییەکانی لەسەر مرۆڤ و زەوی و تێکڕای تەنەکانی گەردوون.
کاریگەری کێشکردن لەسەر مرۆڤ
کەس نییە لە ئێمە هەست بە بوونی هێزی کێشکردن نەکات، لە کاتی بازدان و خۆهەڵدانمان بۆ هەوا بەچاکی کارمان لێ دەکات، ئەگەرچی هەوڵ بدەین و حەز بکەین بفڕین و ببینە پیاو یان ژنە دەرئاساکە (Supergirl - Superman)، بەڵام لەشمان ناچارمان دەکات بگەڕێینەوە دۆخی پێشوومان و بکەوینەوە سەر زەوی.
دەشێ بپرسین: چی ڕوو دەدات ئەو دەمەی کاری کێشکردن بوەستێنین؟
فیزیک هەڵوێستێکی یەکجار تووند دەگرێتە بەر بەرانبەر بەم پرسە، بەجۆرێک دەڵێت شتێکی وا لەڕاستیدا هەرگیز نایەتە دی. کەچی وەڵامێکی ئاواش دیسانەوە نەبووەتە ڕێگر بۆ کەسانێک بە زاناکانیشەوە بیر لە دۆزینەوە و زانینی ئەگەرە شاراوەکانی ئەم بیرۆکەیە بکەنەوە.
لەم چەند دێڕەی خوارەوە باشترین زانیاری دەخەینە ڕوو، بە پشت بەستن بە بیروڕای پسپۆڕ و شارەزایانی ئەو بوارە، لە کاریگەری و دەرەنجامەکانی نەبوونی هێزی کێشکردن لەسەر هەر یەکێکمان.
لە یەکێک لە وانەکانی (Ted-Ed)، ئەو ڕێکخراوەیەی بە دەستپێشخەرییەک ناسراوە، کار دەکات لەپێناو گەیاندنی زانیاری بۆ گەنجان و خوێندکاران، زانا و پزیشکی ناودار جێی بەکی (Jay Buckey) کە پێشتر ئاسمانگەڕ بووە لە ناسا، هەڵ دەستێت بە ڕوونکردنەوە و دیارکردنی کاریگەرییەکانی نەمانی کێشکردن لەسەر مرۆڤ.
بەکی لەم بارەیەوە دەبێژێت، لەشی مرۆڤ بە جۆرێک سازاوە بۆ ژیان کە لە ژینگەیەکدا بێت هێزێکی کێشکردنی تێدا هەبێ هاوشێوەی ئەوەی لەسەر زەویدا هەیە. لەبەرئەوەشە لەشمان دووچاری گۆڕانکاری دەبێتەوە ئەگەر بۆ ماوەیەک لە شوێنێکدا بژین کێشکردنێکی جیاوازی هەبێت، وەک ئەوەی لە وێستگەکانی بۆشاییدا ڕوو دەدات بە نموونە.
ئەمڕۆکە بووەتە ڕاستییەکی زانستی، بەوەی ئێسکی ئاسمانگەڕەکان بارستایییان کەمتر دەبێتەوە، ماسوولکەکانیشیان هێزیان لەدەست دەدەن لە دەمی خولەکانی کارکردنیان لەسەر گالیسکەکانی بۆشایی، هاوکات توانای هەستکردنیان بە هاوسەنگی گۆڕانی بەسەردا دێت.
بەگوێرەی گوتەکانی پسپۆڕ کێڤن فۆنگ (Kevin Fong)، نەمانی کێشکردن گەلەک کێشە و گرفتی دیکەی جۆراوجۆر دێنێتە ئاراوە، لەمانەش کەمبوونەوەی ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن، ئەوەی دەبێتە هۆی تووشبوون بە جۆرێک لە جۆرەکانی کەمخوێنی ناسراو بە "کەمخوێنی بۆشایی ئاسمان". لەتەک ئەمە برینەکانمان کاتێکی درێژتری پێ دەوێت بۆ چاکبوونەوە، سیستەمی بەرگری بەرەو لاوازی دەڕوات، خەوتنیش دووچاری پشێوی و ناجێگیری دەبێتەوە کاتێک هێزی کێشکردن خاو ببێ، یاخۆ نەمێنێت.
هەموو ئەمانە ڕوو دەدەن ئەو دەمەی مرۆڤ گەشتێکی کورت بکات بۆ بۆشایی، لێرەدا بەکی ڕاستەوخۆ دەپرسێت: ئەی باشە دەبێ چیمان بەسەردا بێت ئەگەر بژین و گەشە بکەین لە ژینەگەیەکدا بەتەواوی بەتاڵ بێ لە هێزی کێشکردن؟
ئەی ئەندامەکانمان وەک دڵ و خوێنبەرەکان و ماسوولکەکان کە بەندن بە کاریگەری کێشکردن چییان لێ دێت؟
لە وەڵامی ئەو پرسیارانە دەکارین بڵێین، هۆکاری ڕاستەقینە هەیە وامان لێ بکات بێینە سەر ئەو ڕایەی کە لەشی مرۆڤ بەشێوەیەکی جیاواز گەشە دەکات.
لەڕێی ئەزموونێکەوە بەکی نموونەیەکمان بۆ دەهێنێت، تێیدا پشیلەیەک لە سەرەتاوە چاوێکی بەیەکجارەکی دادەپۆشرێت، دەرەنجام ئەو چاوەی بە کوێر دادەندرێ، لەبەرئەوەی هیچ دەمارگەلەک نەهاتە گەشەکردن بۆ ئەوەی چاوەکە ببەستێتەوە بە شوێنەکانی بەرپرسن لە کرداری بینین لە مێشکدا، چونکە چاوە داپۆشراوەکە هیچ کاتێک هێمایەک، یان نیشانەیەکی بۆ مێشک نەناردووە پەیوەست بێت بە بابەتێکی سروشتی بینین، ئەمەش ڕێک لەگەڵ ئەو وتە کۆنە یەک دەگرێتەوە کە دەبێژێت: "ئەوەی بەکاری نەهێنیت ونی دەکەیت".
بەو شێوە پێ دەچێت ئەندامەکانی دیکەی لەشمان بکەونە بەر هەمان کاریگەری نەمانی هێزی کێشکردن، ئەگەر ئەوە ڕوو بدات. هەر دەمێک ئەو هێزە بوونی نەبێت لە دەوروبەری ئەندامەکانی وەک دڵ و ماسوولکە و ئێسکەکان بۆ ئەوەی کارلەیەک کردن لەنێوانیاندا بێتە کایەوە، ئەوا بێگومان ئەو ئەندامانە بە شێوازێکی جیاواز لەباری ئاسایی پەرە دەسێنن و گەشە دەکەن.
کاریگەری کێشکردن لەسەر زەوی و تەنەکانی گەردوون
سەرباری ئەمانەی ئاماژەیان پێ درا، لەکارکەوتنی هێزی کێشکردن، نائارامییەکی یەکجار گەورە بەرپا دەکات لە هزر و هۆشمان، زۆر پتر بێت لە بیرکردنەوەمان تەنیا لە کاریگەرییە دوور مەودایییەکانی کە بەجێ دەمێنن لەسەر لەشی مرۆڤ.
لێرە دەتوانین پەنا ببەینە بەر گوتەکانی خانمە زانای ئەستێرەناسی لە زانکۆی پۆرتسمۆسی شانشینی یەکگرتوو کارین ماستەرز (Karen Masters)، لە ماڵپەری "لە ئەستێرەناسێک بپرسە" کاریگەری و شوێنەوارە ماددەیییە ڕاستەوخۆکانی نەمانی هێزی کێشکردنمان بۆ شی دەکاتەوە.
یەکەمین کێشە دەوەستێتە سەر ڕێژەی خوولانەوەی زەوی بەدەوری خۆیەوە، ئەوەی گەلەک خێرایە لەم ڕۆژگارەدا، هاوشێوەی ئەوەیە قورسایییەک بە پەتێکەوە بە سەرت بەسترابێ و بخوولێتەوە.
ماستەرز دەڵێت: وەستانی کێشکردن وەک پچڕانی، یان بەردانی پەتەکەیە، هەموو شتەکانی نەبەستراونەتەوە بە زەوی دەفڕن بەرەو بۆشایی ئاسمان بە ئاراستەی هێڵێکی ڕاست و دوور دەکەونەوە لە ڕووی زەوی. لەو ساتەدا هەر کەسێکی بێبەخت لە دەرەوە بێت دەڕوا و ون دەبێت. ئەوانەشی لەناو باڵەخانە و ماڵی پتەون پارێزراون، لەبەرئەوەی زۆربەی باڵەخانەکان بەتووندی بە زەوییەوە جێگیرن تا ئەو ڕادەیەی بکارن لە شوێنی خۆیاندا بمێننەوە ئەگەرچی هێزی کێشکردنیش نەمینێت، بەڵام ئەمەشیان بۆ ماوەیەکی کەمە. هەر شتێکیش زۆر بەباشی بە زەوییەوە نەچەسپابێ، ئەوا هەڵ دەدرێتە ئاسمان، پێش هەمووانیش بەرگەهەوای دەوری هەسارەکەمان لا دەچێت، هاوکات ئاوی زەریا و دەریا و ڕووبارەکانی سەر ڕووی زەویش دەڕژێنە بۆشایی.
وەک دەرەنجامێکی گومان هەڵنەگر، تێکڕای ئێمەی مرۆڤ و بوونەوەرانی زیندوو لەناو دەچین.
ماستەرز لە درێژەی گوتەکانیدا سەرنجمان بۆ ئەوە ڕادەکێشێت کە نەمانی هێزی کێشکردن دواجار زیان بە خودی هەسارەکەمان دەکەوێت، بە جۆرێک زەوی لێک هەڵ دەوەشێتەوە و ورد و خاش دەبێ و بە بۆشاییدا بڵاو دەبێتەوە.
خۆرەکەشمان دووچاری ئەم چارەنووسە دەبێت، بەبێ بوونی کێشکردن کە هۆکاری لێک گیربوونی خۆرە، پەستانێکی یەکجار گەورە دەکەوێتە سەر چەق و ناخەکەی، تا بەخێرایی دەگاتە ئاستێک لەپڕ بە هێزێکی لەئەندازەبەدەر مەزن دەتەقێتەوە. هەمان شت بەسەر سەرجەم ئەستێرەکانی دیکەی گەردوون دادێت، هەرچەندە تیشکە بەتینەکانی دەرچوو لە دەرەنجامی مردن و پاشان وێرانبوون و هەرەسهێنانیان چەندان ساڵیان دەوێ تا بە ئێمە دەگەن، لەبەر دوورییان لێمانەوە بە پێوانەی ساڵی تیشک.
لە کۆتاییدا لە هیچ جێیەکی گەردوونەکەمان تاکە یەک بارستایی ماددەیی نامینێ هاوشێوەی هەسارە و ئەستێرەکان، تەنیا ئەوەی دەمێنێتەوە لە شێوەی تەپ و تۆزێکە لە تەنۆلکەی گەلەک وردی پەرتوبڵاو، نە کارێک بەڕێوە دەبەن و نە لێشیانەوە هیچ پێکهاتەیەک دێتە بەرهەم.
پێویستە جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە هەرگیز سیناریۆیەکی ئاوا ڕوو نادات، بەمەش گرینگی هەبوونی هێزی کێشکردنمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، لەگەڵ ڕۆڵە هەرە بنەڕەتییەکەی لە گشت کار و کردەوەکانی تێکڕای گەردوون، بەبێ کێشکردن گەردوونەکەمان شتێکی تێدا نەدەبوو ببێتە جێی سەرنجمان هاوتای گەلەستێرە و ئەستێرە و هەسارە جوان و قەشەنگەکان.
هێزی کێشکردن یەکێکە لەو چوار هێزە سەرەکییەی گەردوون بەڕێوە دەبەن، سێ هێزەکەی دیکەش گرینگییان کەمتر نییە لەوەی کێشکردن، چونکە بە نەبوونی ئەو هێزانەی، کاروموگناتیسی، ناوکەیی بەهێز و ناوکەیی لاواز، گەردیلەکانیش جێگیر و پارێزراو نابن و دەستبەجێ ورد و خاش دەبن و لێک هەڵ دەوەشێنەوە.
بەڵام ئەوەی سەیرە، هێزی کێشکردن لەناو هەموویان بەناوبانگ و پتر ناسراوە و بایەخی تایبەتی پێ دەدرێت، هەر بۆیەش حەزمان لێیە بیری لێ بکەینەوە و بە ئەندێشەوە بیرۆکەی وەک "نەمانی کێشکردن"ی بۆ هەڵ ببەستین. هاوکات ڕاڤەیەکی باشە بۆ پەرۆشی و گرینگیدانێکی زۆرمان لەم دوایییانەدا بە دۆزەوەی شەپۆلەکانی کێشکردن، هەرچەندە هیچ کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی نییە لەسەر ژیانی ڕۆژانەمان.
سەرچاوە؛
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان




