بهێنە بەرچاوت جیهانێک بەبێ ئاینەکان ... ڕیچارد دۆکینز
23/09/2026, 1:02 (GMT+1)

بهێنە بەرچاوت
بهێنە بەرچاوت بەهەشت بوونی نییە
شتێکی ئاسانە ئەگەر هەوڵ بدەیت
دۆزەخ لە ژێرەوەماندا نییە
سەرووشمان تەنیا ئاسمانە
بهێنە بەرچاوت مرۆڤەکان گشتیان
بۆ ئەمڕۆکەیان بژین
شتێکی ئاسانە ئەگەر هەوڵ بدەیت
دۆزەخ لە ژێرەوەماندا نییە
سەرووشمان تەنیا ئاسمانە
بهێنە بەرچاوت مرۆڤەکان گشتیان
بۆ ئەمڕۆکەیان بژین
بهێنە بەرچاوت وڵاتەکان بوونیان نییە
سەخت نییە ئەوە بکەیت
هیچ شتێک نەکوژیت یان لە پێناویدا بمریت
هیچ ئایینێکیش بوونی نەبێت
بهێنە بەرچاوت مرۆڤەکان گشتیان
لە ئاشتیدا بژین
سەخت نییە ئەوە بکەیت
هیچ شتێک نەکوژیت یان لە پێناویدا بمریت
هیچ ئایینێکیش بوونی نەبێت
بهێنە بەرچاوت مرۆڤەکان گشتیان
لە ئاشتیدا بژین
لەوانەیە بڵێن من خەون دەبینم
بەڵام من تاکە کەس نیم
هیوادارم ڕۆژێک تۆش لەگەڵماندا بیت
ئەو دەمە هەمووی دەبێتە یەک جیهان
بەڵام من تاکە کەس نیم
هیوادارم ڕۆژێک تۆش لەگەڵماندا بیت
ئەو دەمە هەمووی دەبێتە یەک جیهان
بهێنە بەرچاوت خاوەندارییەتی بوونی نەبێت
سەرسام دەبم ئەگەر بتوانیت
پێویست بە بوونی چاوچنۆکی و برسێتی ناکات
برابوونی مرۆڤایەتی
بهێنە بەرچاوت مرۆڤەکان گشتیان
لە تێکڕای جیهاندا بەشدار بن
سەرسام دەبم ئەگەر بتوانیت
پێویست بە بوونی چاوچنۆکی و برسێتی ناکات
برابوونی مرۆڤایەتی
بهێنە بەرچاوت مرۆڤەکان گشتیان
لە تێکڕای جیهاندا بەشدار بن
"بهێنە بەرچاوت" گۆرانییەکی نایابی جۆن لێنن بوو.
بەداخەوە پێیان گوتم، ئەم گۆرانییە جوانە لە ئەمریکادا هەندێ جار دەستکاری دەکرێ و وشەکانی "بەبێ بوونی ئاینەکان" لا دەبردرێن، یاخۆ بێشەرمانە دەیگۆڕن و لەگەڵ دێڕی هەمووی دەبێتە یەک جیهان "هەروەها یەک ئاین"ی بۆ زیاد دەکەن.
بەداخەوە پێیان گوتم، ئەم گۆرانییە جوانە لە ئەمریکادا هەندێ جار دەستکاری دەکرێ و وشەکانی "بەبێ بوونی ئاینەکان" لا دەبردرێن، یاخۆ بێشەرمانە دەیگۆڕن و لەگەڵ دێڕی هەمووی دەبێتە یەک جیهان "هەروەها یەک ئاین"ی بۆ زیاد دەکەن.
جیهانی بێئاین
بهێنە بەرچاوت جیهان نە کارەساتی یازدەی سێپتێمبەری تێدا ڕووی دابێت، نە هێرشەکانی خاچپەرستان، نە هەڵمەتەکانی ڕاونانی ژنە سیحربازەکان، نە قەیرانی کشمیر، نە دابەشکردنی هیندستان/پاکستان، نە شەڕەکانی ئیسرائیل و فەلستینییەکان، نە کوشتارگەی نێوان سرب و کرواتییەکان، نە گرفت و کێشەکانی ئێرلەندای باکوور.
بهێنە بەرچاوت جیهان تالیبانی تێدا نەبێت پەیکەرە مێژوویییەکان بتەقێنێتەوە، ژنان بداتە بەر قامچی تەنیا لەبەرئەوەی بەشێکی زۆر بچووکی لەشیان بەدەر خستبوو، یان لە ملدانی بەئاشکرا و لە شوێنە گشتییەکانی بێباوەڕ و هەڵگەڕاوەکان.
بهێنە بەرچاوت جیهانێک تێیدا جووەکان تووشی لەناوبردن و چەوساندنەوە نەبن، بێگومان ئەگەر ئاین بوونی نەبووایە ئەوا لەگەڵ مرۆکانی ناوچەکە و دەوروبەریان لەڕێی هاوسەرگیرییەوە تێکەڵ دەبوون.
ڕاستە کوشت و بڕ و داگیرکاری و چەوساندنەوەکانی ئەمڕۆکە ڕوو دەدەن هەموویان بەند نین بە هۆکارە ئاینییەکان، سوپای کۆماری ئێرلەندی چەکدار پرۆتستانتەکان (یان بەپێچەوانەوە) ناکوژن بەهۆی چەمکە ئاینییە بنچینەییە ڕوتەکان، پاڵنەرەکان زۆربەیان شێوەیەکن لە تۆڵەسەندنەوە هۆزەکی و خێڵەکییەکان. بەوەی "تاکێک لەوان" "تاکێک لە ئێمە"ی کوشتووە، یاخۆ باپیرە گەورەی ئێمەیان لەسەر خاکی خۆمان دەرکردووە.
بەڵام ئایا سەبارەت بە ئێرلەندای باکوور جگە لە ئاین چی دیکە هەیە؟ هەمان شت پێڕەو دەکرێت لەسەر هیندستان و پاکستان، کرواتیا و سربیا، زۆر شوێنی دی لە ئەندەنوسیا و وڵاتانی ئەفریکا. ئەندازیار و پسپۆڕێکی بواری کۆمەڵایەتی بیەوێت خراپترین و شەڕانگێزترین ڕژێم دروست بکات بۆ درێژەدان بە ڕک و کینە و دوژمندارییەکان، ئەوا هەرگیز ناتوانێت لە چوارچێوەی تیرە و تایفەگەری خۆی لابدات. ئەو خوێندنگەیانەی سەرجەم ئاینەکانیان تێدا دەخوێندرێن، دەکارن لە هەندێ لایەنەوە سوودیان هەبێت، بەڵام بیرۆکەی سەرەکی لە باوەڕداری ئەوەیە مندالەکانی خێڵی ئێمە پێویستە لە ئاینی تایبەت بەخۆیان فێر ببن. منداڵانی خێڵەکانی دیکە دەشێ جاروبار شتێک لە ئاینە ڕکابەرەکانیان فێر بکرێن، کەچی لەگەڵ ئەوەش زۆربەی نموونەکانی مێژوو بۆ مافدان بووە بە تۆڵەسەندنەوە و لێکترازان و دابەشبوون، ئەمەیان شتێکی تەواو چاوەڕوانکراوە.
باشە مەبەست لە باسکردنی ئاینی منداڵێک چییە؟ بهێنە بەرچاوت لە جیهانێکدا دەژین بەئاسایی بۆمان هەیە بدوێین دەربارەی منداڵێکی کلێسایی، یان عیسایی، یاخۆ مارکسی. بیر بکەوە چۆن دەبێت ئەگەر پێشنیاری بەخشینی پارەی حوکمەت بکەین بۆ یارمەتیدانی خوێندنگە سەرەتایییە سەربەخۆ و تایبەتی منداڵەکانی پارتی کرێکاران، یان منداڵەکانی پارتی پارێزگاران و ئەو جۆرە دابەشکردنانە؟ هەموومان هاوڕاین لەوەی منداڵان لەو تەمەنانەدا ئەوە نین بزانن سەر بە عیسایی و مارکسییەکانن، یانیش لەوانەی کرێکار و پارێزگارانن، واتە زۆر بچووکن لە لایەنگیری و حیزبایەتی تێ بگەن. ئەی لەبەرچی دڵخۆشین ئەو دەمەی پێناسەی کاتۆلیکی و پرۆتستانتی، یاخۆ موسڵمان و جوو دەدەینە پاڵ منداڵێکی بچووک؟ ئایا ئەمە تاوان نییە بەرانبەر بە هەست و هۆشی منداڵان؟
ڕۆژێکیان هەمان بابەتم وروژاند لە ساتی گفتوگۆ کردنم لەگەڵ وتەبێژی کلێسای ڕۆمی کاتۆلیک، هەرچەندە ناوەکەیم لەبیر کردووە، بەڵام ئەو وەک پورێکی چارەسەرکەری کێشەکان ڕەفتاری دەکرد. پێم گوت منداڵی قۆناخی سەرەتایی گەلەک بچووکە بۆ زانینی چییەتی ئاینەکەی، بەوەی کاتۆلیکی یان پرۆتستانتی بێت. هەستایە سەرپێ و گوتی: دە وەرە پرسیار لە منداڵەکانی خوێندنگە کاتۆلیکییەکەی گەڕەکەکەمان بکە، ئینجا دەبینیت چەندە بەچاکی دەزانن کە منداڵانی کاتۆلیکن. من پێم وایە ئەمە ڕاستە، تۆش منداڵێکی حەفت ساڵانم بدێ، پاشان ببینە کە چۆنم بوێ ئاوا دەیکەمە پیاوێکی تا ئەوپەڕی تاوانبار و خراپەکار.
لەوانەیە هەندێکمان بپرسین، ئەی ئەگەر ئاینەکەمان ڕاست بێت (هەرگیز نابێت تێکڕای ئەو ئاینانەی هەن بە بوونی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە جیاوازی و دژبوون بەیەکدی هەموویان ڕاست بن)، ئایا فێرکردنی منداڵ بۆ ناسینی ئاینی ڕاستەقینەی خوا و ڕزگارکردنی لە چوونە دۆزەخ کارێکی باش نییە؟ بەبێ ڕەچاوکردنی ئەم فیزلێدان و خۆبەزل زانینە، دەتوانم پێت بڵێم تەنیا کاتێک بۆت هەیە وا بڵێیت ئەگەر خۆت بە خوا و خاوەنی ڕاستی ڕەها بزانیت، ئەو دەمە ڕێ بەمنیش بدە تێت بگەینم کە هیچ کەسێک بۆی نییە بڵێ منم تەنیا خاوەنی ڕاستی ڕەها، لەبەرئەوەی ئەو بڕوابوونە کوێرانەیە بە خواکەت هەڵە و کارەساتێکی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.
باوەڕی ئاینی بار و دۆخێکی هزرییە و کەسەکان هان دەدات بۆ باوەڕهێنان بە شتانێک، بەبێ زانینی چیەتییەکەی، بەبێ بوونی هیچ گومانێک و بەڵگەیەک، باوەڕەکەشیان تا ئەو ئاستەیە ئامادەن لەپێناویدا بکوژن و خۆیان بۆی بەکوشت بدەن، بەبێ پێویستبوون و گەڕان بەدوای هیچ پاساوێکی دیکە.
بۆ باوەڕت بە خوا هەیە؟ لەبەرئەوەی لەناو هەست و هۆشتدا لەگەڵت دەدوێت؟ بێگومان ئەمەیان پێوەندی بە ناخی خۆتەوە هەیە و نابێتە بەڵگەیەکی بەهێز بۆ ڕاستی ئاینەکەت. تاوان و کوشتارگەکەی (یۆرکشایر)یش لەڕێی سروش و فەرمانەکانی عیساوە ڕووی دا لەناو سەری کەسە تاوانکار و خوێنڕێژەکە.
مێشکی مرۆڤ پێک دێت لە ئامێرێکی تەواو و ڕێک بۆ دروستکردنی وڕێنە و ئەندێشەکان، وڕێنەش هەرگیز زەمینە خۆش ناکات بۆ دانانی بنەما و بنچینەیەکی پتەو و چەسپاو بۆ لێکۆڵینەوە و تێگەیشتن لە جیهانی ڕاستەقینە.
لەوانەیە تۆ باوەڕت بە خوا هەیە لەبەرئەوەی پێت وایە ژیانکردن بەبێ بوونی خوا سەخت و دژوار دەبێت، ئەمەشیان بەڵگەیەکی گەلەک بێهێزترە لەوەی پێشوو. دەشێ ژیان سەخت بێت، ئەوە ڕاستە و گیروگرفتی دیکەش هەن سەختن، بۆ ئەمە ئەگەر ئاین بشتوانێت خەم و خەفەت و تاڵی ژیان کەم بکاتەوە، دیسانەوە ئاین ناکاتە شتێکی ڕاست. ئاشکرایە کە برسیبوون هەستێکی سەخت و ناخۆشە، لێرەدا باوەڕهێنانی تۆ ناتوانێت وا لە بەرد بکات بۆ خواردن دەست بدات، یاخۆ بەردەکە بکاتە پارچە پەنیرێک، ئەگەرچی باوەڕهێنانەکەت زۆر پاک و ڕاستگۆیانەش بێت.
با تا ڕادەیەکی زۆریش لەگەڵ بۆچوونی ئاینداران بڕۆین، بە شێوەیەک ئەگەر بە بەڵگەی یەکلاکەرەوەش سەلمێندرا کە بوونی خوا پێویستە بۆ ئارامیی دەروونی و هەست و سۆزداری، لەولاوەش گشت بێباوەڕان تووشی خەمۆکی و شێوانی دەروونی ببن و پەنا ببەنە بەر خۆکوژیش، ئەمانە هیچیان تاکە یەک بەڵگەمان ناخەنە بەردەست بۆ ڕاستبوونی بیروڕا ئاینییەکان.
ناخی مرۆڤ دووچاری دوو دەردی کوشندە دەبێتەوە، یەکەمیان هەوڵدان بۆ چاندنی تۆی دووبەرەکی و تۆڵەسەندنەوە لە نەوەکانیان، دووەمیشیان دانەپاڵی پێناسەیەکی گشتی و کۆمەڵەکی لەبری بینینی کەسەکان وەک تاکێک، لێرە ئاین ناونانێکی سەرەکی و مەترسیدارە، بۆ پێدانی ناسنامەی "ئەوان" بەرانبەر بە "ئێمە"، بەڵام لەڕاستیدا تاکی چاک و خراپ لای ئێمە و ئەواندا هەن. ئاینە ئیبراهیمییەکان زۆر بەزەقی ئەو دووانە تێکەڵ بەیەک دەکەن و پاساوێکی ئاینی بەهێزی بۆ دەهێننەوە. بۆیە ڕۆڵی ئاین لە جیاکاری و لێک دابڕین ئاشکرا دیارە، ئەگەر لە تێکڕای شەڕ و شۆڕ و کێشەکانیش نەبێت، بێگومان لە زۆربەیاندا هۆکاری بنەڕەتییە.
ئەوانەشی ئاین دەبەستنەوە بە پاڵنەری ڕەوشتبەرزی و چاکەکاری ئاینداران، لێیان دەپرسین، ئەی بەردباران کردن بەناوی بەدڕەوشتی و کوشتنی هەڵگەڕاوەکان چی ناو دەنێن؟ کاتێک دەڕوانینە ڕەوشتی پەسندکراو و گونجاوی مرۆکانی ئەمڕۆکەی سەدەی بیست و یەک، دەبینین چیدیکە باوەڕمان بە کۆیلایەتی نەماوە، باوەڕمان بە یەکسانی ژنان، باوەڕمان بە میهرەبانی و بە بەزەیی هاتن بە ئاژەڵان هەیە، ئەمانە سەرجەمیان بابەتگەلی نوێن و لە دەقە ئاینییەکان ئاماژەیان پێ نەکراوە.
لە ڕوانگەیەکی دییەوە، ئایین بریتییە لە گۆڕینی بیروباوەڕە تاقینەکراوەکان بۆ ڕاستییە ڕەها و چەسپاوەکان لە ڕێگەی یارمەتی و هێزی دامەزراوە دەسەڵاتدارەکان و تێپەڕبوونی کاتەوە. لەم بارەیەوە فەیلەسووف لوسیوس سینیکا گوتوویەتی: "خەڵکی بەگشتی پێیان وایە ئاین ڕاستییە، کەسانی ژیر و داناش بە هەڵەی دادەنێن، دەسەڵاتدارانیش بە شتێکی سوودبەخشی دەزانن".
ئەو دەمەی تۆ ئاینداریت و باوەڕت بە بوونی ژیانێکی دیکە هەیە، واتاکەی ئەوەیە تۆ هەوڵی گۆڕین و باشترکردنی نادەیەت و بەتەواوی چێژ لە ژیانت وەرناگریت، ئەمەش شێوازێکی نەرێنییە بۆ ژیان، بەرانبەر بەوە بێباوەری ئازادیت پێ دەدات لەم ژیانەی کە تاکە یەکجار پێت دراوە، بە شادی و خۆشی و دەستەبەرکردنی هەموو مافەکانت بەسەری بەریت.
هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە، ئێمە دەزانین زۆرینەی ئاینداران مرۆڤی چاکەکار و باشن، بەڵام هەر ئاینداریشە تووندڕەوی بەبەرهەم دەهێنیت لە جیهاندا، بەهۆی فێرکردنی لایەنگرانیان بەوەی خوای ئێمە تاکە خوای ڕاستەقینەیە و ئاینەکەشمان ڕاستی ڕەهایە.
دواجار پێویستە ئەو گوتەیە بەبیر خۆمان بهێنینەوە کە دەبێژێت: ئاین بوونی هەبێت یان نەبێت، مرۆگەلە چاکەکان کاری باش دەکەن و مرۆگەلە خراپەکانیش کاری خراپ دەکەن، بەڵام بۆ ئەوەی مرۆگەلە چاکەکان کاری خراپ بکەن، پێویست بە بوونی ئاینە. هاوشێوەی ئەمە بلیز پاسکاڵ (خاوەنی گرەوەکە) گوتوویەتی: "مرۆڤ هەرگیز بەو دڵسۆزی و ئاسوودەیییە خراپە ناکات، هاوشێوەی ئەوانەی بە کاریگەری و پاڵنەری ئاینەکانەوە دەیکەن".
تێبینی:
دۆکینز تەنیا ئاماژەی بەناوی گۆرانییەکەی جۆن لێنن کردووە، تێکستی گۆرانییەکە لەلایەن وەرگێڕەوە کراوە بەکوردی.
دۆکینز تەنیا ئاماژەی بەناوی گۆرانییەکەی جۆن لێنن کردووە، تێکستی گۆرانییەکە لەلایەن وەرگێڕەوە کراوە بەکوردی.
بهێنە بەرچاوت:
سەرچاوە؛
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان


