<

تێڕوانینێک بۆ ناسراوترین بەڵگەکانی بوونی خوا (بەشی پێنجەم)

13/09/2026, 20:04 (GMT+1)
چەندان زانای ناودار و کەسانی ژیر باوەڕیان بە خوایە، کەواتە بوونی هەیە
ژمارەیەک لە باوەڕداران بۆ بەرگریکردن لە بیروباوەڕەکانیان ئەم بانگەشەیە بەکار دەهێنن: "ئەمەیان کەسایەتییەکی یەکجار هۆشمەند و ژیرە و باوەڕی بە بوونی خوا هەیە، تۆ کێیت تا بڵێیت هەڵەیە؟" ئەمە ئارەزووەکی سروشتییە لای مرۆڤ بۆ پەسندکردنی ڕای ئەو کەسانەی لە سەرووی ئەون، هەر لە منداڵییەوە فێر دەکرێین گوێڕایەڵی گوتە و فەرمانەکانی لەخۆمان گەورەتر ببین. هەمیشە پێمان دەگوترێت کە دایک و باوکمان لە ئێمە باشتر دەزانن، بۆیە دەبێ هەرچییەکی ئەوان داومان لێ بکەن بەجێی بگەینین، کاتێکیش دەچینە فێرگە و خوێندنگەکان، پێویستە بە مەبەستی فێربوون گوێ لە مامۆستاکانمان بگرین. تێکڕای کۆمەڵگەکان کار لەسەر ئەم شتە دەکەن، لەبەرئەوەی لەو باوەڕەداین ئەوانەی پلە و پایەیان لە ئێمە بەرزترە، ئەوا لە گشت بابەتگەلەکاندا لە ئێمە پتر دەزانن.
بێگومان ئەم لۆژیکە تا ڕادەیەک ڕاستە، مامۆستاکان و دایکان و باوکان زێدەتر و چاکتر لە منداڵانی ژێر چاودێرییان تێ دەگەن، هەر لەسەر ئەم بنچینەیەشە کە ناکرێ یاسا و ڕێساکان پارێزراو بن، ئەگەر هاووڵاتییان ڕێز لە سەران و دەسەڵاتداران نەگرن.
بەڵام لەگەڵ ئەوەش پێڕەوی کردنی ئەم بنەمایە و گوێڕایەڵی بەردەوام بۆ ئەوانەی لە سەروی خۆمانن، بەرەو بیرنەکردنەوە و تەمبەڵی هزریمان دەبەن، خۆبەدوور گرتن لە هۆشەکی ڕەخنەگرانە و لێکۆڵینەوەی تەواو بۆ گەیشتن بەڕاستییەکان، مرۆڤ تووشی کێشە و گرفتی مەزن دەکات. مرۆیە پلەبەرزەکان گشت کاتێک ڕاست نین، یەکێک هەرچەندە زیرەکیش بێ دەشێ لە هەندێ ڕا و بۆچوونەکانیدا هەڵە بێت. بەم پێیە لەوانەیە کەسانێکی گەلەک ژیر لە باوەڕهێنانیان بە بوونی خوایە هەڵە بن، واتە زیرەکی پێوەری ڕاستی نییە لەبارەی هەموو بابەتەکان، بەکورتی ڕێی تێ دەچێت کەسێکی ژیر و هۆشمەند نەتوانێت بەڵگەی دروست و یەکلاکەرەوە بەدەست بهێنێت و دەرەنجام بگاتە شکست لە بڕیاردانێکی ڕاست.
زیرەکی و زانین هەردەم لێکگرێ نەدراون، زیرەکی شێوازێکە بۆ مامەڵەکردن و بەکاربردنێکی دروستی زانیارییەکان، مەرجیش نییە ئەوەی دەیزانیت هەمیشە باوەڕی پێ بهێنیت. ڕەنگە ئەم کارە وا لە کەسێک بکات چەندان هۆکار و بیانووی ئاڵۆز بدۆزێتەوە بۆ بەرگریکردن لە باوەڕەکەی، ئەگەرچی هەڵە و نالۆژیکی باوەڕهێنانەکەی زۆر ئاشکرا و دیاریش بن.
بۆ نموونە، ئارسەر کۆنان دۆیل (Arthur Conan Doyle)، پزیشکی ناودار و دانەری چیرۆکەکانی شێرلۆک هۆڵمز، باوەڕی بە بوونی جنۆکە و گیانە خراپەکارەکان هەبوو. بۆ ئەمە پسپۆڕی بەدرۆخستنەوەی زانستە ساختەکان و بابەتە لەسروشتبەدەرەکان و مێژوونووسی زانستەکانی ئەمریکایی مایکل شێرمەر (Michael Shermer) دەبێژێت: "کەسە ژیرەکان باوەڕیان بە شتگەلە سەیر و ناسروشتییەکان هەیە، لەبەرئەوەی باشترن لە پاساوهێنانەوە بۆ باوەرەکانی کە هەیانە بە هۆکارە ناژیرەکان".
لایەنگری بیروڕای ئەوانەی لە پلە و پایە لە سەرووی ئێمەن بەهەڵەبردنێکی لۆژیکییە و بەم دەستەواژەیە دەردەبڕدرێت:
کەسایەتی A پسپۆڕە لە Z
کەسایەتی A گوتەی X دەڵێت دەربارەی Z
لەسەر ئەم بنچینەیە، کەواتە گوتەی X بەبێ هیچ گومانێک دەبێ ڕاست بێت.
ئەمە بەهەڵەبردنێکی لۆژیکییە، کەسایەتی A و هەڵێنجانە هەڵەکە هیچ پێوەندییەکی بە ڕاستییەوە نییە، پسپۆڕەکانیش هەموو جارێک لە باوەڕ و گوتەکانیان ڕاست نین. ئاشکرایە زۆرینەی ڕاڤە و ڕای پسپۆڕەکان لە ڕاستییەوە نێزیکترە لە کەسانی دیکە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە بواری پسپۆڕییەکەی تایبەت بەخۆی خوێندوویەتی و پتر تۆژینەوەی ئەنجام داوە لەبارەی بابەتێکی دیارکراو، بەڵام دیسانەوە ڕایەکانی ڕاست نین، تەنیا لەبەرئەوەی پسپۆڕە لە بابەتێک، ئەمە نایکاتە کەسێکی هەمیشە دوور لە هەڵە، دەکرێ شارەزا و پسپۆڕانیش هەڵە بکەن.
دەرەنجامە زانستییەکان لەلایەن بنکە و ڕێکخراوە زانستییەکانەوە وەردەگیرێن، ئەگەر بەرئەزموون بن و بتواندرێ بە بەڵگەوە بسەلمێندرێن بەشێوەیەکی سەربەخۆ. بابەتگەلە زانستییەکان بەهاکانیان بەند نییە بە بەهای زاناکان، بەبێ تێپەڕبوون بە تاقیکردنەوە سەخت و مەرجە تووندەکانی ڕێکارە زانستییەکان، بۆیە گوتەی پسپۆڕ و زانایەک بەبێ پاڵپشتی بە بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا هەر لەخۆوە بە ڕاست داناندرێ و نابێتە جێی متمانە.
بە نموونە، ئەینشتاین یەکێکە لە مەزنترین زاناکانی فیزیک لە مێژووی مرۆڤایەتی، کۆمەڵێک لە بیروڕا و بیردۆزەکانی بە بەڵگەی یەکلاکەرەوە سەلمێندران، کەچی چەندان بۆچوونی دیکەی بە بیروڕا فیزیکییەکانیەوەش بەهەڵە خرانەوە، بەتایبەتی ڕایەکانی لەبارەی فیزیکی کوانتەم چەوت و ناڕاست بوون.

بێباوەڕی و زیرەکی
وەک ئاماژەی پێ درا، باوەڕهێنان ناوەستێتە سەر ڕێژەی هۆشمەندی و زیرەکی، بەڵکوو پرسێکە لە بوونی زانیاری لەلای کەسەکان و چۆنەتی بەکاربردنیان، زۆر جار بێباوەڕی دێتە ئاراوە لە پرسیارە ڕاستەکان و دەستنیشان کردنی کێشە و گرفتە ئاڵۆزەکان. ئەوەی دووچاری گومانەکان نەبێت و هەرگیز هەلی پرسیارکردنی بۆ نەڕەخسابێ دەربارەی ئاین و باوەڕداری، ڕەنگە بیر لە بێباوەری هەر نەکاتەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئاستی زیرەکییەکەی، هاوکات پێچەوانەکەشی ڕاستە و باوەڕهێنان بە خوا هیچ کەسێک ناکەتە گەمژە و دەبەنگ.
هەموومان چاک دەزانین کە مرۆگەلەکی باوەڕداری زۆر زیرەک و بلیمەت هەن لە مێژوودا، هەرچەندە زۆرینەی تۆژینەوە و ڕاپرسییەکان ئاماژە دەدەن بە پێوەندییەکی پتەو لەنێوان بێباوەڕی و زیرەکی. ژمارەیەکی زۆر لە مرۆکان دەبنە بێباوەڕ بەهۆی کۆمەڵێک پرسی گوماناوی و بیرکردنەوە بێلایەنەکان، ئەوانەی پێویستیان بە چالاکی و پلەیەکی بەرزە لە ژیریی و زیرەکی. گومان لە بانگەشەی ئاینەکان هاندەر و ڕێخۆشکەرە بۆ بینین و دۆزینەوەی هەڵە و نالۆژیکییەکانی لە ئاینەکاندا هەن، ئەمەشە هۆکاری ئەوەی بێباوەڕی یەکجار بەربڵاوە لەناو زاناکان، ئەگەرچی خۆیانیش لەقەرەی ئاینەکان نەدەن و نەیانەوێت بە بێباوەڕ بناسرێن.
دواجار دەڵێین، کاری زاناکان نییە لە بوون و نەبوونی خوا بکۆڵنەوە، بەڵام ئەمە بەڵگەیەکی بەهێزە بۆ بەدرۆخستنەوەی بانگەشەکانی ئاینداران کە گوایە ئاین و سەرجەم زانستەکان کۆکن و ئاینداری ڕۆشنبیر و پسپۆڕ و زاناکانیش پشتگیرییەکی گرینگە بۆ هەبوونی خوا.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست