ئەو لایەنگرییانەی بەربەستن لەبەردەم بیرکردنەوە عەقلانییەکان
10/09/2026, 19:22 (GMT+1)

مێشکی مرۆڤ وا ناسراوە دەتوانێت ملیۆنان کردار لە یەک چرکەدا ئەنجام بدات، واتە زۆر خێراتر لە کاری پێشکەوتووترین کۆمپیوتەر، بەڵام ئەمە هەر مانای ئەوە نییە مێشکمان هیچ کەموکوڕییەکی تێدا نەبێت بۆ سنووردارکردنی توانەکانی.
هەڵەکردن یەکێکە لە سەرەکیترین ئەو کەموکوڕییانە، ئاشکرایە ئامێرێکی سادەی ژمێرەکی پێی دەکرێ هەزاران هێندە لە ئێـمە باشتر هاوکێشە و پرسە ماتماتیکییەکان بەبێ هەڵە شیکار بکات، هاوکات بیرگە، یاخۆ یادەوەری مرۆڤ زۆر جار لە بەجێهێنانی کار و کردەوەکانیدا دووچاری شێوان و شکست دەبێت و تووشی لەبیرچوونەوەمان دەکات. دەرەنجام ڕووبەڕووی لایەنگرییە هۆشەکییە هەڵە و نالۆژیکییەکان دەبینەوە، ئەم هەڵانەش دەبنە بەربەست لەبەردەم بیرکردنەوەیەکی هۆشمەندانە و ژیر، دواجار وامان لێ دێت بڕیاری ناڕاست بدەین لە بابەتەگەلە گرینگەکانی ژیانمان.
پێش ئەوەی بچینە ناو تەوەرەی بابەتەکە، پێویستە لایەنگری مەعریفی (Cognitive Bias)، یاخۆ لایەنگرییە هۆشەکی و عەقلانییەکان جیا بکەینەوە لە بەهەڵەبردنە ژیربێژییەکان، یان لۆژیکییەکان (Logical Fallacy).
بەهەڵەبردنی لۆژیکی بریتییە لە هەڵەیەک لە بەڵگەهێنانەوە کە وا دەکات بابەتێک بە ڕاست دەربکەوێت لە کاتێکدا لە بنەڕەتدا هەڵەیە، ئەمەش شێوازێکە لە هەڵ خەڵەتاندنی مێشک.
دیارترین جۆرەکانی بەهەڵەبردنی لۆژیکی بە نموونە: بەڵگەهێنانەوەی بازنەیی(Circular reasoning)، پەنابرنە بەر دەسەڵاتداری (Appeal to authority)، پەنابردنە بەر زۆرینە (Appeal to people)، بەکەسایەتیکردن (Ad hominem)، لێژیی مەترسیدار (Slippery Slope).
بەڵام زاراوەی لایەنگری مەعریفی وەک گوتمان ئاماژەیەکە بۆ تێکچوون و کەموکوڕییەکی ڕاستەقینە لە بڕیاردان، یاخۆ بەربەست لەبەردەم بیرکردنەوەماندا، ئەوانەی دێنە کایەوە بەهۆی هەڵەی بیرگە، یان پشتوانییە کۆمەڵایەتییەکان، یانیش بیروڕا و هەڵسەنگاندنە هەڵەکانی وەک هەڵەی زانیارییە هەژمارەکییەکان، یان هەستکردنێکی ساختە و درۆینە بۆ ئەگەرەکانی ڕوودانی شتانێک.
هەندێ لە زاناکانی دەروونناسی کۆمەڵایەتی پێیان وایە دەشێ ئەو لایەنگرییانە یاریدەدەرمان بن بۆ مامەڵەکردنێکی باشتر لەگەڵ زانیارییەکان، بەتایبەتیش لە کاتێکدا تووشی بارودۆخێکی مەترسیدار دەبینەوە، ئەگەرچی زۆر جار بەرەو ئەوەمان دەبەن هەڵەی گەورە بکەین لە بڕیارەکانماندا.
دەیان جۆرە لایەنگری مەعریفی، یاخۆ عەقڵی و هۆشەکی پەیوەست بە زانین، تێگەیشتن، بیرکردنەوە و پرۆسە هزرییەکان بوونیان هەیە، بەڵام لێرەدا تەنیا چەند دانەیەکی باو و ناسراو دەخەینە بەردەست.
لایەنگریی دووپاتەکی، یاخۆ پشتڕاستکردنەوە (Confirmation Bias)
زۆربەمان پێمان خۆشە هاوڕای ئەوانە بین هەمان ڕای ئێمەیان هەیە، هەر بۆیە حەز دەکەین سەردانی ماڵپەڕ و ئەو کەسانەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەین کە خاوەنی هزر و هۆش و بیروڕای سیاسییان لەگەڵ ئێمەدا یەک دەگرنەوە، بەردەوام خوازیاری ئەوەین لەگەڵ کەسانێک بین هاوشێوەی ئێمە بیر دەکەنەوە. ئەمەش وامان لێ دەکات دوور بکەوینەوە لە تاک و کۆمەڵ و دەزگەکانی ڕاگەیاندن کە لەگەڵ هەست و نەستمان ناگونجێن و دژی تێڕوانین و بۆچوونەکانمانن.
زانای دەروونناسی ڕەفتارەکی سکینەر (B. F. Skinner)، ئەم دیاردەیە ناو دەنێت بە لێک وەدوورکەوتن، یاخۆ ناتەبایی مەعریفی (Cognitive Dissonance)، بەو شێوەیەی ڕەفتارێکە لامان خوازراو و پەسندە، بەڵام بەرەو لایەنگرییەکی پشتڕاستکردنەوەمان دەبات، ئەمەشیان کارێکی نائاگایییە هانمان دەدات لایەنگری ئەو بۆچوونانە بین کۆکن لەگەڵ بیروڕا پێشینەکانی ئێمە. بەجۆرێک دژی هەموو ڕایەکانی دیکە بین ئەگەرچی ڕاستیش بن، لەبەرئەوەی جیاوازن لە تێڕوانینی ئێمە بۆ جیهان. ئەمڕۆکە ئەنتەرنێت بووەتە هۆی ناسین و بڵاوبوونەوەی پتری ئەو لایەنگرییە.
لایەنگری کۆمەڵەکەمان (Ingroup Bias)
لایەنگری بۆ کۆمەڵەی ناوەکی تەواو لە لایەنگری پشتڕاستکردنەوە دەچێت، هاوتای مەیلێکی خێڵەکی سروشتی و زگماک دەردەکەوێت. ئەوەی جێی سەرنجە لایەنگری کۆمەڵ بەندە بە هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین کە بە "تەنۆلکەی خۆشەویستی" دەناسرێت، گوێزەوەیەکی دەمارەکییە و یاریدەرە بۆ بەستنی پێوەندییەکی پتەو لەگەڵ کەسانی کۆمەڵەکەمان (ناوەکی)، هاوکات کاریگەرییەکی پێچەوانەی هەیە بۆ پێوەندیمان لەگەڵ بێگانەکان (کۆمەڵە دەرەکییەکان)، وامان لێ دەکات لێیان بەگومان بین و متمانەمان پێیان نەبێت، تا ڕادەی سووکایەتی و دژایەتی کردنیشیان. دەرەنجام لایەنگرییە کۆمەڵەیییەکە دەبێتە هۆکارێک بۆ زێدەڕۆیییەکی بێ بنەما لە بەرزکردنەوەی بەهاکانی کۆمەڵەکەی ئێمە بەرانبەر بەوانەی دیکە.
بەهەڵەبردنی قومارچی (Gambler’s Fallacy)
هەرچەندە ناوی بەهەڵەبردنی پێ دراوە، بەڵام لەڕاستیدا نێزیکترە لە کەموکوڕییەک لە شێوازی بیرکردنەوەمان، بەوەی ئێمە گەلەک جار پشت دەبەستین بە ڕووداوەکانی ڕابردوو بۆ پێشبینیکردن لە دەرەنجامی ڕووداوەکانی داهاتوو.
نموونەیەکی ناسراو دەهێنینەوە لەسەر ئەم لایەنگرییە، با بڕوانینە دراوێکی کانزایی، ئەو دەمەی دراوەکەمان پێنج جاران هەڵ دابێت و لە هەموو جارەکانیش "وێنە"مان بۆ هاتبێت، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە چاوەڕوانین لە هەڵدانی شەشەمدا "نووسین" بەدەر بکەوێت، هەرچەندە زانستی هەژمار و ئەگەرەکان پێمان دەڵێن، لە گشت هەڵدانەکاندا هاتنی وێنە و نووسین وەک یەکن 50% بە 50%، لەبەرئەوەی هەر هەڵدانێک ڕووداوێکی سەربەخۆیە و بەند نییە بەوەی پێش یان دواوەی خۆی. ئەوەشە هۆکاری ئالوودەبوونمان بە قومارکردن و وای بۆ دەچین ئەمجارەی بێتەوە بەخت یارمان دەبێ و براوە دەبین، یاخۆ بەهەڵە باوەڕ بەوە دەهێنین کە پێوەندییە نوێیە سۆزدارییەکەمان لەوەی پێشوو باشتر دەبێت (لایەنگری پێشبینییە ئەرێنییەکان).
پاساو، یاخۆ بیانووی پاش کڕین (Post-Purchase Rationalization)
لەبیرتە ڕۆژێکیان شتێکت کڕی بێت و هیچ ئیشیشت پێی نەبووبێ، یان بێکەڵک و خراپ، یانیش نرخێکی زۆر بەرزی هەبوو بێت، پاشان دڵی خۆت بەوە داوەتەوە کە ئەو کڕینەت سوود و قازانێکی باشی بۆت هەبووە؟ بەڵی، ئەمەیە پێی دەگوترێت پاساو یان بیانووی دوای کڕین، لایەنگرییەکە بۆ ئارامبوونی خودی خۆمان پاش بڕیارە ساویلکە و گەمژەکانمان، بەتایبەتیش لە کاتی پارەدان. ئەم دیاردەیە ناسراوە بە نەخۆشی دەروونی ستۆکهۆڵمی کڕین (Buyer's Stockholm Syndrome)، لەبەری داننان بەهەڵەکانمان دێن و پاساو دەهێنینەوە بۆ کڕینی شتە بەهادارەکان. زاناکانی دەروونناسی کۆمەڵایەتی دەبێژن، ئەوە نەخۆشییەکی دەروونییە وەک هەست و ئارەزووێک بۆ پاراستنی هاوسەنگی لەگەڵ خود و خۆ بەدوورگرتن لە دابڕینە خۆیەکییەکان.
پشتگوێخستنی ڕێژەی ئەگەر (Neglecting Probability)
کەم هەن لە سواری ئۆتۆمۆبیل بترسن، بەڵام زۆرن ئەوانەی ترسیان لە هاتوچۆکردنە بە فڕۆکە بە بەرزایی پتر لە دە هەزار مەتر. ئاشکرایە گەشتکردن بە فڕۆکە شتێکی ئاسایی نییە و مەترسیدارە، بەڵام ژمارەیەکی کەم دەزانن کە ئەگەری مردن بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لەڕێی ئۆتۆمۆبیلەکانەوە گەلەک زیاترە لەوەی فڕۆکە. بەگوێرەی هەژمارەکان ساڵانە پتر لە ملیۆنێک کەس بە ڕووداوی ئۆتۆمۆبیلەکان دەمرن، کەچی تەنیا 200 تا 600 کەس بە ڕووداوەکانی فڕۆکە دەمرن، واتە بەهیچ شێوەیەک جێی بەراوردکردن نین. ئەم جۆرە لایەنگرییە هاوشێوەی بیرکردنەوەمانە لە ڕێژەی ئەگەرەکانی کە تووشی دڵەراوکێمان دەکەن، بە نموونە بە ئەگەری کوژرانمان بەدەست تیرۆریستان، بەبێ گوێدان بە شتگەلەکانی ئەگەری ڕوودانیان یەکجار زێدەترە، وەک بەربوونەوەمان لە پلیکانە و بەرزایییەکان، یاخۆ ژاراویبوونمان بە خۆراکەکان.
دەروونناسی کۆمەڵایەتی کاس سەنستاین (Cass Sunstein)، ئەمە ناو دەنێت بە فەرامۆشکردن و پشتگوێخستنی ئەگەرەکان، واتە تێ نەگەیشتنێکی ڕاست لە چەمکی ترسان و مەترسیداریی، ئەوەی بەرەو زێدەڕۆییکردنمان دەبات لە ترسان لە شتانێک کە جێی مەترسی نین بەو ڕێژەییەی دەناسرێن، لەلایەکی دییەوە هانمان دەدات بۆ ئەنجامدانی کاری زۆر لەو مەترسیدارتر.
لایەنگری هەڵبژاردەی چاودێریکراو (Observational Selection Bias)
ئەمەیان کاریگەرییەکە لەلاماندا لەناکاو سەرهەڵ دەدات، ئەو دەمەی هەست دەکەین شتێک زۆرتر دێتە بەرچاومان بەراورد بە ماوەی پێشوو، وای بۆ دەچین ئەم شتە ڕێژەی زیاتر بووە. باشترین نموونە کاتێک ڕوو دەدات کە ئۆتۆمۆبیلێکی نوێ دەکڕین، ڕاستەوخۆ و بەبێ هۆکارێکی دیار و ئاشکرا دەچینە هەر شوینێک گەلەک ئۆتۆمۆبیلی هاوشێوەی ئەوەی ئێمە دەبینین، هەمان کاریگەری لای ژنانی زگپڕدا هەیە، هەست دەکەن ژمارەی ژنانی زگپڕ لەم دەوروبەرەدا تەواو زێدە بووە، بەڵام لەڕاستیدا هیچیان بەو جۆرە نین و ژمارەیان زۆر نەبووە، بەهۆی ئەوەوەیە شتەکە لەو ساتانەدا لە مێشکمان چەسپاوە، دەرەنجام پتر سەیریان دەکەین و دەبنە جێی بایەخ بۆمان.
زۆرینە بیری بۆ ئەم لایەنگرییە هەڵبژاردەیە ناچێت و لەو باوەڕەن هەر بەڕاستی ئەو دیاردانە زیاتر دەبن، ئەمەش هەڵەیەکی زەقە وایان لێ دەکات دەرکەوتنی پتری هەندێ ڕووداوی دیارکراو هەرگیز وەک ڕێکەوتێک نەبینن، هەرچەندە گومانی تێدا نییە کە هەر بەڕاستیش ڕێکەوتن.
لایەنگری دۆخی ئێستە (Status-Quo Bias)
کەسانێک هەن لە گۆڕانکاری دەترسن، ئەمەش دەمان گەیێنێتە بەباشتر دانان و پەسندکردنی بژاردەکانی مانەوەی بارودۆخەکان بەشێوەی ئێستەیان، یان کەمترین گۆڕانی بەناچاری، لە سیاسەت و باری ئابووریدا ئەم لایەنگرییە گەلەک باو و بەربڵاوە، پێمان خۆشە دەست بگرین بە مانەوەی ڕۆتینی ڕۆژانە و نەگۆڕانی حیزبە سیاسییەکان و هەلومەرجە ئابوورییەکان. بەڵام لایەنی ڕوخێنەر و مەترسیداری ئەم لایەنگرییە ئەوەیە کە گریمانەیەکی هەڵە و بێ بنەمایە، لەبەرئەوەی وا دەکات هەموو بژاردەکانی دیکە بە چەوت و بێبایەخ بزانین، بە دەربڕینێکی کورت دەکرێ پێناسەی لایەنگری دۆخی ئێستە بەمە بکەین: "ئەگەر ئەم شتە کار دەکات، وازی لێ بێنە و پێویستی بە چاکسازی نییە"
لایەنگری هەنووکە (The Current Moment Bias)
بۆ ئێمەی مرۆڤ گەلەک سەخت و دژوارە کاتێک بیر لە ئایندە دەکەینەوە، ئاخۆ دەبێ هەڵسوکەوت و بارودۆخی ژیانمان چەندە گۆڕانی بەسەردا بێت؟ بۆیە زۆربەمان بەباشی دەزانین بۆ ئەمڕۆکە بژین و چێژ لەم ساتانەی لەبەردەستمانن وەربگرین، ناخۆشی و ئازارەکانیش با بۆ ڕۆژگاری خۆی دابنێین. ئەم جۆرە لایەنگرییە هۆکاری نائارامی ئابووریناسانە، بەو واتایەیە کە نابێ گوێ بدەینە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و پاشکەوتکردنی پارە بۆ دواڕۆژ. هاوکات لای پزیشکەکانیش ئەمە کێشەیە، لە ڕاپرسییەکدا بە مەبەستی هەڵبژاردنی خۆراک بۆ حەفتەی داهاتوو، 74%ی بەشداربووان بژاردەیان میوە بوو، بەڵام ئەو دەمەی بابەتەکە پێوەندی بە هەنووکە و بەهەمان ڕۆژ هەبوو، 70% دەستبەجێ شیرنەمەنییان هەڵ بژارد.
لایەنگری بیرکردنەوەی نەرێنی (Negativity Bias)
زۆرینەمان ئارەزوومەندی بایەخدانین بە هەواڵە خراپەکان، ئەمەش هەر لەخۆوە بەند نییە بە خواستەکانمان، لەبەرئەوەی زاناکانی کۆمەڵناسی دەڵێن، ئێمە بە بژاردەی خۆمان دەڕوانینە هەواڵە نەرینییەکان بە شێوەیەک لامان گرینگترن لەوانەی دی، پێمان وایە ئەو جۆرە هەواڵانە پتر جێی متمانەن، هۆیەکەشی ئەوەیە گومان لە هەواڵە باشەکان دەکەین، یان زووتر لێیان بێزار دەبین.
ئێمە ئەمڕۆکە لە زۆر لاوە گوێبیستی هەواڵی ناخۆش دەبین و خێراتر بڵاو دەبنەوە بەراورد بە هەواڵە خۆشەکان، لەبارەی ئەوەوە ستیڤن پینکەر (Steven Pinker)، لە کتێبەکەیدا بە ناوی "فریشتە باشترەکانی سروشتی ئێمە: بۆچی توندوتیژی کەمی کردووە؟" ئاماژە بەوە دەدات کە تاوانکاری، تووندوتیژی، جەنگ و شەڕوشۆڕ و خراپەکارییەکانی دیکە ڕێژەکەیان بە پلەیەکی بەرچاو دابەزیووە، کەچی زۆربەمان وای بۆ دەچین بارودۆخی ژیانمان بەرەو خراپی و تێکچوون دەڕوات، ئەمەش بەڵگەیەکی بەهێزە بۆ بوونی لایەنگری بیرکردنەوە نەرێنییەکان.
کاریگەری مێگەل، یاخۆ کاریگەری کاروان (Bandwagon Effect)
هەندێ جار پێمان خۆشە ملی ڕێ بگرین لەگەڵ تەوژمێک کە هەمووی بە هەمان ئاراستە دەروات، هەرچەندە لەوانەیە بەبێ ئاگەیی ئەوە بکەین، بۆیەش کاتێک جەماوەرێک هاندەری تیمێکی براوەیە، مێشکی تاکەکان لەکارکردن دەوەستێت و بابەتەکە دەبێتە "هۆشی بەکۆمەڵ"، لێرەدا مەرج نییە گشت جارێک کۆمەڵەکە زۆر گەورە بێت، بەڵکوو دەشێ کۆمەڵەی بچووکی وەک خێزان، یاخۆ کۆمەڵێک کەسی هاوپیشە، یان هاوڕێی یەکدی پێک هاتبن. کاریگەری مێگەل وا دەکات ژمارەیەک لە ڕەفتار و شێوازی بیرکردنەوە لەناو کۆمەڵە کەسێک بڵاو ببێتەوە، بەبێ گوێدان بە پاڵنەری ڕاستەقینە و بوونی بەڵگە، ئەمەشە هۆکاری کەموکوڕی و ناتەواوی ڕاپرسییەکان، لەبەرئەوەی ئەگەری زۆرە کۆمەڵەکە ببێتە هۆی سەپاندنی جۆرە بیروڕایەکی دیارکراو لەلای تاکەکان.
لایەنگری خستنەپاڵ (Projection Bias)
لایەنگرییەکە تێیدا کەسێک هەستی نەخوازراوی خۆی، یان چۆنەتی بیرکردنەوەی دەخاتە پاڵ کەسێکی دی. ئێمە هەمیشە بەندکراوی هزروهۆشی خۆمانین، بەمەش گەلەک جار سەختە بەچاکی بزانین لە دەرەوەی سنووری وشیاری و هەست و ئارەزووەکانمان چی هەن، بۆیە وای بۆ دەچین کەسانی دیکەش بەتەواوی هاوشێوەی ئێمەن، دەرنجام ڕەفتار و شێوازی بیرکردنەوەمان دەدەینە پاڵ ئەوان، هەرچەندە هیچ بنچینەیەکی ڕاست و دروستیشی نەبێت. ئەم شێوان و کەموکوڕییەی هەست و هۆشمان پێوەندی هەیە بە لایەنگرییەک پێی دەگوترێت، لایەنگری کۆدەنگی ساختە (False Consensus Bias)، تێیدا هەست دەکەین کەسانی دی وەک ئێمە بیر دەکەنەوە و زۆربەشیان هاوڕا و هاودەنگمانن، ئەمەشمان بۆ ئەوەیە خۆمان ڕازی بکەین تا چەند ئێمە سروشتی و نموونەیین.
بانگەشەی بوونی کۆدەنگییەک دەکەین لە بابەتێکدا، بەجۆرێک لەڕاستیدا هیچ کۆدەنگییەکی تێدا نییە، سەرەڕای ئەوە دەشێ لایەنگری خستنەپاڵ ببێتە هاندەرێک بۆ گروپێکی تووندڕەو و وای لێیان بکات باوەریان هەبێت بەوەی خەڵکی هەر هەمووی هاودەنگن لەگەڵیان. بەهەمان شێوە لایەنگری خستنەپاڵ دەبێتە هۆی زێدەڕۆیی و دروستکردنی باوەربەخۆبوونێکی ساختە و ناڕاستەقینە، لەو کاتانەی پێشبینی بردنەوەی تیمێکی وەرزشی، یاخۆ دەرچوونی بەربژێرانی هەڵبژاردنێک دەکەین.
کاریگەری لەنگەرگرتن (Anchoring Effect)
کاریگەری لەنگەرگرتن و چەسپاندن بە تەڵەی ڕێژەییش دەناسرێت، تێگەیشتن لەم چەمکە ئەو دەمە ڕوون دەبێتەوە، کاتێک بێین بەراوردی چەند شتێک لەگەڵ یەکدا بکەین لەنێوان کۆمەڵەیەکی دیارکراو و سنووردار. بە نموونە دەچینە فرۆشگەیەکی جلوبەرگ، سەرنج دەدەینە جیاوازی نرخی شتەکانی تەنیا لەناو ئەو فرۆشگەیەدا هەیە، نەک بڕوانینە نرخی شتەکان لە بازاڕدا بەگشتی، یاخۆ لەگەڵ داشکاندن نرخی ڕاستەقینە دادەنێن (خۆی بە 60 دۆلار بووە کردوومانە بە 20 دۆلار) بۆ ڕاکێشانی کڕیار، ئەوەشە هۆکاری لیستەکانی خۆراک لە هەندێ خواردنگە و چێشتخانەکان چەند جۆرە خواردنێکیان تێدایە نرخیان یەکجار بەرزە، هاوکات ژمارەیەک خواردنی هەرزانیش پێشکەش دەکەن، لەبەرئەوەی دەزانن ئێمە هەردەم پێمان خۆشە ئەو خواردنانە داوا بکەین کە نرخێکی ناوەندییان هەیە نە زۆر گران و نە زۆریش هەرزان.
...............................
سەرچاوە؛
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان













