کورد ونەسازان
26/04/2011, 12:00 (GMT+1)
کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکە ناکۆکی و نەسازان بووەتە بەشێک لە ژیانی تاک وکۆمەڵ ورێکخراوەکانی. ئەم ناکۆکی ونەسازانەی تاک وکۆمەڵ ورێکخراوەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی، زادەی جۆری بەرهەمی پەروەردەیی کۆمەڵایەتیی ژیانی خێزانی وکولتووری بۆ بە جێ ماوی باوی ناو کۆمەڵگاکەیەتی کە نەوە دوای نەوە گوێزراوەتەوە وبە هۆی چەندین هۆکاری ناوخۆیی ودەرەکی یەوە بە زەقی وزیندوویی ماوەتەوەو کار لە سەر مانەوەیان کراوە. ناکۆکی وپێکەوە هەڵنەکردنی تاک وکۆڕ وکۆمەڵەکانی ناو کۆمەڵی کوردەواری، زیانێکی زۆری لە کورد وچارەنووسی چارە نەکراوی گەیاندووە ولە زۆر لایەنی ژیانەوە لە کاروانی سەردەمی دابڕاندووە. بۆ گۆڕینی جۆری بیرکرنەوە و ڕەفتار وئاکاری تاکەکانی کۆمەڵگایەک پێویستە شێوەی پەروەردە وتێڕوانینەکان بگۆڕدرێن، تا جۆری پەروەردە وشێوازی بینین وڕوانینی تاکەکان نەگۆڕێن کۆمەڵگای کوردی لە دەست ئەم جۆرە دەردە کوشندانەی وەک ناکۆکی و نەسازان ویەکتر قبووڵ نەکردن رزگاری نابێت وپێشکەوتن بە خۆیەوە نابینێت.پەروەردەکردن وبارهێنانی دروستی تاکەکان دەتوانێ ببێتە دینەمۆی گۆڕین وپێشخستنی کۆمەڵ، بە پێچەوانەشەو دەبێتە هۆکاری دواکەوتن ولێکترازانی شیرازەی کۆمەڵ وخولانەوە بە ناو بازنەیەکی ناڕوون وبێ ئاکام وئامانج دا.
کاتێک لە ژیانی زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵی کوردەواری ورد دەبینەوە، بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە چۆن کەوتوونەتە ژێر کاریگەری خراپی پەروەردەی نادروستی ناو بنەماڵەو کۆمەڵگاکەیان ولە چی قەیرانێکی دەروونی وپەروەردەیی دا دەژین وبە دەست ئاسەواری ناکۆکی یەکانی رابردووی ناو کۆمەڵەکەیانەوە چۆن گیرۆدە بوون ولێی دەرباز نابن.کە دێین و هەر ناوچەیەکی کوردستان هەڵدەسەنگێنین بۆمان دەردەکەوێت کە بە هۆی سیستم ونیزامی وەک یەکی پەردوەردە وبارهێنانی خێزانی وکۆمەڵایەتی یەوە، کورد هەڵگری زۆر کێشەو ناکۆکی کۆمەڵایەتی وناوخۆیی یە وتێپەڕینی زەمان نەیتوانیوە بیرە کۆن وزیانبەخشەکانی ڕابردووی ناو کۆمەڵگای کوردستان لە زەینی تاکەکانی دا بسڕێتەوە. ئەو کێشە وناکۆکی یانە کە لە ڕابردوو دا لاشەی کۆمەڵ ونیشتمانی کوردیان تووشی دابڕان وکارەسات کردووە، دوای دەیان وسەدان ساڵ، هێشتا تۆزی کارەسات وزەمانە داینەپۆشیوە ولە زەینی تاکەکانی دا نەسڕاوەتەوە.ئەگەر سەد ساڵ پێش ئێستا لە نێوان هۆز و ناوچەیەکی وڵاتی کوردەواری دا کێشەو نێوان ناخۆشی یەک هاتبێتە ئاراوە،ئەو ناخۆشی یە ی رابردوو بە هۆی شێوازی نادروستی پەروەردەی بنەماڵە وخێزان وکۆمەڵگاوە، نەوە لە دوای نەوە گوێزراوەتە وە ودەگوێزرێتەوە وزەق دەکرێتەوە وشیرازەی کۆمەڵی کوردەواری پێ تێکدەدرێتەوە.
تاکی کورد پێویستی بەوەیە هەوڵ بدات کۆتایی بەم شێوازە پەروەردە یی یە نادروستەو راگوازتنی ناکۆکی یە کۆنەکانی بنەماڵەیی وناوچەیی بۆ نەوەکانی داهاتووی کۆمەڵی کوردەواری بێنێت وشێوازێکی سالم ومۆدێڕن وپڕدەسکەوت وبەرهەم کە خێری بۆ خێزان و کۆمەڵگای کورد هەبێت،بگرێتە بەر و بناخەی رێبازێکی پەروەردەیی تازە بۆ نەوەکانی داهاتووی نیشتمانی برینداری کورد دابڕێژێت تا بەردەوام لە ناو گێژاوی بیری ناکۆکی و پێکەوە نەسازانی چینەکانی رابردوودا نەخولێینەوە.
ئەمڕۆ لە بچووکترین یەکەی کۆمەڵایەتی یە بگرە تا دەگاتە شوێنەکانی تری ناو کۆمەڵی کوردەواری، ناکۆکی ونەسازان چەتری خۆی هەڵداوە وشیرازەی کۆمەڵگای کوردی تووشی لێکترازان ودابڕانێکی پڕ لە مەترسی کردووە.هۆکاری هەموو ئەم ناکۆکی و نەسازانەش دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی و بیرەوەری یەکۆن وگوێزراوەکان کە سەرچاوەکەیان پەروەردەی نادروست و نەزانین وخۆنەناسینی تاکەکانی کۆمەڵگاکەمانە. تا کاتێکیش تاکەکانی کورد لە سادەترین کەسەوە بگرە تا لێپرسراووسەرکردە سیاسی یەکانمان لە ناو زەلکاوی بیرە کۆن وماڵ وێرانکەرەکانیان بمێننەوە وخۆیان لەو شێوازە بۆچوون وتێڕوانینانەیان ڕزگار نەکەن ورێبازێکی نوێ لە مامەڵە کردنیان لە گەڵ راستی یەکانی ژیانی دنیای سەردەم دانەمزرێنن، چاوەڕوانیی دەرچوون و دەربازبوون لەم گێژاو وزەلکاوانەی ژیانی کۆمەڵگای کوردەواری خەیاڵێکی بێ جێ یە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























