هەباسە دەربارەى كوشتنى قایمقام چ باسە؟
16/04/2012, 12:00 (GMT+1)
قایمقامى سلێمانى پێش ئاشكرابون و دەستگیركردنى بەمەبەستى بێدەنگكردنى لایەنەكانى ئۆپۆزیسیۆن لەو كارە نایاساییانەى كە بەپاڵپشتى دەسەڵاتى یەكێتى شانیدابوەبەر بۆ هەر بەرپرسێكى ئۆپۆزیسیۆن ئۆتۆمۆبیلێكى بەدیارى كڕیوەو پارەى پێداون تەنانەت دوو پارتە ئیسلامیەكەش لەو دیارییانە بەهرەمەند بوون. بۆیە تا ڕۆژى ئاشكرابونى دەستى قایمقام هیچ لایەنێك لە لایەنەكانى ئۆپۆزیسیۆن لەو هەموو گەندەڵییەى كە دواتر لەسەرى گیرا نەهاتە دەنگ وەك ئەوەى لە كەوكەبێكى تر بووبن لێى بێ ئاگا بوون. سەرەڕاى ئەمە ئەو ڕۆژەى كە كەسوكارى قایمقام چوونە سەر جادەى سالم و پاشان دادگاى سلێمانى، گۆڕان لەڕێگاى كەسوكارى قایمقامەوە نەخشەى هەبوو بۆ ڕفاندنى قایمقام بەڵام بەهۆى دەستپێشخەریى هێزى دژە تیرۆر لە ڕفاندنیدا هەوڵەكەى تووشى شكست بوو. لەوانەیە ئەمە ڕاڤەى هۆكارى بەندكردنى قایمقام بكات لە ئاسایش نەك لە بنكەیەكى پۆلیس، چونكە ترسى ڕفاندنى لەئارادا بووە. ئەمانە تازەترین دەنگۆن سەبارەت بە پەرەسەندنەكانى دواى لەناوبردنى زانا حەمەساڵحى قایمقامى ناوەندى سلێمانى. ئەگەر ئەم دەنگۆیانەش ڕاستبن پێناچێت لیژنەكانى لێكۆڵینەوە لەڕووداوى گیانلەدەستدانى قایمقام بێجگە لەسیناریۆى خۆكوشتن هیچ ئەنجامێكى تر لە لێكۆڵینەوەكانیان بۆ ڕاى گشتى كوردستان بخەنەڕوو، چونكە بەپێى ئەم زانیارییانە نەك هەر یەكێتى بەڵكو ئۆپۆزیسیۆنیش لە سلێمانى هیچ بەرژەوەندییەكیان نییە لەوەى كە ڕاستییەكان بۆ خەڵكى ئاشكرابكرێن چونكە ئابڕوچوونەكە هەموویان ئەگرێتەوە. كەواتە ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئیستیهلاكى محەلى لە ڕاگەیاندنەكانیانەوە ئەڵێن ئەبێت لێكۆڵینەوە لە هۆكارى گیان لەدەستدانى قایمقام بكرێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























