سەیرى فاوڵەكانى پارتى و بارزانى بكەن
26/02/2011, 12:00 (GMT+1)
دواى ڕاگەیاندنە حەوت خاڵیەكەى بزوتنەوەى گۆڕان و ئاوابوونى ئەستێرەى پارتى و سەرەتاى دەستپێكى ڕوخانى دەركەوت، پارتى وەها سەرى لێشێواوە توشى شۆك بووە هەرچى ئەكا هەر بە زەرەر بۆى تەواو ئەبێ، بۆ ڕێگرتن لە بارودۆخەكە بەردەوام بەكردەوەى لاواز و سەیر هەوڵى كپ كردنەوەى بارەكە دەدەن هەروەكو تیپێكى تۆپی پێ گۆڵى لێكرابێ تەنیا كاتى زیادكراوى لەدەست مابێ سەربارى ئەوەش بەردەوام فاوڵ بدات و ناوبژیوانیش كارتى زەردو سوریان بۆ بەرزكاتەوە، لوتبەرزى و مەغرورى پارتى لەوەدایە كەوا لموزى لەزەوى چەقیوە.
ئەمەى خوارەوەش بریتیە لەكردەوە فاولئامێزەكانى پارتى و بارزانى كە تەنیا لەماوەى ئەم مانگەدا ئەنجامى داوە:-
1- دواى ڕاگەیاندنى بەیاننامە حەوت خاڵیەكەى گۆڕان هەر زو پارتى بە بڕیارێكى خێرا لاوازى خۆى نیشاندا و بەیاننامەیەكى دەركرد، كە شپرزەیى خستە ناو خەڵكى و بارودۆخى كوردستانى ئاڵۆز كرد كە ناڕەزایى زیاترى خەڵكى لێكەوتەوە.
2- پاشان دووبارە سەرۆكى هەرێم بە وەڵامێكى توندو شێواو دژى بەیاننامەكە وەستا، كە ئەم هەڵوێستە لەلایەن زۆرینەى خەڵك بەتایبەتى چینى رۆشنبیران كارێكى چاوەڕوان نەكراو و نەشیاو بو دووبارە خاڵى لاوازى مەسعود بارزانى و قەبوڵ نەكردنى راى جیاوازى خستە روو كە لەگەڵ زمانى دیالۆگ و دیموكراسى یەك ناگرنەوە.
3- سەفەركردنى مەسعود بارزانى زۆر بەبێدەنگى و بەبێ ئەوەى رابگەیەنێ كە بۆچى ئەچێتە دەرەوە، تەنانەت ئەندام و كادیرانى پارتى ئاگادارى وردەكارى سەفەرەكە نەبوون، بەڵكو لەدەرەوەى حزبەكەیان هەواڵو زانیاریان لەسەر سەفەرى سەرۆكەكەیان زانى ئەمەش بووە هۆى ئەوەى ئەندامانى پارتیش ناڕازى بن بەم كردەوەیە. سەفەركردنى مەسعود بارزانى لەنێو ئەم بارودۆخەى كوردستان، لەلایەن خەڵكیەوە بووە مایەى پرسیار و بەخۆدزینەوە وەسفیان كرد.
4- وەڵامدانەوەى خۆپیشاندانى سلێمانى بە گوللە و كوشتن و بریندار كردنى خۆپیشاندەرانى مەدەنى لەلایەن لقى چوار كە جارێكى دیكە ئەم شارەو خەڵكى كوردستان زامدار كرانەوە، ئەمەش نیشانیدا كە ئەم حزبە ناتوانێ هەڵبكا لەگەڵ پرەنسیپەكانى مافى مرۆڤ و دیموكراسى.
5- بەكارهێنانى باوكى شەهید ڕێژوان وەكو ئامرازێك بۆ چەواشەكردنى خەڵك و ریكلامى خۆیان و بەرز كردنەووەى ورەى رووخاوى ئەندامەكانیان، ئەمەش سوكایەتى كردنە بە خوێنى شەهیدان و كەسوكاریان كە ناڕەزاییەكى زۆرى چین و توێژەكانى خەڵكى كوردستانى لێكەوتەوە، چونكە هەموولا ئەزانین كە باوكى شەهید رێژوان لەو كاتەدا كە جەرگى سوتاوە و كوڕەكەى بەناهەق خوێنى ڕژاوە ئاگادارى خۆى نیە كە چۆن هەڵسوكەوت دەكا بەهۆى جەرگ سوتانى ناحەقى ناگیرێ ئەگەر سەرى لێبشێوێ ، لەم كاتەش دا پارتى بارەكەى قۆزتەوە بۆ بەكارهێنانى نیازەكانى.
6- سەردانى فازیل میرانى بۆ لقى4 و لە ڕاگەیاندنێكى هەڕەشەئامێزو شەڕخوازانەدا وتى (ئەوەى تەعەدا لەپارتى بكا دەستى دەبڕین) ئەمەش دیسان جەماوەرى گەلى كوردستانى یەكجار توڕەتر كرد كە وایكرد خۆپیشاندان ناوچەكانیتریش بگرێتەوە.
7- هەردواى روداوە خوێناویەكەى سلێمانى نچیرڤان بارزانى لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیدا وەڵام و وتارى توندى پێشكەش كرد لەجیاتى ئەوەى سارێژى برینى خەڵكى سلێمانى كوردستانى بكردایە كەچى لە قسەكانیدا زیاتر باسى بارەگاى پارتى كرد، ئەمەش خەڵكى سلێمانى بەتایبەتى و خەڵكى كوردستانى بەگشتى توڕەتر كرد.
8- سوتاندنى ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و مەكۆى گۆڕان لە زۆربەى ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى پارتى كارێكى دیكەى ترسنۆكانەى پارتى بوو كە سەنگى پارتى بەجارێك سوك و لاوازتر كرد.
9- لادانى هیوا ئەحمەد مستەفا بەرپرسى لقى4 و لە جێدانانى (فەرەیدون جوانڕۆیى) لە شوێنەكەیدا كە كەسێكى عەسكەرییە، لەو ئانوساتەدا ماناى دان پێدانانێكى روونە كە بەرپرسى پێشو تاوانى كردووە هەروەها ئەو پەیامەشمان پێئەڵێ كە پارتى بە عەقلى عەسكەرتاریەت ئەیەوێ كێشەكان یەكلا بكاتەوە، چ جاى ئەوەى چى لەم بەرپرسە نوێیەى لق چاوەڕوان بكرێ كە لەیەكەم دەستبەكاربوونى بە وتەیەكى زۆر لاوازو فاوڵئامێزدا وتى (یەكەم ئیشمان چاككردنەوەى شوشە شكاوەكانە) ئەمە لەجیاتى ئەوەى بیوتایە یەكەم كارمان داخوازى گەلەكەمان جێبەجێ ئەكەین تاوانباران دەدەینە دادگا ساڕێژى برینەكانى خەڵك ئەكەین كەچى خەریكى شوشە شكاوەكانى بارەگاكەیەتى.
10- ڕەشبگیرى لە گرتن و هەڕەشە و كوشتنى چالاكوان و رۆشنبیران و ئازادیخوازان ئەوانەى بانگەشە بۆ چاكسازى و خۆپیشاندان و داوا ڕەواكانى گەل دەكەن.
11- ڕێگرى كردنى خۆپیشاندان لەو شوێنانەى كە لەژێر دەسەڵاتى پارتین و بەتایبەتیش شارى هەولێر كە نیشانیدا پارتى لە جەماوەر و چالاكى مەدەنى و دیموكراسى زۆر ئەترسێ.
12- لە شارى هەولێرى پایتەخت بێڕێزى بەرامبەر خەڵكى ئەم شارەو كۆمەڵانى خەڵك كرا بە نمایشى هێنانەدەرەوەى ئەندامە سودمەندەكانى پارتى بەشێوەیەكى زۆر ناشارستانیانە و گەڕانیان بە ئۆتۆمبێل و هۆڕن و هاتو هاوار و ئاهەنگ گێڕان كە ئەم كردەوەیەش گوزارشت لە خەڵكى رەسەنى ئەم شارە ناكات و زیاتر دڵگران و توڕەیان ئەكات لە كاتێكدا لە ناوچەكانیتر شین و گریان و خوێن ڕشتنە پارتیش خەریكى سازدانى ئاهەنگ و هاتوهەراكردنە، كە هەموو لایەك لە خەڵكى هەولێرى خۆڕاگر و كوردستان لێى بێزار بوون.
13- سازنەدانى خۆپیشاندان لە ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى پارتى بەڵگەیەكى حاشا هەڵنەگرە كە پارتى زەبرو زەنگ بەكاردەهێنێ و بە زەبرى ترس و تۆقین خەڵكەكەى كپ كردووە بەرگەى دیموكراسى و چالاكى مەدەنى وڵاتپارێزان ناگرێ هەمیشە ترسى لە دیاركەوتنى گەندەڵیەكانیەتى ناشزانێ خەڵكى كوردستان چاوكراوە و هۆشیارن بەهەموو كون و كەلەبەرەكانى پارتى ئەزانن و چیتریش لێى قەبوڵ ناكەن، هەموولا ئەزانن سەرەتاى خۆر ئاوابوونى پارتى بەدەركەوت، ئەمجارە سەرەتاى كۆتاییە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























