گەر گەندەڵكار نەبێت یەكێتى دەمانخوات
16/08/2011, 12:00 (GMT+1)
لە گۆرەپانى سیاسى كوردستاندا كاتژمێر بە پێچەوانەوە دەخولێتەوە، كارتەكان بە شێوەیەك تێكەڵكراون كە زۆر زەحمەتە بۆ ئەوانەى كە ئاسایى بیردەكەنەوە لێى تێبگەن . یاریەكە وەستاى دەوێت سەرى لێدەربكات ، بەڵام نەك هەمو وەستایەك سەرلێدەردەكات. ئەمە یارییەكى نوێیە و تەنها لەكوردستانى ئازاد بازارى گەرمەو دەمێكە بۆ نەگبەتى یاخەى یەكێتى نیشتیمانى كوردستانى گرتوە. بەدورى مەزانن گەر بڵێین چاوەروانكراوبو لەلایەن چاودێرەكانەوە كە واى لێدێت و سیناریوكان بەو شێوەیە دەبن كە دەیبینن .
دەست لەكاركێشانەوەى دە ئەندامى (دێرین) لە كاركردن لە ریزەكانى یەكێتى بە پاساوى ئەوەى كە ئەمانە تازە بە تازە بۆیان دەركەوتوە كە ناعەدالەتى هەیە و سەركردایەتى ئێستاى یەكێتى لەئاست هەرەشەكاندا نین . بۆ یەكەمجار هەواڵى لەم جۆرە زۆر زوو خەڵك چەواشە دەكات و گەرماوگەرمیش زۆركەس تەقە لە تاریكى دەكەن و پێیان وایە حەزرەتى عیسا دەركەوتوە و خراپە و گەندەڵى بە فویەك ناهێڵێت . بەڵام دوایى كە لە كەیسەكە ووردئەبیتەوە ، زۆر زوو بۆت دەرئەكەوێت كە ئەمەش یاریەكى دیكەى قێزەوەنە بۆ دروستكردنى كەش و هەوایەكى لەبارتر بۆ بەردەوامبونى گەندەڵى و خراپكارى و وێرانكردنى كوردستان.
ویژدان و كەمێك هەستى نیشتیمانى دەتوانێت رێگربێت لە یاریكردن بە چارەنوسى گەل و چاواشەكردنى میللەت و لەناوبردنى سەروەت و سامانى كوردستان .
لێرەدا زۆر بە پێویستى دەزانم كە وەك نزیكێك لە گردەكەى كاك كۆسرەت و چى روودەدات لە مەتبەخى سیاسەت و پیلانگێران و یاریكردن بە هەستى خەڵك و دایكى شەهید هەندێك راستى بخەمە روو بۆ ئەوەى كەس بە هەڵەدا نەچێت و چیتر دەرفەت نەدەین جەماوە چەواشەبكرێت وچاوپرلەخوڵبكرێت . بێدەنگى بەرانبەر شاردنەوەى راستیەكان بەشداریكردنە لە تاوان .
ئەو كادیرانەى كە وازیان لە یەكێتى هێناوە هەمویان دروستكراوەى كاك كۆسرەتن و ئەندامى چالاكى مەتبەخەكەین . لەنێو یەكێتیدا دەڵین مام جەلال دەستى كەشفە بەڵام ئەم برادەرانە نەك دەستیان كەشفە بەڵكو بەكارتى سوتاو یاریدەكەن . لەو ناوانە كە وازیان هێناوە دوانیان لە یەك خێزانن یەكێكیان وەزیر و سەركردایەتى بوو ئەوى دییان ئەندام پەرلەمانى عێراق بوو و باس لە ناعەدالەتیش دەكەن ، باشە لەمە ناعەدالەتى زیاتر كە سەدەها هەزار پێشمەرگەو و ئەندام و كادیرى زۆر لە ئەوان وریاتر و ئازاتر و زاناتر هەیە لە نێو یەكێتیدا كە دەبێت دەسەڵات قۆرخى بنەماڵەى ئەوان بێت ، كە ئەوانیش بورهان و نەهرۆى سەعید ێوفین . چما تەنها ماڵى مام ێوفى یەكێتى بووە و كەسى دیكە لە هەولێر خەباتى نەكردووە و یەكێتى نەبوە ، یان شانازى بەو كارەجوانانەوە دەكەن كە كردویانە ، بەشى گەورەى گەندەڵى و نەفرەتكردن لە یەكێتى بەر ئەوان دەكەوێت . نیوەى خەركى هەولێرى لەبەر ئێوە وازى لە یەكێتى هێنایەو دوركەوتینەوە ، ئەوەندەتان دزى و خوارد و دەستدرێژیتان كردە سەرناموسى خەلك كەس فاتیحەشتان لۆنادات . قارەمانێكى دیكە كە باسى شارێ و لادان لە شارَیى یەكێتى دەكات حاجى مەسیفیە كە گاڵتەى بە حیزب و حكومەت و قانون دێت . بە شەهادەى سەرەتایى بووە بە مدیرعام و ئەوەى عیلم و مەعریفە یە لاى پەیدانابیت لە مەسول سەیتەرەى مەسیفەوە بۆ مدیرعامى ئەمەیە لوتكەى ناعەدالەتى . لە گەندەڵیدا شێرە و بێمنەتانە دزى دەكات وبێشەرمانە دەڵێت ئەوەى ئازایە بالام بەرێت . ئەمە سێ ناوە موهیمەكەن و ئەوانى تریان گەر زانیان عەمید چیە و نەجمە چۆن وەردەگیرێت با باسى ناعەدالەتى بكەن . حیزبێك ئەو رۆژە شادە كە لەم جۆرە خەلكانە پاكبێتەوە ، میللەت ئەو رۆژە سەردەكەوێت كە ئەم خەلكانە دادگایى بكرێن .
كە باس لە گەندەڵى دەكرێت باشە بەڵام كێن ئەوانەى كە گەندەڵن . دیارە لە جیهانى عەولەمەى كوردستاندا ئۆپۆزیسێون لە گەندەڵى دوێنى و عەدالەتى ئەمرۆ دروست دەبێت . تەنها بە وازهێنان لە یەكێتى شەهادەتى بەرائەتت بێدەدرێت و یەكسەر دەبیت بە هەڵسوراو .
كاتى خۆى دواى جەنگى یەكەمى جیهان لە كوردستاندا دەیانگوت : گەر انگلیز نەبێت استعمار دەمانخوات . ئێمەش دەبێت ئەمرۆ بلێن : گەر گەندەڵ نەبێت یەكێتى دەمانخوات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























