<

بۆچى سەرۆكى هەرێم و سەرۆكى حكومەت خۆیان نەچوونە كەركوك

12/05/2012, 12:00 (GMT+1)

 

مالیكى لەسەردانەكەیدا بۆ كەركوك دوو پەیام و دوو ئاماژەى گەیاند، یەكەمیان سەربارى فشارو گەلەكۆمەكیەكانى سەرى، كەچى ئەو هەر لەسەر سیاسەتێكى هێرشبەرانە بەرامبەر ركابەرەكانى بەردەوامە، دووەمیشیان بەكوردو سەرۆكى هەرێمى ڕاگەیاند كە ئەگەر لەعیراق جیاش ببنەوە كەركوك بەشێك نابێت لەو دەوڵەتەى كە بەنیازن ڕایبگەیەنن.
دیارە پەیامى دووەمى مالكى وەڵامى هەندێ پەرلەمانتارى لیستى كوردستانیشە كە پێشتر ڕایانگەیاندبوو لەكاتى پێكهێنانى دەوڵەتى كوردى كەركوك و خانەقین و سنجاریش بەشێكى ئەو دەوڵەتە دەبن، لەبەرامبەر هاتنەكەى مالكى بۆ كەركوك و وەك كاردانەوەیەكى كرچ و كاڵ جێگرى سەرۆكى حكومەتى كوردستان و چەند وەزیرێك ڕۆژى دواتر ڕەوانەى كەركوك كران، لێرەدا ئەوەى جێگەى سەرنجى خەڵك و چاودێرانى سیاسی بوو ئەوەبوو بۆ سەرۆكى هەرێم و سەرۆكى حكومەت هیچیان نەچوونە كەركوك، خۆئەگەر سەردانى شاندى حكومەتى كوردستان وەك وەڵامێك بوو بۆسەردانەكەى مالكى بۆ ئەم وەڵامە بەهێزتر نەدەبوو بە چونى سەرۆكى هەرێم و سەرۆكى حكومەت بۆ كەركوك، سەرۆكى هەرێم ئەو هەموو هەڕەشەو گوڕەشە دەكات ئەى بۆچى لەكاتێكى ئاوادا خۆى لەڕوبەڕو بوونەوە دەبوێرێ، ئایا نەچوونى ئەو دووانە بۆ كەركوك خۆدزینەوە نییە لە هەڵوێستەكانیان.
دەترسین لەهەنگاوو بڕیارە چارەنوسازەكانى تریشدا كە كار گەیشتە قەیمە ئەو جۆرە پاشەكشەو خۆدزینەوانە ڕووبدەن، بۆ كورد واباشە بەقسەو لێدوانى زل و ئاگرینەوە نەچێتە ئەوجۆرە شەڕە چارەنوسازانەوە، چونكە نەك لەنیوەى ڕێگە بەڵكو ، وەك ئێستە هەر لەسەرەتاى ڕێگادا بەجێى دەهێڵن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان