پارتى و یەكێتى و مەلەوانە درۆزنەكە
18/05/2012, 12:00 (GMT+1)
هەموومان چیرۆكى((مەلەوانە درۆزنەكە)) یان لە قوتابخانە خوێندوومانە یان لەڕێگەى ترەوە بیستوومانە ، ئەوەى لە چیرۆكەكەدا دووبارە دەبێتەوە هاواركردن و درۆى خنكانى مەلەوانەكەیە ، هەربۆیە بۆ جارى سێیەم كە ڕوداوەكە ئەبێتە ڕاستى و مەلەوانەكە هاوار دەكات و داواى یارمەتى لە خەڵكەكە ئەكات، بەڵام ئیدى خەڵكەكە ئەزانن كابرا درۆزنەو باوەرى پێناكەن.
بەڵام نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت كە ئەو كەس و خەڵكانەى لەو ڕووداوەوە نزیك بوون دیارە ئاستى هۆشیاریان بەرز بووە و ئیدى بۆ چەندین جار بە درۆ و بەڵێنى دووبارەو چەند جارە، ناخەڵەتێن و فریو ناخۆن .
نزیكترین نمونە ئەو وتەو لێدوانەى جێگرى سەرۆكى حكومەت(عیماد ئەحمەد)ە كاتێ لە سەرۆكایەتى شارەوانى سلێمانى لەبەردەم كەناڵەكانى ڕاگەیاندن وتى:" ئێمە هاتووینەتە شارەوانى سلێمانى بۆ ئەوەى لە نزیكەوە ئاگامان لە ئیش و كارەكانیان بێت، هەندێ هاوڵاتیمان بینى، گوێمان لێیان گرت ، كێشەكانیان چییە؟ بەرنامەى حكومەتمان بۆ باس كردن كە ڕۆتین نەهێڵین، پێشێلكارى یاسا نەهێڵین، خەڵكى شیاو لە شوێنى شیاو دابنەیەن".
بۆ كەسێك كە هۆشیارى سیاسى هەیەو ئەو برادەرانە ئەناسێ، ئەو جۆرە قسانە هیچ شتێكى نوێ و موعجیزە ئاسیان تێدا نییە، بەڵكو ئەو وتەو لێدوان و سەردانانە، مایەى پێكەنین و شایانى بەزەیین، كە هەزاران جار بەجۆر و شێوازى نوێ ئەیڵێن و ئەیڵنەوە، هەروەكو مەلەوانە درۆزنەكە .
هەر دواى ئەو قسە جوان؟!!! و ڕووكەشانەى عیماد ئەحمەد وەك كردەوەى راستەقینەو هەمیشەییان عیماد ئەحمەد (پیاوە باشە ئیدارییەكە؟!!!) ئامادە نەبوو گوێ لە پێشمەرگەیەكى دێرینى حزبەكەى بگرێت، پێشمەرگەكە دەیوت یانزە ساڵ پێشمەرگەى یەكێتى بووم . باشە گریمان ئەو كەسە پێشمەرگە نەبوو، دێرینیش نەبوو، خۆ هاوڵاتیەكى ئەم هەرێمە بوو، چى دەبوو ئەگەر عیماد ئەحمەد نەڕۆیشتایە و گوێى لێ بگرتایە؟ عیماد ئەحمەد ڕاست ناكات ، كە كارى بەپەلەو مەوعیدیان هەبوو ، بۆیە نەوەستان و ڕۆیشتوون و گوێى لەو هاوڵاتییە نەگرتووە، وەك لە ڕونكردنەوەكەیدا هاتووە. ئەى بۆچى لە دواكەوتنى پرۆژەكان و لە دواكەوتنى بودجە و لەو هەموو دواكەتنانەى تر هەر باكیشیان نییە. كورد واتەنى: خۆیانى لێدەكەن بە كەڕەى شەربەت ؟؟ !!.
بەداخەوە ئەم بەرپرسانەى پارتى و یەكێتى هەمیشە بەو جۆرە قسەو دەستەواژە ڕوكەش و سواوانە دێنە بەردەمى شاشەو كامێراكان و بازاریِشیان لاى هەندێ كەسى سادەو خۆشباوەڕ گەرمە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان























