داوایەك لە بەڕێز وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار
31/08/2011, 12:00 (GMT+1)
ئێمە وەكو دانیشتووانى گەرەكى شارەوانى لە شارى هەولێر داواكار و تكاكارین لە بەرێز سەمیر عەبدوڵاى وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار كە بەدواداچوون و لێپرسینەوە بكات لە پێدانى مۆلەت بە ژمارە 386 ى كەرتى 26 ى شارەوانى لە نزیك یاریگاى یانەى وەرزشى ئاسۆ كە تێیدا لەنێو كۆڵانێكى ئاسایى و تەواو لەیەكەى نیشتەجێبوون و بەرامبەر تەنها مالێك 7 دوكان دروستكراوە. بەبێ رەچاوكردنى ئاسایش و ئارامى ژیانى ئەو خێزانەى كە كەوتوونەتە بەردەم ئەو دوكانانە. بە جۆرێك بوونى ئەو دوكانە بازرگانیانە دانیشتووانى ئەو كۆلانەى هەراسان كردووە. بەتایبەتى یەكێك لە ماركێتەكانى كە تەواوى زیڵ و خاشاك و پاشماوەى كەل و پەلە فرۆشراوەكانى بە كۆڵانەكەدا بڵاودەكاتەوە و سیماى گەڕەكەى شێواندووە بە هۆى نەبوونى زبڵدان و حاویەى تایبەت كە تاوەكو ئیستا چاودێرەكانى شارەوانى بۆ چەندین جار ئاگاداریان كردۆتەوە لە بوونى زبڵ و پاشماوە كەچى بێ گوێدانە رێنماییەكانى شارەوانى بەردەوامە لە سەرپێچیەكانى. ئێمە وەكو دانیشتووانى ئەو گەڕەكە داوا لە بەرێز وەزیرى شارەوانى دەكەین كە ئیجرائاتى یاسایى بەرامبەر ئەو حالەتە قیزەونە وەربگرێت كە خەریكە هەوڵ و ماندووبوونى كارمەندانى شارەوانى وون دەكات و ئاسایش و ئارامیش بۆ دانیشتووانى ئەو كۆڵانە بگەرێنێتەوە. چونكە بوونى ئەو دوكانانە بەجۆرێك بەربەستى دروستكردووە لە ئازادى ژیانمان لەنێو ماڵەكانى خۆمان و ئەگەر وابڕوات ناچارین خانووەكانمان هەرزان فرۆش بكەین و لەو گەڕەكەى كە بەحەز و ویستى خۆمان تێیدا نیشتەجێین باربكەین و بگوازینەوە كە بەراستیش ئەوە یەكێكە لە سەرپێچیە یاساییەكان و زەوتكردنى چۆنیەتى ژیانى ئێمە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























