<

دەسەڵاتى كوردى لەنێوان پێشەواى ڕانیە و فەهمى فەریقى چەمچەماڵدا

15/10/2010, 12:00 (GMT+1)

بەدبەختى و كارەسات هەر لەوەدانیە كەكۆمەڵێك زوڕناژەن و ماستاوچى بەكرێ گیراو بێن و بەنوێژى نیوەڕۆ بكەونە پیاهەڵدان بەو دەسەڵاتە و چەوشەكردنى میللەت ، بگرە گلەیشیان لێ ناكرێ چونكە ئەوە كاریانە و كرێ ى خۆیان وەردەگرن بەڵام لەوە كارەساتتر ئەوەیە نوخبەیەكى ڕۆشنبیر یان مامۆستایەكى زانكۆ كەهەڵگرى كۆڵێك بڕوانامەیە بێ بكەوێتە بەشان و باڵ هەڵدانى دەسەڵاتى مافیا و چەند بەرپرسێكى گەندەڵ ، ئێمە دڵى خۆمان بەوە دەدەینەوە و بەوە خۆشحاڵین دەڵێین لێ گەڕێ كۆمەڵێك گەنجى بەتوانا پێ دەگەن لەهەموو بوارەكانا كەجێ ى ئومێدن بۆ ئایندەى ئەو مەملەكەتە ولەماوەیەكى نزیكدا بەڕە لەژێر پێیى ئەمانە دەردێنن و ڕاوانەى دادگایان دەكەن ، چونكە بەراستى عەیب و شوورەیە گەنجێك بەو تەمەنە جوانەى خۆیەوە هەڵگرى بڕوانامەى بكالۆریۆس و ماستەر و نازانم چى و چى بێ سەقافەتەكەشى هەر ئەوەندەبێ سەرۆك و سەرۆكى زانكۆ بكات بەسۆپەرمان .
لەچەند ڕۆژى ڕابردوو دوو دیاردەى زۆر سەیر وجیاواز سەرنجى ڕاكێشام ، ئێوارەى 11 / 10 لەسەتەلایتى گەلى كوردستانى یەكێتى بەرنامەیەك هەبوو لەسەر زانكۆى كۆیە كەتیایدا میواندارى خدر مەعسومى سەرۆكى زانكۆ و دكتۆرێكى ترى زانكۆكە كرابوو (من كەسەیرى بەرنامەى ئەو تەلەفزیۆنە حزبیانە دەكەم زیاتر مەبەستم تەلەفۆنەكانە دەڵێم بزانم خەڵك چۆن ڕیسوایان دەكا و ئەوانیش چ وەڵامێكیان پێ یە بۆ ئەو میللەتە) زۆر جار خەڵك دەڵێ ئەوانە بەس ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنیانە وەردەگرن كەبەشان و باڵیاندا هەڵ دەڵێ و ئى خۆیان و پێشتر بەرنامە ڕێژى بۆكراوە ، ئەو ڕۆژە دەتوانم بڵێم ڕێك ئەمەم بەخۆم دى كاتێك كچە پێشكەشكارەكە ووتى ئێستا كاك پێشەوامان لەگەڵە لەڕانیەوە ، جەنابى كاك پێشەوا بەهەناسە بڕكێ و پەشۆكاویەوە قسەى كرد و كەوتە پیاهەڵدان بەدەسەڵات و زاتكۆ و سەرۆكەكەى و ئەوەندە حەماسى و بەپەلەبوو ووتى ئەمانە ئیش دەكەن و خێران و نازانم چى بڵێم چى بەڕاستى ئەمانە سوپەرمان و چى و چى .. ئەوەى مایەیى سەرنج بوو هەستت دەكرد دكتۆرەكەى تر ئەوەى لەتەك خدر مەعسوم بوو لەشوێنى خۆى تەریق بوویەوە من هەر بەدەنگى ناسیم بەڵام پرسیارێكى ماستاو ئامێزى ئاڕاستەى ئەو دكتۆرە كرد ئەویش لەوەڵامدا ووتى سوپاس بۆ مامۆستا پێشەواى خۆمان !! ووتم بەخواى مامۆستا كەشف بوو !! مامۆستاى ماستاوچى لەجیاتى هەموو داواكارى و پڕۆژە و پێشنیارێك و هێنانى كۆلیژ و مامۆستاى باش بۆ شارەكەمان سەرۆكى زانكۆى كرد بەسوپەرمان .
من دەمەوێ ئەمە بەراورد بكەم بەبابەتێكى تر كەلەدوا ژمارەى ڕۆژنامەى ئاوێنە (ژمارە 245 بەروارى 12 / 10) واتا ڕۆژێك دواى ئەوەى مامۆستا پێشەوا بڵاوكرایەوە كەتیایدا باس لەگەنجێك دەكا بەناوى فەهمى فەریق كەخەڵكى چەمچەماڵە ئەویش هەڵگرى بڕوانامەى بكالۆریۆس و ماستەرە و خوێندكارى دكتۆرایە لەوڵاتى مالیزیا و توێژینەوەكەى لەناو 350 توێژینەوە پلەى یەكەمى بەدەست هێناوە لەسەر ئاستى ووڵاتى مالیزیا ، دواى گەڕانەوەشى بۆ كوردستان دەڵێ تائێستا نەوەزیرى خوێندنى باڵا نە بەرپرسانى شارەكەم پیرۆزباییان لێ نەكردووم . جالێرەدا گەر سەیرى هەردوو ڕووداوى پێشەواو و فەهمى بكەین ،دەبینین ئەمە ڕەنگ دانەوەى دەسەڵاتى پارتى و یەكێتیە واتا ئەوان نمونەى وەك پێشەوایان دەوێ نەوەك كەسى دڵسۆزى وەك فەهمى ، كەسێكى دەوێ كەبەشان و باڵیدا هەڵ بدا و بیان كات بەسوپەرمان نەوەك كەسێًكى وەك فەهمى كەدونیایەك پێشنیار و بەرنامەى خستۆتەڕوو بۆ زانكۆ و بۆ ئایندەى كوردستان .
دوور نەڕۆین هەر لەو كۆلیژە یاسایەیى كە كاك پێشەوا مامۆستایە بەدەیان كەس بەبڕونامەى تەزویر یاسایى ئێورانیان تەواوكرد كەچى نەئەو كاك پێشەوایە و نەڕاگرەكەیى و نەسەرۆكى زانكۆكەى وورتەیان لەدەم نەهاتە دەرەوە بۆیە دەڵێم عەفوتان فەرموو مامۆستا پێشەوا ئەوانە سوپەر تەزویرن سوپەر گەندەڵن نەوەك سوپەرمان ، لەولاشەوە كاكە فەهمى بەووردى باس لەسیستەمى خوێندن لەمالیزیا دەكا و بەراوردى دەكا بەو سیتەمە سەقەتە سوپەر گەندەڵەى لەمەڕ خۆمان و كۆمەڵێك پێشنیار و زانیارى وورد دەخاتە بەردەم خوێنەرانى ئاوێنە و خوێندنى باڵا لەكوردستان بۆ باشتركردنى سیستەمى خوێندن لەكوردستان ، كەچى پێشەواوش لەجیاتى هەموو پێشنیار و بەرنامە و بەراوردێك كردنى بەسوپەرمان و لەگەڵ كۆمەڵێك قسەى هیچى لەباردانەبوو كەهەر شایەنى ئەو مامۆستایانەیە كەخۆیان و بڕوانامەكانیان بەقەرزداربارى حزب و خدر مەعسوم دەزانن چونكە دڵنیان بەحەقى خۆیان بەدەستیان نەهێناوە .
لەكۆتایدا دەڵێم یاخوا نمونەى وەك فەهمى هە ر زۆربێ و هەر سەركەوتووبن و من لێرەوە لەجیاتى وەزیرى خوێندنى باڵا و بەرپرسەكانى شارەكەى هەزار هەزار جار پیرۆزبایى لێ دەكەم و تەمەناى سەركەوتنى زیاترى بۆ دەخوازم ، یاخوا نمونەى وەك پێشەواش هەر پیرۆزى ئەو دەسەڵاتە گەندەڵە بێت كەخۆى بەخزمەتكارى دوو بنەماڵە دەزانێت نەوەك میللەت و خەڵكى كوردستان .
 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان