<

شارەوانى سلێمانى و كۆمپانیاى وەزیارە (قابیلتان نیە ئیشتان بۆ بكرێت)

17/04/2012, 12:00 (GMT+1)

خانمى ئەندازیار
گەرەكى سەرچنار یەكێكە لە گەڕەكە جوان و گەشتیارییەكانى شارى سلێمانی، بەڵام تا ئێستا هەندێك لە كۆڵانەكانى هەر گڵەو یان گەیشتوەتەوە سەر گڵەكەو تێكچوە، زۆرێك لە هاوڵاتیانى ئەو گەڕەكانە دەنگیان بەرزئەكردەوەو ناگەیشتە بەرپرسان، خۆشبەختانە رۆژێك لوتف كراو بۆ سێ كۆڵانى نزیك مزگەوتى مەولەوى بینیمان ئامێرى شوفڵ و بندۆزەر هاتنە كۆڵانەكانەوە. دواى ئەو رۆژە هەفتەیەكى بەسارا چوو كەس نەهاتەوە، هەفتەى رۆژێك دەرئەكەوتن، ئەمە بەردەوام بوو تا دواى سێ مانگ دنیا بوو بە تەپوتۆز و ماڵەكانمان ژیانى لێبڕا.
ئەوكات هاوینبوو، دواتر بوو بە زستان و كۆڵانەكان بوو بەقوڕ، تا نەخۆشێك لەو كۆڵانانە دەرئەكراو زۆر بە هیلاك ئەچووین، ئەمە كارمەندانى كۆمپانیاكە شایەتن، بەهەر حاڵ، حاڵمان نەبوو، بوو بە بەهارو وتمان شوكر بۆ یەزدان بە یەك مانگ تەواو ئەبێت، كەچى هەر تەواو نەبوو، بە درێژاى حەوت مانگ رۆژێك بە یانیان سەعات حەوت ئەهاتن كاكە سەیارەكانتان لابەن خەریكى كۆڵانەكە ئەبین، بەڵێ باش بۆ رۆژى دواى ئەوەو رۆژى دواتریش هەمووان ئۆتۆمبیلەكانمان لە دەرەوەى كۆڵانەكان را ئەگرت و كەچى نەئەهاتن بۆ هەفتەیەكیش دواتر هەر كەس ناهات، بە درێژایى حەوت مانگ ئەوە حاڵمان بوو، بە بێ ئەوەى هەست بەوە بكەن كە ئەم هاوڵاتیانە نەخۆشیان هەیە پێویستیان بە ئیسراحەت هەیە هیچ نەبێت وەكو مرۆڤ مامەڵیان لەگەلأ بكەن. نەك بە كەیفى خۆیان و مەزاجى خۆیان.
ئەمە هەر بەردەوام بوو تا یەكێك لە ئافرەتەكانى ئەو سێ كۆڵانە كەناڵى كەى ئێن ئێنى هێناو شەرحى حاڵى خۆى و هاوڵاتیانى بۆ كردن لەوێ دەركەوت ئەم سێ كۆڵانە بە نۆ مانگ وەر گیراوە لە لایەن كۆمپانیاى وەزیارەوە، ئاخر شارەوانى سلێمانى ئێوە نازانن نۆ مانگ چەنێ زۆرە بۆ سێ كۆڵان كە هیچ كۆڵانێكیان پێنج مەتر پان نیەو سەد مەتر درێژ نیە، ئاخر ئەمە ئەگەر كارى ژێر بە ژێر نیە و بە واسیتەو گەندەڵى نەكراوە، ئەوا چۆن سێ كۆڵانى بەو شێوە بۆ نۆ مانگ دەدرێت بە كۆمپانیایەك و ئاوا بە دانیشتوانى ئەو كۆڵانە بكەن، سەرەڕاى ئەوە لەم رۆژانەدا خانمێكى باڵا پۆش كە خۆى بە ئەندازیار و سەرپەرشتیارى پرۆژەكە ناساندبوو، بە ویژدانێكى ئاسودەوە وتبووى "قابیلتان نیە ئیشتان بۆ بكرێت" وەك ئەوەى خێرمان پێ بكەن و لەسەر بودجەى خۆیان ئەم كارەمان بۆ بكەن، بە مافى خۆمانى رەوا نابینن و دیارە رۆشنبیرى خانمى ئەندازیار ئەوەندەیە كە شارەوانى سلێمانى كردویەتى بە سەرپەشتیارى پرۆژەكە بۆ ئەوەى لە خزمەت كۆمپانیاكەدا بێت نەك لە خزمەت هاوڵاتیاندا بێت و چاودێرى پرۆژەكە بكات، جەنابیان ئەیفەرموو بە ماڵەكان بڵێ ئاوى چیمەنتۆكەبەن، ئاخر جەنابى ئەندازیار ئاو رشتن لەبەر دەرگا غەرامەیە، دواى ئەوە كارى كۆمپانیاكەیە، خۆ ئێمە ئاودان نازانین، ئەگەر زۆرمان ئاوداو چیمەنتۆكە هەموى رۆى، یان كەممان ئاوداو وشكبووەوە، جەناب زۆر لام سەیرە تۆ ئەندازیاربیت و لە یەكێك لەم زانكۆیانەى خۆمانەوە دەرچوبیت و لە شارەوانى سلێمانیەوە بكرێیت بە سەرپەرشتیارى پرۆژەو نەزانى مامەڵە بكەیت لە گەلأ هاوڵاتیاندا، نەزانى تۆ كارت ئەوەیە چاودێرى پرۆژەكە بكەیت، یان شارەوانى سلێمانى پێى نەوتوى. ئێمە وەكو دانیشتوانى ئەم سێ كۆڵانە ئەم داواكاریانەمان هەیە. یەكەم: جەنابى ئەندازیار فێرى بەرپرسیارێتى و مامەڵە بكەن و تێى بگەیەنن كارى ئەو خزمەتى هاوڵاتیان و چاودێریكردنى پرۆژەیە نەك كۆمپانیا. دووەم: تا كۆتایى ئەم مانگە پرۆژەكە تەواو بكرێت، ئەگەرنا لە پەككەوتنى پرۆژەكە خودى كۆمپانیاكەو شارەوانى سلێمانى بە بەرپرس دەزانین. سێیەم: وەڵامى داواكارییەكانمان و چۆنیەتى بانگەوازى پرۆژەكەو پێدانى بە كۆمپانیاكە بۆ هاوڵاتیان لە هەمان رۆژنامەدا بۆ رونبكەنەوەو بڵاو بكەنەوە.

هاوڵاتیانى سێ كۆڵانەكە



ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان