<

یەکی ئایار، پەرچەمی پەرەدارکردنی ئاسۆی کۆمۆنیستی

01/05/2012, 12:00 (GMT+1)


بە دوای قەیرانێکی ئابووری لە سێ چوار ساڵی ڕابردوودا، بە پێش چاوی بەشەریەتەوە ڕۆژانە دەسەڵاتی بورژوازی دەستی داوەتە هەڵمەت بۆ سەر خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان و مافەکانی کرێکاران و هاوڵاتیان. تاکە ڕێگەی بورژوازی بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانە، کۆمەگی کردن بووە بە بانقەکان و کۆمپانیاکان، وە شکاندنەوەی باری قورسی ئەم قەیرانە بووە لەسەری کرێکاران و هاوڵاتیاندا بەناوی ڕیفۆڕمی ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە.
بەڵام وەنەبێ کرێکاران و جەماوەری دەستەنگ و نەدار لەبەرامبەر ئەم هەڵمەتانەی بوورژوازیدا دەستەوستان ڕاوەستابن، بەڵکو لەبەرامبەردا ڕێپێوان و خۆپێشاندانی بەرفراوان بەدژی ئەم سیاسەتە ڕیفۆڕمخوازانەیە لەجەرگەی پایتەختەکانی ئەوروپا و ئەمریکادا لە ئارادابوون. هەروەها لەو شوێنانەش کە ئەڵقەی لاوازی دەسەڵاتی بورژوازی بوون، جەماوەری وەتەنگهاتوو توانیویانە لە ڕێگەی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانیانەوە چڵە پۆپەی ئەو دەسەڵاتانە وەلابنێنن وەك لە وڵاتانی باکوری ئەفریقیاو جیهانی عەرەبیدا بینیمان.
بەڵام بورژوازی جیهانی بەهاوکاری ڕەوتە دژەشۆڕشیەکانی بورژوازی ئەو وڵاتانە و دامەزراوە سەربازیەکانی توانیویانە پاش ڕوخانی چڵەپۆپەی ڕژێمەکان لەڕێگەی دژەشۆڕشەوە سیستم و دامەزراوە دەوڵەتیەکانی دەسەڵاتی بورژوازی بەدەست لێنەدراوی بهێڵنەوە.
ئەوەی کە بەدوای شۆڕشی میسر و تونسدا ئیسلامی سیاسی لە سندوقی هەڵبژاردنەکانەوە سەردەردەهێنن بۆ کەسێك مایەی سەرسامیە کە نەزانێت بۆچی لە ئیسپانیا و یۆنان، بەدوای ڕێپێوان و خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی سەدان هەزاری کرێکاران و هاوڵاتیان دژی دەسەڵاتدارەتی سۆشیال-دیموکراتەکانی ئەم وڵاتانە دەبێتە مایەی گەشەی ڕەوتە دەستەڕاستیەکان و هاتنەدەرەوەی کۆنسێرڤەتیڤەکان لە سندوقی هەڵبژاردنەکاندا. ئەوەی کە لە شۆڕشی میسر و تونسدا ئیسلامی سیاسی لە سندوقی هەڵبژاردنەکانەوە سەردەردەهێنن ڕوویەکی تری هەمان دراوە کە لە هەڵبژاردنی ئیسپانیادا و بەر لەهەڵبژاردنی میسر کۆنسێرڤەتیڤەکان لە سندوقی هەڵبژاردندا دێنەدەرەوە.
لەبەرامبەر هەڵمەتی بورژوازی بۆسەر خزمەتگوزاریەکان و مافەکانی هاوڵاتیان، لەبەرامبەر دژەشۆڕشدا، کرێکاران و جەماوەری زەحمەت کێش و هاوڵاتیانی ئازادیخواز، درێگیان نەکردوە لە ناڕەزایەتی دەربڕین و بەرگری. ئەوەی کە بەرجەستە نیە لەم نێوەدا و ڕێگرە لەبەردەم بەئاکام گەیشتنی خەبات و قوربانیەکانی جەماوەردا، ئاڵتەرناتیڤە لەبەرامبەر دەسەڵاتدارەی بورژوازی و سیستمی سەرمایەداریدا. بەشەریەتی ئەمڕۆ لە بنبەستێکی مێژوویدا گیریکردوە، کە ئاسۆی دەرچون لە سیستمێکی چەوسێنەری سەرمایەداری و دەسەڵاتێکی بێڕەحمی بورژوازی، وەك ئاڵتەرناتیڤ بەرجەستە نەبۆتەوە. هەربۆیە جەماوەر هەتا لە هەڵبژرادنێکی ئازادانەشدا ئیختیاریان لە هەڵبژاردنی باڵە جۆراوجۆرەکانی بورژوازی و ڕەوتە جیاجیاکانی دژەشۆڕش تێناپەڕێت.
یەکی ئایا ڕۆژی جیهانی کرێکار، ڕۆژی هێنانەوە یادی ئەو ڕاستیانەیە کە بەبێ پەرەداربوونی ئاسۆی کۆمۆنیستی لە نێو ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری و ڕێکخراوکردنی چینی کرێکار بەئاسۆیەکی ئاوەها، وەلەم ڕێگەیەشەوە هێنانەمەیدانی ئاڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی، ڕێگەی دەربازبوون لەم سیستمە چەوسێنەرەی سەرمایەداری و لەم دەسەڵاتە بێڕەحمەی بورژوازی مەحاڵە.
بژی ئازادی، یەکسانی، حکومەتی کرێکاری
ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری
28-04-2012
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان