<

هاتوچۆى سلێمانى و پانۆراماى گەندەڵیەكانى

28/08/2010, 12:00 (GMT+1)
هەموو ئەفسەر و كارمەندە كۆنەكانى هاتوچۆ بە یەكڕاى دەنگ و بێ دوودڵى پێ لەو راستیە دەنێن كە هاتوچۆى سلێمانى لە نۆزدە ساڵى پاش راپەڕینەوە تاكو ئەم دەقە و ساتە وەختە دوو چەرخى [ئاڵتوندان و زبڵدان] ى بەخۆیەوە بینیوە ، ئاڵتوندانەكە سەردەمێك بوو كە بەڕێز[لیوا مەحمود پشدەرى] بەرێوبەرمان بوو لە هاتوچۆى سلێمانى ، زبڵدانەكەش ئیستایە كە كە شێخ[عەمید ئاراس] بەرێوبەرە ، كاتێ لیوا مەحمود پشدەرى بەرێوبەر بوو ئەفسەر و كارمەندى هاتوچۆ حورمەت و قورسایى هەبوو ئەمەش لە حورمەت و قورسایى خودى لیوا مەحمود پشدەریەوە بوو كە جیاوازى نێوان ئەحمەد و مەحمودى نەئەكرد گەر ئاسمان بیدایە لەرێسمان ، هەموو ئەفسەر و كارمەندە كۆنەكان شاهیدن كەچۆن جارێكیان نامەى واستەى دەستنوسى عەدنان موفتى وەرنەگرتبوو كە ئەوكات بەوەكالەت سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران بوو .. ئەوە نامەى ئەم مەسئولى مەڵبەند و ئەو مەسئولى عەسكەرى هەر مەپرسە !! ، ئەم عەمیدەى ئیستاش بەرێوبەرى هاتوچۆیە دراوسێى خەزوورى مەسئولێكیش خۆى پێ ناسێنێ ئەم ژوور و ئەو ژوور چن لەسەرشان خۆى معامەلەكەى بۆ ئەگێڕێ بۆ [بارەكەڵایەك] ملى یەك فەوج ئەشكێنێ ، ناهەقیشى نیە پێش ئەوەى ببێت بە بەرێوبەرى هاتوچۆ خاوەنى ئاشتەبایەك نەبوو دوور لەئیستاى كە تەنها باخەكەى سیتەكى نرخەكەى بیست دەفتەر دۆلارە .

وەالحاسڵ ئیستا لەبەرئەوەى خودى بەرێوبەر خۆى كەسایەتى نیە و هەموو فەلسفەى ئیشكردنى خۆبردنە پێشەوە و ماستاوكردنە بەهۆیەوە ئەفسەر و كارمەدەكانیش بەئاشكرا بێحورمەتى و سووكایەتیان پێ ئەكرێ و كەس نیە بەرگرییان لێ بكات ، هەمووان شاهیدن كە چۆن رۆژێك رەئیس عورفایەكى هاتوچۆ لەدەرەوەى دەوامى خۆیدا بە بەرگى مەدەنیەوە قات و بۆینباخێكى جوانى بەستبوو و چوبووە لاى ئەم بەرێوبەرە بۆ وەرگرتنى مۆڵەت ، عەمید ئاراس دیاربوو بەهۆى شان و شەوكەت و قات و ریباتەكەیەوە تێكەوتبوو و بەخۆى وتبوو لێگەڕێن بە ئەسحابە ئەمە یان مەسئولە یان كوڕە مەسئولە ، رەئیس عورەفاكە خۆى بۆى ئەگێراینەوە و ئەیووت هەر بەزۆر قاوە و نوقڵى مینۆى بۆ بانگكردم و فەرموو فەرمووى چوار قەتار نەیئەكێشا ، بەهەرحاڵ پاش ئەوەى وەك دیوەكەى عەلادین پێى وتبوو فەرموو براكەم ئەمركەو برات بۆت تەنفیزكات ، ئەویش خۆى پێ ناساندبوو و وتبوى گەورەم من رەئیس عورەفاى هاتوچۆ فڵان كوڕى فڵانم .. یــەكسەر جەنابى عەمید وتبوى چى ..چى ..دەى بەزاتى خوا قاوە و چكلێتەكە دائەنێیتەوە و یەكسەر دەرى كردبووە دەرەوە ، زمانحاڵى رەئیس عورفا داماوەكەش وەك تەمسیلەكەى خولە چەخماخە ئەیووت : [ئەى بێ قیمەتینە ئەوەى پیاوكوژ نەبێ ئیحترامى ناگرن !!؟؟ ].

بەهەرحاڵ با بێینەوە سەر پانۆراكەمان .. دیارە عەمید ئاراس كە دەرچوى مەعهەدى بیناسازیە لەكەركوك و لەسایەیى دەستورى پیاوى گونجاو بۆ شوێنى گونجاو لەبرى ئەوەى لەبەشى زێراب و مەنهۆڵە گیراوەكانى شارەوانى دابمەزرێت كراوە بە بەرێوبەرى هاتوچۆ ، ئەم عەمیدە ناو بەریوبەرایەتى بە خوشكەزا و پورزا وەك جاسوس تەنیوە ، زۆرێكیش لەم خزمانەى لەهەفتەیەكدا دوو كاتژمێر دەوام ناكەن بەڵكە زۆربەیان كوڵكە ریشى سەكسۆكەیان بۆ داناوە و شۆفێرى تەكسین .. ئەو تەكسیانەى بە بەلوشى لە ئیدارەى گشتى بۆى وەرگرتن ، هەروەك چۆن كورەكەى هەفتەى پێشوو بە وەنەوشەى ژمارە [4848]ى دائیرەوە لە قڕگە لەتەك كەنیشكەیەكدا بینراوە ، عەمید ئاراس كە زۆر پێى خۆشە پێى بڵێن [ئاراسى ناوخەڵك] هەر هەفتەى پێشوو و لە گرمەى دەوامى رەسمیدا كەسێكى بانگكردووە و لەناو ژوورەكەى خۆیدا [كەڵەشاخ]ى بۆگرتووە چونكە دوور بێ لەرووتان سەرى بەگیر وەستاوە ، لەوكاتەشدا خەڵكى بەزمانى بەرۆژووەوە چەند كاتژمێرێك بەپێوە ئاو لە ئەژنۆیاندا نەماوە .

نوێترین گەندەڵى دائیرە فەنتەڵۆسخانەكەى شێخ ئاراس ئەوەبوو كە لەماوەى تەنها سێ هەفتەى رابردوودا لەبارەگاى هاتوچۆى سلێمانى كە عەمید ئاراس ئیدعاى كۆنتڕۆلكردنى دەكات دوو ئەفسەر بە تاوانى بەرتیلخواردن دەستگیركراون و زیندانكراون .... دیارە ئەفسەرێك زاتى ئەوەبكات لەناو بارەگادا كە بەرێوبەر و ئیدارەى تیایە بە ئاشكرا بەرتیل وەربگرێت و كارەكەش دووبارە بێتەوە ئەمە بەواتاى ئەوەدێت كە جەنابى عەمید بەیەكجارى جڵەوى لەدەستداوە و ئیتر خۆى شەرم نایگرێ بڕواتە ماڵەوە ، بێگومان ئەگەر هەموو بەرتیلخۆرەكان كە بەئاشكرا دەڵاڵەكانیان لەناو بارەگادا دێن و دەچن دەستگیربكرێن ئــــەوا ئەبێ وەكو ستارخانى لە چین و ماچینەوە ئەفسەر بێنین بۆ راپەڕاندنى كاروبارى هاوڵاتیان ، دیارە زۆر بەرپرسى بەشیش هەن كە شێخ ئاراس بەئاشكرا دژایەتیان دەكات لەبەرئەوەى مل نادەن بۆ گەندەڵیەكانى وەك بەریوبەرى ئەندازە و هونەرى هەربۆیە شێخ ئاراس رۆژانە شاتە شاتێتى لەگەڵیانا و چارەیانى ناوێ .

كارمەندێكى خاوەن بیست و هەشت ساڵ خزمەت لەهاتوچۆ یەكەم رۆژى دەست بەكاربوونى ئەم بەرێوبەرە وتى مانگەشەو سەرلەئێوارە دیارە بەخوا ئەم مودیرە فاشیلە .. وتم چوزانى خۆجارێ یااللە ... وتى چونكە لەسەر مێزەكەى لەتابلۆیەكدا نوسیویەتى عەمیدى هاتوچۆ [شێخ ئاراس شێخ رەووف] ، دەى بە [اللە] قسەكەشى راست دەرچوو ، لەسەردەمى عەولەمە و فەیس بوك و ئەپڵ و تەكنەلۆژیادا خەڵكى بە بروانامە و كارى جوانەوە ئەنازێ كەچى تــازە بەتـــازە ئەمانە باوى شێخ و ئاغایەتى ئەیانەوێ بهێننەوە ، شێخ ئاراس ئەگەر باش مێژوو بخوێنێتەوە باش بۆى ئاشكرا ئەبێت كە [شێخایەتى] بیدعەیەك بوو ئینگلیزەكان دروستیانكرد بۆ نانەوەى دوبەركى لە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەرەستدا ، دیارە مەسەلەى ئەم شێخایەتیەش ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى جەنابى بەرێوبەر ئەیەوێ خۆى لە جەنابى بریكارى وەزارەت پێ نزیكبكاتەوە و هیچى تر .

تەوەرەیەكى زۆر گرنگى گەندەڵى ترى ئەم بەرێوبەرە دروستكردنەوەى پۆستى [رەفیق حیزبیەكانى] جارانە لەناو دائیرەكەدا ، ئەوانەى وەك من كۆنن بیریانە پێشتر یەكجار كۆتایى نەوەتەكان لە ئاسایشەوە فاروق ناوێكیان وەك زابت ئەمن هێنایە مرورەوە بەحساب بۆ چاودێرى كردن و نەهێشتنى گەندەڵى بوو .. ئەوەبوو دوو مانگى تەواو نەكرد لەماڵەكەى خۆیدا لەگەڵ فەرمانبەرێكدا بەرووتى گرتیانن و ئەوەبوو كلكى فاروقیان بەپەڕۆیەكى پیس گرت و توڕیان دایە دەرەوە ، فاروقى ئیستاى مرور كەسێكە بەناوى مفەوەز عەتاى كۆمیتە كە بەئاشكرا بە [زابت ئەمنەكەى] ناو مرور ناسراوە و ناوى دەركردووە [هەرچەندە بۆ ویژدانیش هەندێ لە بەرپرسانى كۆمیتەى پۆلیسیش چارەیان ناوێ و لە رەفتارە دزێوەكانى بێخەبەرن] ، مفەوەز عەتاى زابت ئەمنى مرور هاوڕێكانى شاهیدى ئەوەن كە چۆن كاتى رژێم ئەندامێكى چالاكى ئیتحاد و تەلەبەى بەعس بووە ، [رەفیق عەتا جبورى] تاكو ئیستا بۆ پرۆڤەش جلى سەربازى لەبەرنەكردووە و عەمید ئاراسیش تەواو مخەوەلى كردووە ئەویش لە سەعات هەشتى بەیانیەوە تاكو دوا موراجیع لە دائیرەكە ئەچێتە دەرەوە تەنها كارى ئەوەیە معامەلەى ئەم و معامەلەى ئەو لە ئیجازات و لە هونەرى بەرێ ئەكات و پاشتر بە وشكى و بەسەوزى بەشى خۆى لێیان وەردەگرێ ، بەداخەوە هەندێ ئەفسەرى ترسنۆك و داماویش هەن باوەڕیان بە خۆفوتێكردنەكەى رەفیق عەتاكردووە ، هەروەك چۆن زۆر لە ئەفسەر و كارمەندەكان شاهیدن كە چۆن رەفیق عەتا چەند جارێكیش بە سەیارەكەیەوە لەگەڵ كەسێكى ترى كۆمیتە لەگەڵ ئافرەتى عەرەبى لەفرۆش بینراون .

عەمید ئاراس دیارە زۆر خۆى بەوەوە بادەدات كە جائیزەى بلەى وەرگرتووە و ئیتر وائەزانى ئەم جائیزەیە نوشتەى سەوزى شێخ مارفى نۆدێیە و لە چاو و چڵە و رەخنەى دروستى نەیارەكانى ئەیپارێزێ حەسانەى ئەداتێ ، نازانێ مەسئول هەیە لە حەفتاوشەشەوە پێشمەرگەیە و دووسێ نەوع ملوانكە و قردێلە و حەتحەتۆكەشى وەرگرتووە بەڵام فایلى سیخوڕیەكەى بۆ بەعس بەقەد موەلیدەیەكى پەنجا كەیڤى قورس بووە ، خۆ ئیستاش شوانەكانى شارباژێڕ شاهیدن كە چۆن كاتێ ئەم ئاراسە موزەفى گومرگ بووە لەوێ چ پیسخۆرێك بووە ئەو دوو سێ ساڵەشى بە فیرارى لەدەرەوە بووە هەموو هاوڕێكانى بێباكانە شاهیدى ئەوەن كەلە تفەنگ پاكردنەوەى پێشمەرگەكانى مقەریشدا فیشكى لەدەست دەرنەچووە تابڵێ تەقەم كردووە .

زۆر لە ئەفسەر و كارمەندە داخلەدڵەكانى ئەم مودیرە زۆر جار بێتاقەتى ئەوەن ئەڵێن ئەم مڵۆزمە لە مەڵبەندەوە پشتیوانى لێدەكرێت و لاناچێت ، منیش ئەڵێم بە عەكسەوە ئێوە ئەبێ [بست بست و گەز گەز] باڵا بەو هەڵە و تاوانەبكەن .. لێگەڕێن با شێخ ئاراس هەموو رۆژێ بە ملوەنى هەرەسەكانى خۆى وەكو شیاكە لەپاش خۆى جێبهێڵێ .. خۆى هیچ نەبێ سوودى ئەوەى بۆ جەماعەتى گردەكەى گۆڕان هەیە كە نزیكەى دوو هەزار و پێنج سەد ئەفسەر و كارمەند بە موحەقەقى لە عەزرەتى ئەم عەمید ئاراسە لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكاندا دەنگ دەدەن بەگۆران وەك چۆن لە داخ و حەیبەتى ئەم لە هەڵبژاردنەكەى بەهاریشدا رووى دا ، ئەو پاشاگەردانیەیى ئیستا لە سیستمى هاتوچۆى سلێمانیدا هەیە بووە بە بەڵا و بارێكى هێندە قورس بەسەر هاوڵاتیانەوە كە رەنگدانەوە راستەقینەكەى لە زەمەنێكدا دەرئەكەوێ كە كار لەكارترازابێ و بەهەزار زانا بەردى ئەم نەزانەى هاتوچۆیان بۆ دەرنەهێنرێتەوە .



ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان