<

ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی سووتانى هۆتیل سۆما ئایا سزادانى گەندەڵكار و كەمتەرخەمانى لێدەكەوێتەوە ؟؟!!

08/08/2010, 12:00 (GMT+1)


هانایەك بۆ بەڕێز دكتۆر بەرهەم

بێگومان ئەم هانایەیى ئێمە بۆ بەردەمى بەرپرسان تەنها پەیوەست نیە بە سووتانى هۆتیل سۆماوە بەڵكە پەل دەهاوێژێت بۆ زۆرێك كەمتەرخەمى و كەموكورتى تر كە هەموویان كاراسات لەخۆگرى وەك هۆتیل سۆمان و وەك بۆمبێكى تەوقیتكراو چاوەڕێى تەقینەوەى لەناكاو دەكەن ، لاى هەمووان ئاشكرایە كە كارەساتەكەى هۆتیل سۆما زۆر بەئاسانى ئەكرا تاكە یەك قوربانى لێنەكەوێتەوە ئەگەر شارەكە خاوەنێكى راستەقینەى هەبوایە و هەندێ لەبەرپرسەكانى بڕێك دڵسۆز بوونایە ، بەڵام بێسەروبەرى و سەرقاڵبونیان بە ماستاوساركردنەوە و خۆبردنە پێشەوە رێخۆشكەرە بۆ زۆر كارەساتى هۆتیل سۆما ئاسا ، ئەو شەوەى كارەساتەكەى هۆتیل سۆما روویدا گەورەترین تاقیكردنەوەى لەناكاو روویدا بۆ بڕێك لەبەرپرسە ئیدارییەكانى شارى سلێمانى ، دەزگاى پۆلیس راستە زۆر كەموكورتى تێدا بوو بەڵام زۆریشیان دڵسۆزانە قۆڵیان لێ هەڵماڵى و بەجۆرێك لەجۆرەكان بەشداربوون لە روبەرووبونەوەى ئەو كارەساتەدا ، دەزگاى پۆلیس رۆڵێكى باشى بینى و بەرپرسەكانیان لەنزیكەوە ئامادەبوون بە بەڕێوبەرى ناوشار و بەڕێوبەرى پارێزگاوە، دەزگاى تەندروستیش ئامادەبونێكى بەرچاویان هەبوو و پزیشك و سەرۆكى تەندروستیش لە شوێنى رووداوەكە ئامادەبوونى هەبوو ، بێگومان بەڕێز بریكارى وەزارەتى ناوخۆ [مامۆستا جەلال] لەوكاتەدا لەدەرەوەى هەرێم بوو دەنا بێگومان ئەویش ئامادەى شوێنى رووداوەكە دەبوو و وەك زۆرێك لە رووداوەكانى تر لە نزیكەوە خۆى سەرپەرشتى كارەكانى دەكرد ، ئەفسەرە ئێشكگرەكانى هاتوچۆش زۆر بەدڵسۆزانە كارى خۆیان ئەنجامدا و چەندین ئوتومبیلیان دوورخستەوە ، بەڵام ئێمە نازانین بەڕێوبەرى هاتوچۆى سلێمانى كە لەوكاتەدا لە دەعوەتە خوانێكى نزیكدا بوو بۆچى ئەو ئەركە قورسەى نەكێشا و نەهاتە شوێنى رووداوەكە ، ئەى گوایا ئوتومبیلى دوا مۆدێل و بانزینى بەلاش و شانزە خۆشكەزا و پورزاى وەك حیمایەیى وەهمى بۆ دابین نەكراوە ، یان ئەویش تەنها بۆ سەفەرى كابینەكانى مێرگەپانە بە دووقۆڵى .. ئەى ئەوە بۆ بەیانیان كاتێ دركى ئەوە دەكات كە بەرپرسێك لە فڵانە شەقامەوە گوزەر دەكات .. ئەوە بۆچى لەوێدا قووت دەبێتەوە و ناڕوا تاكو تەحیەیەكى ماستاوچیانە بۆ ئەو بەرپرسە نەكات ..تاكو بڵێن ئـــــــاى بەخوا مودیرێكى موخلیسە ئەشهەدوبیلا، هەموو ئەوانەى بەڕێوبەرى هاتوچۆى سلێمانى لەنزیكەوە دەناسن ئەزانن ئەم پیاوە خوێنى ناو جەستە و رۆحى خۆبردنە پێشەوە و مل شكاندنى ئەم و ئەوە و بۆ مانەوەى خۆى لە پۆستەكانیدا ئامادەیە تەزحیە بەهەموو شتێك بدات .

هــــۆ ..هــــۆ خەڵكینە ئەم بەڕێوبەرى ئێمە ماوەیەكى كوورت بەر لە ئیستا و كاتێ داواى لێكرا كە كۆمەڵێ ئەفسەر بۆ خولێكى ئەڵمانیا كاندید بكات .. باوەڕ و قەناعەت دەكەن خۆى و خێزان و منداڵەكانى خۆى لەبرى هەندێ ئەفسەر نوسیبوو بۆ ئەو خولە و تەنانەت فیزەكانیشیان بۆ هاتەوە لەگەڵ كۆمەڵى ئەفسەر و مفەوەزێكى ماستاوچى و كاسەلێسى خۆى ، بێ ئەوەى تەنها یەك ئەفسەر لە ئەفسەرە ماندووەكانى سەر شەقامەكان بنووسێ ئەو ئەفسەر و مفەوەزانەى بارە قورسەكەى رێخستنى هاتوچۆ لەسەرشانى ئەمانە ، بێگومان ئەم گوڵبژاردنەى جەنابى مودیریش ئیهانەكردن و سووكایەتى كردن بوو بۆ هەموو ئەو ئەفسەر و كارمەند و مفەوەزانەى گەرما و سەرماى زستان و هاوین ئەچێژن و سووتەمەنى راستەقینەى رێخستنى هاتوچۆى سلێمانى و دەوروبەرین ، بەڵێ ئەم بەڕێوبەرى ئێمە كاتێ لە رەگەزنامەوە گواسترایەوە ئەفسەر و مفەوەز و كارمەندەكانى رەگەزنامە بەشاهیدى خۆیان چەندین مەڕیان لەخۆشیا دا بەزەویدا ، ئەمە نەك لەبەرئەوەى مودیرێكى توندوتۆڵ بوو ... نەخێر بەڵكە لەبەرئەوەى بازرگانى بە ماندووبوونى ئەوانەوە دەكرد و خۆى پێدەبردە پێشەوە و دینار و دۆلارى پێ وەردەگرت لە ئیدارەى گشتى ، هەروەك چۆن لە هاتوچۆشدا بەماندووبونى ئەفسەر و مفەوەز و كارمەندەكان وەنەوشە و كامیرى و بیست و پێنج ملیۆن دینارى وەرگرت بۆ گیرفانى شەخسى خۆى ئەمە بێ لەوەى چەندین تەن چیمەنتۆ و شیشى لە كۆمپانیایى نۆكان بۆ باخەكەى سیتەكى وەرگرت لەسەر حسابى ئێمەى ماندوو كە مووچەكەمان تاكو سەرى مانگ بەشمان ناكات ، ئەوە باسى مەحسوبیەت و گەندەڵى و بەرتیلخواردنى ناو بارەگاى بەرێوبەرایەتى ناكەین كە چۆن وەك سەرەتان بڵاوبۆتەوە و هەر ئەفسەرە بەر سپلیتەكانى ئەوێش ئەخوێنرێنەوە كاتێ سەفەر و موكافەئە دابەشكردن دێتە پێشەوە .

جا پێویستە ئەو بەرپرسە گەندەڵانە موحاسەبە بكرێن كەوەك بەڕێوبەرى هاتوچۆ كەمتەرخەمن و تەنها بۆ بەر رووناكى كامیرا و چاوپێكەوتنەكانى كەناڵەكانى میدیا سەر و سمێڵى بۆ بۆیاخ دەكەن و دووقسەش ناكەن كەلەقسەبچێ ، ئەوە ئەگەر بۆ سووتانى هۆتیل سۆما نەبوایە بۆنەیەكى حیزبى و حكومى بوایە و چوار كامیرایى لێبوایە هەر زوو عەمیدە پەڕۆكەى ئێمە وەك بەتەڵى فلیم ئامادە ئەبوو ، ئیستاش ئەیەوێ لەم كارەساتە و وەختى موحاسەبەیەدا دەستە پیس و چەورەكەى بە دەوروبەرى بسڕێت ، بەڵام خوا یار بێ لەوەناچێ ئەمجارە بێ ئاو لێى دەربچێ ئەگەر زەڕیەك دادوەرى و حەقیانەت هەبێ .
 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان