<

وەزارەتى "پیلاندانان"، جارێكى تر كورسیەكانى تواناسازى دەبەخشێت بەپاراستن و زێرەڤانى

02/10/2011, 12:00 (GMT+1)



لەهەرێمى كوردستان دەمى هەركەس دەكەیتەوە دەڵین، هیچ وەزارەتێك نیە هێندەى وەزارەتى پلاندانى هەرێم گەندەڵو ناشەفاف بێت، هۆكارى دروستبوونى ئەم قەناعەتە بۆ چەندین شت دەگەڕێتەوە، كەگرنگترینیان ئەوەیە كەئەوەى پێى بڵێى پلان لەم هەرێمەى ئێمە نابینرێت، لەهیچ سێكتەرێكى حكومیدا ئیشەكان بەپلان ناكرێنو بەرنامەكە لەسەر زەوقى ئەم مەسولو ئەو مەسول دادەنرێن.

بەڵام لەهەمووى خراپتر، دابەشكردنى ئەو كورسیانەى تواناسازیە كەخوێندنى باڵا بەفشارى پارتى داویەتى بەوەزارەتى پلاندانانو ئەوانیش تائەم چركە بەئارەزوو خۆیان تەخشانو پەخشانیان كردوەو پارتیە بێ مستەواكانى ناو فەرمانگەكان پشكى شێریان بەركەوتوەو لەسایەى پرۆژەى مەزنى ستراتیجى نیوان پارتىو یەكێتى، د.دلاوەرى وەزیرى خویندنى باڵاش نقەى لیوە نایە لەوبارەوەو خۆى لەمەسەلەكە دەدزێتەوە.

ئێستا خولى سێیەمى تواناسازى دەرچوەو لەدوو هەزار كورسى نیوەى دراوە بەپلاندانانو لەسەر سیستەمى فیفتى بەفیفتى پلاندانان دەبێت دابەشى بكات بەسەر كارمەندەكانى وەزارەتەكانى دیكەدا، بەڵام هەرلەئێستاوە زۆر بەڕوونى دیارە كەخەریكە دزى تیادەكرێتو بەدەردى ئەوجارى دەبەن كەكەس نەیزانێ چۆنو لەسەر چ بنەمایەك خەڵك وەرگیراوە. ئەوەى كەدیارەو فەرمانبەرانى نائومید كردوەو پیلانى چەتەیى وەزارەتى پلاندانان دەردەخات، ئەمانەى خوارەوەن:

1ـ نزیكەى دوو هەفتەیە، وەزارەتى خوێندنى باڵا، دەرگاى پێشكەشكردنى واڵاكردوەو خەریكە بەرەو تەواوبون دەچێت ماوەكەى، كەچى وەزارەتى پیلاندانان یەك حەرفیان لەوبارەوە نەوتوەو هیچ شتێك لەوبارەەوە لەمالپەڕەكەیان نابینرێت.

2ـ وەزارەتى پیلاندانان لەمانوەڵى پەرەپێدانى تواناسازى مرۆیى خۆیان رایانگەیاندوە كەمەرجى تەمەنو مەسەلەى توانستى زمان... ئەمانە بەهەند ناگرن بۆ وەرگرتنى خەڵكى وەكئەوەى لاى خوێندنى باڵا هەیە، ئەمە بەڵگەیەكى رونو ئاشكراى سەرەتاى گەندەڵى وەزارەتى پیلاندانانە لەوەى كەخەڵكە بێ مستەواو پیرە حیزبیەكان جیگەیان بۆ دابنرێتو دوایش بلێن بەیاسا كراوە.

3ـ باسلەوەدەكرێت كەپلاندانان، نەسیستەمى خاڵ پەیڕەو دەكات، نەئەوەى كەبەشێوەی ئۆنلاین بكرێتو دواتر بەئۆنلاین رابگەیەنرێت، بزانرێت كێ دەرچوەو كێ موستەحەق بووە وەكو جارى پێشوو، هەمووشتەكان بە نائەلیكترۆنیەو خواو خۆیان نەبێت كەس نازانن كێ وەردەگیرێتو كێیان داناوە لەزیرەڤانىو پاراستنو خەڵكە موعتەمەدەكانیان بۆئەو كورسیانە، وەكئەوەى جارەكەى تر كردیانو لڤین فەزحى كردنو رووى رەشیان دەركەوت.

من لێرەدا، تەنها روى دەمم دەكەمە وەزیرى خوێندنى باڵا كەپێش ئەوەى ببێتە وەزیر بەهەزاران دێڕى لەسەر ئەم جۆرە شتانەى وڵاتەكەى دەنوسى، ئەدى ئێستا خێرە خۆت كردوە بەكەڕەى شەربەتو ناوێرێت بەعەلى سندى وەزیرى پیلانگیران و دەستەو تاقمە گەندەڵەكەى بلێى ژێرى چاوتان كلى پێوەیە، پێم ناڵیى ئیتر هەڵویست كەى وەردەگرى كاتێك لەسایەى سیستمە پێشكەوتوەكەى تۆدا بەدەیان زێرەڤانى نەخوێنەوار دەچنە دەرەوە.... وابزانم كورد وتەنى مەوقیفى تۆ وەك خەنجەرەكەى كابراى لێهاتبوو، وتیان كابرایەكى خەنجەر لەپشت خەریكبوە بیكوژن، پییانوتوە بۆ ئەو خەنجەرە بەكارناهێنى... وتبوى بۆ رۆژى تەنگانە؟؟؟؟

 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان