<

پەیامێكى بەپەلە ، تكایە فریایى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە بكەون

18/07/2012, 12:00 (GMT+1)


بۆ ستافى كوردستانپۆست و خوێنەرەكانى
بۆ سەرجەم ڕێكخراوە ناوخۆیى و بیانیەكان
بۆ ئەو ئەندام پەرلەمانە دڵسۆزانەى لەگەڵ خەمەكانى ئەو میللەتەدان .
سڵاوتان لێبێت .
وەك هەموو لایەك دەزانن هەرێمى كوردستان لەبەردەم دۆخێكى نەخوازراودایە ڕۆژبەڕۆژ پێگەى عەسكەرتاریەت و دەزگا جاسوسى و تۆقێنەرەكان لەزیادبوونەو بەدروستكردنى دەزگاى ئەنجومەنى ئاسایشیش ئەوەندەى تر گومانەكان بوون بەڕاست ، تاكە فەرمانگە و دامەزراوەیەك لەو نێوانانەدا خەڵكى كوردستان دڵى پێیى خۆش بێت و بۆ هەموو لایەك وەك یەك بێت تەندروستى و دامەزراوەكانى سەر بەو كەرتەن بەڵام بەداخەوە دەبینین ڕۆژبەڕۆژ ئەو كەرتەش بەرەو ماڵوێرانى و سەرگەردانى هەنگاو دەنێت ، سنوورى پشدەرو بیتوێنیش بێ بەش نەبووە لەو ماڵوێرانى و پاشاگەردانیە بەڵام وەك باقى ناوچەو شارو شارۆچكەكانى تر خەڵك و كارمەندانى تەندروستى لەگەڵى ڕاهاتوون و دۆخى تەندروستى ئەو سنوورەش ئەگەر لەناوچەكانى خراپتر نەبووبێت باشتر نەبووە ، لەگەڵ هەموو ئەو كەموكوڕى و كارەساتانە ئێستا دۆخێكى نەخوازراوى نەویستراو بەسەر تێكڕایى كارمەندانى تەندروستى ئەو سنوورەدا هاتووە بەشێوەیەك هاوشێوەى دەزگاى ئاسایش و زانیارى و پاراستن چاودێرى دكتۆر و كارمەندانى تەندروستى پشدەر و بیتوێن دەكرێت كەئەمە دوورە لەهەموو بەهایەكى ئینسانى و ئەخلاقى ، بەهۆى پاڵپشتى ڕاستەوخۆى لێپسراوى مەڵبەندى ڕێكخستنى ڕانیەیى یەكێتى لەبەرپرسانى تەندروستى ئەو سنورەو ئەو بەڕێوبەرایەتیە ئەوەندەى تر كەوتوونەتە هەڕەشەو چاو سووركردنەوە لەكارمەندانى تەندروستى ناڕازى ، دەمێكە لەسنورەكە دەنگۆى ئەوە بڵاوبۆتەوە لەنەخۆشخانەو مەڵبەند و بنكە تەندروستیەكان لەڕێگەى هەندێك بەڕێوبەرى كارگێرى نەخۆشخانەكان و مەڵبەندە تەندروستیەكان جاسووسى و چاودێرى بەسەر ئەو كارمەندانە دەكرێت كە ئینتەرنێت و فەیسبووك بەكاردێنن یان سایتى كوردستانپۆست دەكەنەوە ، ئەمڕۆ دەركەوت نەك هەر جاسووسى ئەمڕۆ 17 / 7 / 2012 بۆ یەكەم جار دەنگى تۆماركراوى كارمەندێك لەڕێگەى مۆبایلەوە لەسەر مێزى بەڕێوبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە بووەو لەلایەن بەڕێوبەرى كارگێرى مەڵبەندێكى تەندروستیەوە بۆى چووە كەكارمەندێكى تەندروستى گلەیى لەكەرتى تەندروستى دەكاو قسە بەدەسەڵات دەڵێت .
لەكاتێكدا ئەو ڕەفتارە ناشیرینە قێزەونە ڕەت دەكەمەوەو زۆر بەتووندى ئیدانەى دەكەم ئەمە ڕاستەوخۆ شكاندنى هەیبەت و كەڕامەتى ئەو گەنج و كارمەندە تەندروستیە ناڕازیانەیە كەئامادەنین كڕنووش بۆ بتەكانى حزب و ماستاوچیەكانى سەندیكا بەرن .
داواكارم لەسەرجەم دكتۆرو كارمەندانى تەندروستى پشدەرو بیتوێن هەڵوێست بنوێن و ئیدانەى ئەم كارە نائینسانیە بكەن ، پێموایە ئەمە یەكەم هەوڵى ئەو دەزگا سەركوتكەرەى ئەنجومەنى ئاسایشە لەمەودوا لەڕێگەى ئەو بەڕێوبەرو خەڵكە حزبیانەى خۆیانەوە لەسەرجەم دامەزراوەو فەرمانگەكانى كوردستان ئەنجامى دەدەن .
17 / 7 / 2012 .
_ تكایە بەڕەسمى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە و بەشى یاسایى ڕوونكردنەوە بدەن لەسەر ئەو تۆمارە دەنگیەیى ئەمڕۆ 17 / 7 بۆ بەڕێوبەرى گشتى هاتووە لەلایەن بەڕێوبەرى كارگێڕى مەڵبەندێكى تەندروستى كەناوو ناونیشانى تەواوى لاى من هەیە ، بەپێچەوانەوە ناچار دەبم ئەو پەیامە وەربگێڕمە سەر زمانى عەرەبى و ئینگلیزى و بۆ ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و هیومان رایتسى بنێرم .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان