كاك نوشیروان فریاى كۆیە بكەوە، تا كار لەكار نەترازاوە
14/07/2010, 12:00 (GMT+1)
شارى كۆیە شارى وەرچەرخانە میژووییەكان و سیمبولى خەباتى رۆشنبیرى و لە ڕێزى پێشەوەى شارە وشیارەكانى كوردستان دادەنرێ، ئەگەر زۆر نەگەڕێینەوە بۆ مێژوو تەنها باس لەو چەند ساڵەى ڕابردوو بكەین دەبینین خەڵكى كۆیە شان بەشانى شارە وشیارەكانى ترى كوردستان بە ئەركى مێژوویى خۆى هەستا لە بەگژداچوونەوەى گەندەڵیدا، ئەوێ ڕۆژى كە قەڵەمەكان لە سەنگەرى دژە گەندەڵیدا بوون قەڵەمە بە بڕشتەكانى ئەم شارە درێغییان نەكرد لە هەڵدانەوەى ئەو لاپەڕە ڕەشانەى كە كەسانى گەندەڵى ڕوو ڕەشتر دەكرد، لە، 25/7 یشەوە شارى دڵدارى ئەى ڕەقیب بوێرانەتر هاتە دەست و بە پێچەوانەى هەموو بۆچوونەكانى نەیاران كۆیە لە سەركەوتنێكى بێ وێنەدا توانى ببێتە پێشەنگى گۆڕان، ئەوەى من دەمەوێ باسى بكەم پیاهەڵدان نییە بە باڵاى ئەو شارە، بەڵكو دەرخستنى ئەو كێشە گەورەیەیە كە بەرۆكى گۆڕانخوازانى گرتووە و ئەگەر كاك نۆشیروان زۆر بەپەلە فریا نەكەوى لەوانەیە كارەساتێكى گەورەى بەدوادابێت.
ئەگەرچى لەچاو قەبارەى ئەو دەنگەى لە هەردوو هەڵبژاردنەكەى 25/7 و 7/3 دا لە كۆیە هات ژمارەى هەڵسوڕاوان و كەسە دیارەكانى گۆڕان زۆر كەمبوون، كەچى كۆیە توانى شانازیەكى تر بخاتە سەر خەرمانى شانازییەكانى، كێشەى گەورە لەوەدایە لەناو ئەم ژمارە كەمەى هەڵسوڕاوان كەسانى نەفس نزم و هەلپەرستى وەها هەبێ، كە هەموو جوانییەكانى گۆڕان بۆ بەرژەوەندى تایبەتى خۆیى و لە خزمەت نیازە گلاوەكانى بەكاربهێنێت. (قارەمان قادر) یەكێك لەو كەسانەیە كە خۆى بە هەڵسوڕاو و خەمخۆرى گۆڕان نیشاندەدات و لە ئێستادا كار بۆ ئەوە دەكا وەكو كەسى یەكەمى ئەو بزووتنەوەیە دەركەوێ، لەگەڵ هەموو پۆخڵەواتەكانى ڕابردووى ئەو زاتە لە گومرگ، ناوبراو ئێستا كەسێكى زۆر نزیكى خێزانەكەى (كۆسرەت ڕەسول)ە و لە گەرمەى بانگەشەى هەڵبژاردندا چەند جارێك شاڵاو كۆسرەتى بینیوە، لە یەكێك لە دانیشتنەكان منیش ئاگاداربووم بەڵام لەسەر داواى كاك قارەمان من نەمتوانى ئامادەى دانیشتنەكە بم، بەردەوام هەموو زانیارییەكى پێویستى داوە بە ناوبراو، بەپێى ئەو زانیارییانەى من تا ئێستاش هەموو خەرجییەكى قارەمان شاڵاو كۆسرەت دەیكێشێ و كەسە نزیكەكانى شاڵاو دەڵێن: ئێمە شەریكین لە گۆڕان و قارەمان بەشێكە لە بنەماڵەى كاك كۆسرەت. ئەوەى جێگاى مەترسییە چارەنووسى سیاسى شارێكى وەكو كۆیە بكەوێتە ژێر ڕەحمەتى كەسانى وەكو قارەمان و وا هەست بكا ئەگەر ئەو گۆڕان نەبێ ئیتر ئەم بزووتنەوەیە پەكى دەكەوێ لەم سنوورە، بۆیە بە ئەركى خۆمى دەزانم هەر لە ئێستاوە زانیارى ورد لەسەر هەموو هەڵسوڕاوان و ئەو كەسانە كۆبكەمەوە كە خۆیان داناوە ببن بە پێشەنگى گۆڕان لەم شارەدا و خراپییەكانیان بخەمەڕوو، وە هەر لەم مینبەرەوە داوا لە خەڵكى بە ئەمەك و دڵسۆزى شارى حاجى قادر بكەم كە بوێرانەتر بێنە مەیدان و ڕێگە بگرن لەو دەستە چەپەڵ و نا مەسئولانەیەى كە لە هەوڵى ناشیرینكردنى بزووتنەوەى گۆڕاندان.
كاك نوشیروان زۆر حەزم دەكرد لە نزیكەوە بتبینم و كۆمەڵێك ڕاستى ترت بۆ ڕوون بكەمەوە، كەچى بەداخەوە من بە نهێنى گۆڕانم و تا ئێستا لە ڕێزى ڕێكخستنەكانى یەكێتیم، بەڵام دڵنیابە هەموو كات بە ئەركى سەرشانى خۆمى دەزانم لە ڕێگاى نووسینەوە ئاگادارت بكەمەوە.
هەر سەركەوتوو بێ گۆڕان، سەر شۆڕ و ڕیسوابن نەیارانى گەل و نیشتمان
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان




















