بۆنی سێوە - (بۆ یادی هەڵبجەی شەهید)
16/03/2012, 12:00 (GMT+1)
لە سپێدەى وەرزی گوڵدا
لەزەمەنی
هەڵوەرینی ڕوحى بێ گەر
هەشتاو هەشتی پەڵەى ڕەشی
سەر تەوێڵی
ئەم هەسارە كە ڕو لاڵە
بۆنی سێو هات !
لە دەڤەری كانی ئاشقان
منداڵەكان لەنێو باخی هەنارەوە
ڕوویان كردە مەنزڵگای خۆر
چاوەڕوانی خوداوەندی میهرەبان بون
لەو وەرزەدا
بارانی سێو ببارێنێ
دوای چەند ساتێكی شەرمەزار
زەمەن گۆڕا...
سیۆ نەباری و بۆنی باری؟!!
لە پێشوازی ئەو بۆنەدا
تێكرا منداڵانی دەڤەر
ڕوحی پاكیزەو بێ گەردیان
كرد بەدیاری ،
لەخەوێكی زەردو سوری سێو ئامێزدا
پێڵۆی چاوەگەشەكانییان نایە سەر یەك
كۆی پەپولەكان پێكەوە
بڕیاریاندا دوای مەرگی گوڵ
تەمەن بسپێرن بە خەزان ،
تاوان ئاسمانی ڕەشكردو
خوێن بەهاری سەوزی سوركرد،
لەدامێنی
چیای بڵندی شنروێ
تابلۆیەكیان بەمەرگ نەخشان ،
پیرەمێردێ
سەری دەرهێنا لە گۆڕێ ،
كەڤاڵی گرتە ئامێزو
چەند دڵۆپێ ئەشكی ڕژان !
لەپاش كەمێ لەڕەنگی فریشتەیەكدا
بەرز بۆوە بەرەو ئاسمان ،
بەردەكان هاتنە گۆو وتیان
ئەوە حەزرەتی نالی بو
كەڤاڵی برد هەڵی واسێ
لەنێو بارەگاكەى یەزدان ؟!
لەبەرئەوە جێ یەك نییە
ئەم تابلۆیە بگرێتە خۆى
لەگشت جیهان!!!؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























