<

کە هاتنە شار ....

27/11/2014, 12:00 (GMT+1)



کە هاتنە شار ،،،
دەستان بۆنی
سێوی ورمێ و
گێلاسی شنۆی لێ دەهات ،
كراسی بەرتان کەم ڕەنگ بووبوو ،
بۆ چەند جارێک ،
یەخەکانتان ئەو دیواو دیوی پێکرابوو ..

ئاخ
بۆ ئەو ڕۆژەی
کە هاتنە شار
چ ڕۆژێکی جوان بوو بۆ مێژوو
چ ڕۆژێکی شووم بوو بۆ ئێوە ،
ئەو ڕۆژە ...
هەموو جوانیەکانی لێوەرگرتنەوە
ئەو جوانیەی نیوەی ڕاست و
نیوەکەی تری وەهم بوو ،

خۆزگە،،،
شارتان نەدەیتەوە
شار بێ ئێوە جوانترو
ئێوەش بێ شار جوانتر بوون .

جاران ،،،
شێعر باران دەکران و
ئەو سروودانەی ،
باسی
بەژن و باڵای ئێوەی دەکرد
نەتەویەکی دەهێنا گریان ،
ئێستاش
بۆنی درۆ و
دووکەڵی نەوتی دزراو
خەریکە هەمووان قڕ دەکا ،
ئێوە نەبێ .

عە باس باڵەک / ۲٥-۱۱-۲٠۱٤
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان