لە یادی یەکی ئایاردا
01/05/2011, 12:00 (GMT+1)
ئەم ساڵ لە کاتێکدا یادی یەکی ئایار، ڕۆژی خەبات و هاوپشتی کرێکارانی جیهان دەکرێتەوە، کە جیهان ڕوداوێکی مێژوویی تری دوای قەیرانی ئابوری (کۆتایی 2008) ئەزموون کرد، ئەویش شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. ئەمە دووەمین زەمین لەرزەیە کە لە سەرەتای هەزارەی سێهەمدا لە پەیکەرەی سەرمایەداری بازاڕی ئازاد و سیستمی گڵۆباڵیزم ئەدات. ئەگەر داڕوخانی پەیکەری بەهێزترین و گەورەترین ئابووری جیهانی سەرمایەداری و ئیمپریالیستی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە قەیرانی 2008 دا، هەژمونی نیولیبرالیزمی ئابووری خستە ژێر پرسیارەوە و هەقانیەتی ڕەخنەکانی (مارکس) و کۆمۆنیزمەکەی لە سەرمایەداری سەلماندەوە و خستیەوە بەر ڕوناکی، ئەوا شۆرشەکانی باکوری ئەفریقیا، ڕاپەڕین و بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان و خۆپێشاندانەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوانە عێراق و هەرێمی کوردستانەکەی، ئەوەی سەلەماندوە کە لە هەناوی ئەو قەیرانانەدا چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش و بێبەش کراو لە خێڕوخۆشی کۆمەڵگە، ناچارن دەستبەرن بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش. ئەم ئەزمونە شۆڕشگێرانەی باکوری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو متمانەیەی گێرایەوە بۆ چینی کرێکار و جەماوەری ستەمدیدە کە بەهێزی خۆیان دەتوانن جیهان بگۆڕن.
گەر ئاوڕێك لە دوو دەیەی ڕابردوو بدەینەوە دەبینین بورژوازی و تیۆریسن و میدیا و ڕۆژنامەنوسانی نۆکەریان چۆنچۆنی بیریان لە ئایندەی دەسەڵاتی بورژوازی و جیهانی سەرمایەداری کردۆتەوە و چ خەونێکی ئاڵوواڵایان پێوە بینیوە، ئێستا دوای ئەو دوو زەمین لەرزەیە، دەبینین کە ڕوانگە و بۆچون و ئاسۆی سیاسیان بەتەواوی گۆڕاوە و ئەو خەون و خەیاڵانەیان بەباچووە. بەم پێیە هەردوو بەرەی دژ بەیەکی ناو کۆمەڵگەی سەرمایەداری، کرێکار و بورژوازی بە واقعی پێیان ناوەتە ناو سەردەمێكی تازە لە کێشمەکێشی چینایەتی، لە خەباتی فکری و سیاسی بۆ شکڵدان بە جیهانی سەرەتای هەزارەی سێهەمی بەشەریەت.
هاتنە مەیدانی کرێکاران، زەحمەتکێشان و ئازادیخوازانی عێڕاق بۆ سەر شەقامەکان و دەربڕینی ناڕەزایەتی ئەوەی دەرخست کە چینی کرێکاری عێراق پاش ڕوخانی ڕژێمی دکتاتۆری بورژوا-ناسیونالیستی بەعس و داگیرکاری ئەمریکا، خەریکە خۆی جیا دەکاتەوە گەرچی بە شکڵێکی خۆبەخۆیش بێت لەو پڕۆسە سیاسیە بورژوا ئیمپریالیستیەی کە لە عێراقدا خراوەتەڕێ و دەیەوێت وەك هێزێکی سەربەخۆ لە حزب و ڕەوتە بورژوا ناسیونالیست و ئایینیەکان پا بنێتە مەیدانی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی عێراقەوە.
ڕاوەستاوی جەماوەری ئازادیخوازی کوردستانیش بۆ ماوەی دوو مانگ لە مەیدانەکانی ئازادی، لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان، نەفرەت و بێزاری ئەو جەماوەرەی دەرخست لە دەسەڵاتدارەتی "پارتی" و "یەکێتی". دەسەڵاتێك لە جیاتی وەڵام بە خواستەکانی جەماوەر بە هێزی میلیشیا سەرکوتی ناڕەزایەتیەکانی کردوە و وەك هێزێكی داگیرکەر بۆتە مۆتەکەی سەر سنگی شارەکان و رێگە نادات کە ئاهەنگی یەکی ئایار ئەم ساڵ لەلایەن کرێکارانەوە بەرپا بکرێت.
دەرسێك کە پێویستە لە هەناوی قەیرانی سەرمایەداری جیهانی ئەمڕۆ و بارودۆخی شۆڕشگێرانەی باکوری ئەفریقیا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدەست بێت، ئەوەیە کە لەگەڵ هەموو گیان فیداکاری، ڕاپەڕین و شۆڕشێکدا کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی خێروخۆشی نەدیوو لە ژیان، بەبێ ڕیزی ڕێکخراو و ئاگا بە بەرژەوەندیە چینایەتیەکانیان ئاکامەکەی ناتوانێت لە دەستاودەست پێکردنی دەسەڵات لەنێوان بەش و هێزە جیاوازەکانی بورژوازی واوەتر بڕوات. هەربۆیە ئەم ئاڵوگۆڕە مێژووییانە ڕونوئاشکرا پێداویستی چینی کرێکاری بۆ یەکیەتی و ڕێکخراوبوون، بە ئاسۆی سیاسی کۆمۆنیستی و حزبی پێشڕەوی خۆی دەردەخات.
یەکی ئایار ڕۆژی هێنانەوە یادی ئەو دەرسە و پاڵنەرێکی بەهێزی کۆمۆنیستەکان، کرێکارانی پێشڕە و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاریە تا لە ڕاستای هێنانەدی یەکیەتی چینایەتی و رێکخراو کردنی چینی کرێکار لە ژێر ئاڵای کۆمۆنیزمدا چالاکیەکانی خۆیان گوڕ و گوژم پێبدەن.
بژی یەکی ئایار، ڕۆژی خەبات و هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاران.
ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری
www.rewend.info
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























