گەرمیان گیان بمانبورە
10/05/2011, 12:00 (GMT+1)
من ئەكتەرێكى شانۆ روتەڵەكەى نیشتمانى تۆم و تۆزێك لێتەوە دورم، یەك تۆز ، من لە سلێمانیم . بمبورە ناتوانم لەسەر شانۆ ئەم چیرۆكەى تۆ بگێرمەوە ، زۆر قورسە وەك چۆن قیژەى مناڵێك لە ئەنفال ناگێڕتەوە
.. ناتوانم تەمسیلى ئەو ساتەوەختە بكەم كەتۆ ملت درێژ ئەكەى بۆ ژیان ، تا نەمریت و بگەڕێتەوە بۆ لاى
خوشكەكەت .. بۆ لاى مناڵانى گەڕەك و هەڵماتێك تیل بكەیەت بۆ یارى بۆ ئاشتى نێَوان هەموو گەرەكەكان ،
نەك بۆ توندو تیژى ..من هەموو ئێوارەیەك بیرت ئەكەم بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە دواى هەموو هەڵبەزێك ودابەزێك لە یارى .. وەك ئاسكێكى كێوى و یارى لەگەڵ خوشكە تەنهاكەى ئێستا بكەیت .. گەرمیان گیان پێم بڵێ تۆ چى ئەكەیت لەم شەقامەى یارى سیاسەتە بۆ رێچكەى ماڵەوەت لێ تێك چوە.. ئاگات لە خۆت بێت تەقەیە ، تەقە، لەسەر شۆستەكە بڕۆ و لا مادە دەستى غەدر ئەم لادانەى تۆ لە شۆستە ئەكاتە باجى قانون و ئەلێن بۆیە گەرمیانمان كوشت لە قانون لاى داوە .. مەمرە .. نا گەرمیان گیان تكایە مەمرە ..ئەمە یارى تەرقەو دەمەقاچانى گەرەەك نیە .. ئەمە تەڵقە تەنورەى خۆشى نیە .. ئەمە تە قەى گەمەى سیاستە و گوللە بارانە ..بڤەیە ، بڤە
گەرمیان گیان، من ناتناسم ، من لە سلێمانیم ، كەچى بیرت ئەكەم ..بەڵام ئەى دایە و بابە چەند بیرت ئەكەن.. نا تەحەمولى ئەوە ناكەم بیر لەو بیركردنە بكەمەوە .. من ناتناسم بەڵام ئەزانم مناڵێكى ئەم نیشتمانەى .. ئەم نیشتمانەى كە تا ئیستا فریاد رەسێكى راستەقینەى تیا نابینى ، توند باوەشم پیاكە من براتم توند ، توندتر ، بەخوا بێتاقەتم بۆت بە خوا .. گەرمیان گیان مەمرە ، گەردنە ئەسمەرەكەت درێژ بكە بۆ ژیان ، بۆ مناڵان .. بۆ یارى ، بۆ مەكتەب ، بۆ هونەر .. گەرمیان گیان بمانبورە رەنگە لە دواى شەهید بونت پیاسەیەك لەسەر خوێنى تۆ بكەین ئێوارەیەك كە بانگى ئێوارانە هەر لەگەرمیان .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان




















