<

سیاسەتی شەڕخوازانەی یەكێتی نیشتمانی لەدژی خەڵكی ناڕازی كوردستان مەحكوم بەشكستە!

19/04/2011, 12:00 (GMT+1)

بەدوای ڕوداوەكانی دوێنی وپەلاماردانی هێزە چەكدارەكانی یەكیتی نیشتمانی بۆ سەر سەرای ئازادی وخۆپیشاندەران ولێدان و برینداركردنی زیاتر لەسەد هاوڵاتی و دەستگیركردنی دەیان كەس، لیژنەی ئەمنی سلێمانی، توندوتیژی زیاترو شەڕی چەكداری لەدژی خەڵكی ناڕازی كوردستان ڕاگەیاند. ئەمرۆش وەك یەكەم هەنگاوی ئەم شەڕە سەركردایەتی یەكێتی و لیژنە ئەمنییەكەی هەزاران چەكداری ڕژاندۆتە بەردەركی سەرا و كۆڵانەكانی شارو كەوتونەتە لێدان و گرتن و دانانی سەیتەرەو هەڕەشەكردن لەهاوڵاتیانی كوردستان.
ئەم پیلانەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە دوای ئەوەدا دێت كە دەسەڵات لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا جگە لە سەركوت هیچ وەڵامێكی تری جەماوەری نەداوەتەوە و سادەترین خواستی خەڵكی بە كردەوە جێبەجێ نەكردووە. یەكێتی بە پاڵپشتی پارتی و بە زەمانەت كردنی چاوپۆشی هێزەكانی ئەمریكا و لە فەزایەكدا كە بە سیاسەتی موماتەڵە و گفتوگۆ لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا قوماری لەسەر ئیستینزافی هێزو توانای خەباتكارانەی جەماوەر دەكرد، سەرەنجام جارێكی تریش ڕووی ڕاستەقینەی سەركوتگەریی و ئامادەیی خۆی بۆ لەخوێن هەڵكێشانی جەماوەر نیشان دا.
حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان لە كاتێكدا كە ئەم هەوڵ‌و تەقەلا ناكامەی یەكێتی نیشتیمانی لە شاری سلێمانی بە توندی ئیدانە دەكات، بانگەوازی جەماوەری ئازادیخواز و شۆڕشگێڕی كوردستان دەكات كە درێژه بە خۆپیشاندانەكان بدەن و تا ئەنجامدانی ئاڵوگۆری ریشەیی و بەدیهێنانی هەموو خواستەكان بەردەوام بن. ئاشكرایە كە ئەم هەلومەرجە تازەیە پێویستی بە گۆڕینی شیوازی بەرەوڕوو بوونەوە هەیە. ڕێكاری دروست لە‌م بارودۆخە نوێیەدا فراوانكردنەوەی جووڵانەوەی جەماوەرە. پێویستە هەموو ناوەندەكانی كار و گەڕەكەكان ببنە مەیدانی بەرەنگاریی بۆ شكاندنی تەوقی سەربازی شاری سلێمانی‌و شكاندنەكانی هەموو ئەو بەربەستە سەربازیانەی كە ڕێگا لە گەڕانەوەی جەماوەر بۆ سەرای ئازادی دەگرێت. پێویستە هێزەكانی جەماوەر بە كرێكاران و لاوان و ژنان و ئازادیخوازان لە پێناوی شكاندنی تەوقی سەربازی سەر شار، گرتنەوەی سەرای ئازادی، ناچاركردنی ئەو هێزە سەربازیەی بڵاوكراوەتەوە بە پاشەكشە كردن و جێهێشتنی شارو هەروەها ئازادكردنی هەموو گیراوە سیاسیەكان و لێپرسینەوەی یاسایی لەو كاربەدەست و دەزگایانەی كە دەستیان لەم پەلامار و سەركوتەدا هەبووە، كۆبكرێتەوە و ئاراستە بكرێت، وەرگرتنەوەی سەرای ئازادی لە گرەوی فراوانكردنەوەی خۆپیشاندانەكانە لە تەواو گەرەك و شەقامەكانی شاردا.
ئەم پیلانە سەركوتگەرانەیە هەر لە سەرەتاوە مەحكومە بە شكست و هەرگیز ناتوانێت جەماوەرێك كە بۆ ئالوگۆری ریشەیی لە سیستمی سیاسی و ئابوری و خواستە ڕەواكانی خۆی هاتۆتە مەیدان بەرەو ماڵەوە بگێڕێتەوە. دەسەڵاتێك كە ناتوانێت خواستە سادەكانی جەماوەر وەڵام بداتەوەو تەنها پشت بە چەك و چەكدارەكانی دەبەستێت بۆ مانەوە. خەباتی جەماوەر بۆ گۆڕانكاریی ڕیشەیی هێندەی تر جۆشدار دەكات‌و بە دەستی خۆی حوكمی كۆتایی هاتن و داڕمانی خۆی دەنووسێتەوە‌. حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی جەماوەر بۆ هێنانەدی تەواوی خواست و ئامانجەكانی جووڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا دەوەستێت‌و هەموو تواناكانی بۆ بەسەركەوتن گەیاندنی دەخاتە كار.

سەركەوتن بۆ جوڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر
ڕیسوایی و شكست بۆ سەركوتگەران‌و خوێنڕێژان.


حزبی كۆمۆنستی كرێكاری كوردستان
19/04/2011
 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان