ئیدارەی پارتی لەهەولێر و بێ ئاگایی كوشندە
07/03/2013, 12:00 (GMT+1)
گومانی تێدا نیە جومگە سەرەكیەكانی بەرێوەبردنی شاری هەولێر بەدەست پارتی دیموكراتی كوردستانەوەیە، ئەم حیزبە دامودەزگای مەدەنی ویاسایی وسیاسی وژیانی خەڵكی هەولێری لەدەست گرتووەو تەنانەت موختارێك لە گەڕەكێك بەبێ پرسی پارتی یان بەبێ ئەوەی ئەندامی ئەم حیزبە بێت دانانرێت.
بۆیە باشی وخراپی شاری هەولێر لەم روەوە بەپلەی یەكەم بۆ پارتی دەگەڕێتەوە. لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم پڕۆژەی هێجگار زۆر لەهەولێر كراوە. بەردەوامیش دەكرێت. ئامارو جۆری پڕۆژەكانیش لای ئیدارەی پارتی خۆیەتی و دەتوانێت بیخاتەروو، بۆیە من ستایشی پارتی بۆ ئاوەدانی هەولێر بۆ خەڵكی هەولێرو پارتی خۆی وكەسی دیكە جێدەهێڵم كە قانونی لەم بارەیەوە دەزانن.
ئەوەی من لەناوەڕۆكی ئەم بابەتە مەبەستمە ئەوەیە كە باسی كەرتی نیشتەجێ بوون بكەم لەشاری هەولێر. راستە دەیەها كۆمپانیا لەهەولێر خەریكی دروست كردنی یەكەی نیشتەجێن. راستە رۆژانە شوقەو خانوو لادێ وشاری تازە دروست دەكرێت. راستە پڕۆژەی زۆر هەیە. بەلام دیوێكی هێجگار سەرەكی هەیە لەم بابەتە كە فەرامۆش كراوە. ئەویش كرێچیەتی ورێژەی كرێیە؟ لەهەولێر كرێی خانوو چۆتە ئاسمان. یەك خانوی سەد مەتری لە گەڕەكی هەڤاڵان بۆ نمونە بەیەك ملیۆن دینار بەكرێدراوە.
خاوەن خانوو خاوەن موڵك بەئارەزووی خۆی كرێی خانوەكەی زیاد دەكات. خانویەكی لادێ وشارە تازە دروست بووەكان بە قودرەتی قادر لە 250 هەزار دینارەوە بووە بە شەش سەد هەزار دینار. كەس نایەت بڵێت زەحمەت نەبێت ئەمە بۆ وایەو بەقسەی كێ كرێی خانوو بچێتە ئاسمان. لەوانەیە هەندێ كەس ئەم بابەتە وەك شتێكی مەترسی بۆ راپەڕین وخۆپیشاندان لەهەولێر تەماشا نەكات. بەڵام بۆ ئەوەی بەقسەی من بڕوا بكەن فەرمون رۆژانە گوێ لەم هەزاران گەنج وپیاوو خاوەن خێزانانە بگرن، چۆن هەرچی جنێوە بە پارتی وبەرپرس وئیدارەی هەولێری دەڵێن؟ چۆن دەیان جۆر هەڕەشە دەكەن. گەنجێك تەكسی پێیە، لەگەڵی سەركەوتم، گوتی ئەمڕۆ خانویەكم گرتووە بە حەوت سەد هەزار دینار كە سەد مەترە. گوتم چۆن خاوەن خانوو هاوكاری نەكردی. پێكەنی گوتی: خاوەن خانوو حاجی بوو دەیگوت ئەوە لەرێی خوا پەنجا هەزارت لێوەرناگرم قەیناكا حەوت سەد هەزار دینار بدە لەجیاتی حەوت سەدوپەنجا هەزار دینار؟ ئەمەیە حاڵی هەولێر؟ بڕوا بكەن ئەم شۆفێری تەكسیە دەیگوت من هەر ژیانم نیە، بۆیە ئەمجارە خۆپیشاندان بكرێت یەكەم كەسم دەچمە مەیدان ومەیدانی ئازادی هەولێر دروست دەكەم؟. سەیرەكە ئەوەیە ئەگەربتەوێت شوقەیەك یان خانویەك بكڕیت ئەوە هەر زۆر خراپتر؟ هەمووی بیست دەفتەرو سی دەفتەر. خزمێكم لەگەڕەكی كوران، خانویەكی كۆنی، تەسكی، پیس كە تەنها 65 مەتر زەویە. بە پێنج دەفتەرو سی وەرقە كڕیویەتی. ؟ ئەرێ پارتی وپارێزگارو دسەڵاتدارو خاوەن بەرێوەبەرانی ئەم شارە بۆچی چین وتوێژی ئەم شارەتان كردۆتە ناو كورەی دۆزەخی هەژاری وبێ قانونی و بێ ویژدانی. من تەنها ئەوەندە دەڵێم ئەم بابەتە بۆتە پرسێكی كاریگەرو سیاسی وزۆر گرنگە پارتی لەهەولێر بەدواداچون بكات، ئەگینا دوایی كات نامێنێت وفریای ناكەوێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























