ئیمزاكانى سەنتەرى گورچیلەى ڕانیە بۆ شاردنەوەى گەندەڵیە یان بۆ داواكاریە
15/02/2013, 12:00 (GMT+1)
سەنتەرى گورچیلەى دەستكردى ڕانیە یەكێكە لەناوەندە تەندروستیەكانى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیەو بەشێكى كارمەندەكانى هەمان ئەو ستافەى پێشوون كەلەناو بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە پۆستیان هەبوو لەگەڵ هاتنى بەڕێوبەرى گشتى نوێ ڕاژەكانیان گواسترایەوە بۆ ئەو سەنتەرە كەبەپێی ڕاپۆرتى چاودێرى دارایى تۆمەتبارن بەگەندەڵى و تەزویر و دیارنەمانى پارە ، هەر پاڵپشت بەم ڕاپۆرتە چەند مانگێك بەر لەئێستا بەڕێوبەرى كارگێرى ئەم سەنتەرە لەسەر بڕوانامەكەى فەسڵ كرا دوایى وەزیرى تەندروستى خۆى سەردانى ئەم سەنتەرە دەكات كۆمەڵێك كەموكوڕى و گەندەڵى بەچاوى خۆى دەبینى بریاردەدات بەگواستنەوەى ڕاژەى چەند كارمەندێكى ئەم سەنتەرە ، چەند ڕۆژێكە بەشێك لەكارمەندانى ئەم سەنتەرە وەك ناڕەزایەك بەرامبەر بەم بڕیارە هەڵساون بەنووسینى بەیاننامەیەكى ناڕەزایى كەئیمزاو ژمارە تەلەفۆنەكانى خۆشیان لەگەڵ هاوپێچ كردووە بۆ هەریەك لە مەڵبەندى ڕێكخستنى 24 ى ڕاپەڕینى یەكێتى لەڕانیە و ئیدارەى سەربەخۆى ڕانیە و قائیمقامى ڕانیە و بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیەیان ناردووە ، بەڵام بۆ ئەوەى ئەم ستافەى ئیمزایان كردووە ڕاى گشتى و ئەم لایەنانەى سەرەوە چەواشە نەكەن ئەم چەند خاڵە دەخەمەڕوو بۆ ئەو لایەنانەى سەرەوە دەڵێم ئەگەر ئەم ستافە هاتن ئەم پرسیارانەیان لێ بكەن بڵێن :..
_ ئەگەر ئەوەندە خەمخۆر و دڵسۆزن تائێستا چەند بەیاننامەى لەم جۆرەتان دەركردووە بۆ نەبوونى دكتۆر و دەرمان و ئیسعاف لەم سەنتەرە و سنورەكە .
_ بەپێیی زانیاریە بەڵگەیەكانى ئیدارەو كارگێرى ئەم سەنتەرە دەوامى ئەم سەنتەرە لەسەعات 8.30 بۆ 12.30 نیوەڕۆ بووە لەبەرامبەر وەرگرتنى دەرماڵەیەكى سەدا پەنجاى تر جیا لەدەرماڵەى خۆیان واتا دەبڵ دەرماڵەیان وەرگرتووە كەلەهیچ نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكەیەكى تەندروستى نیە لەگەڵ وەرگرتنى دوو ڕۆژ ئۆف ئەى بۆ باسى ئەمە ناكەن ؟ ئەى ئەمە نایاسایى و گەندەڵى نیە شین و گریان و ئیمزاكانتان بۆ ئەمەیە نەوەك بۆ نەخۆش و هاوڵاتى هەژار لەكاتێكدا كارمەندانى بەڕێوبەرایەتى لە سەعات 8،30 تا 2 دەوام دەكەن ، مەڵبەندە تەندروستیەكانیش لە 8 ى بەیانى تا 1 ى دوایى نیوەڕۆ بێ ئەوەى وەك ئێوە دەرماڵەى سەدا سەد وەربگرن ، دەوامیشیان لەشەمەوە تا پێنج شەمەیە ؟
_ ئەگەر كێشەتان شاردنەوەى ڕاپۆرتەكەى چاودێرى دارایى نیە بۆ سكاڵا دەبەنە مەڵبەند ؟ بۆ پێش وەزارەتى تەندروستى و بەڕێوبەرایەتى تەندروستى ڕانیە و ئیدارە و قائیمقام ناوى مەڵبەند دەهێنن ؟ بەدبەختى و ماڵوێرانیەكە لەوەدایە بەكۆڵێك بڕوانامەو بكالۆریۆس و دبلۆم و پەیمانگا مەڵبەندتان پێ گەورەتر و یاسایى تر و دامەزراوەیى تر و مەرجعى ترە لەوەزارەت و بەڕێوبەرایەتى .
_ من داوا دەكەم لەبەشى یاسایى وەزارەت و بەشى یاسایى بەڕێوبەرایەتى لیژنەیەك لەسەر ئەم بەیاننامەو ئیمزایانەى ئێوە پێك بهێنرێت و ئەوانەى ئیمزایان كردووە و ناویان لەراپۆرتى چاودێرى دارایدا هەیە بدرێن بەدادگا و داواكارى گشتى .
_ ئەوەى زیاتر مایەیى شەرمەزارى و ئابڕووچوونە هەمان ئەو دروشم و مانشێتى چەند ڕۆژى ڕابردووى كوردستانپۆست پشت ڕاست دەكاتەوە دووڕوویى و درۆزنى ئەو میللەتەیە لەنێو ئیمزاكاندا هەڵسوڕاوێكى گۆڕان و پەیامنێرى ڕۆژنامەى ئاوێنە لەڕانیەیى تێدایە كەڕووى ئیمزا و سكاڵاو ژمارە تەلەفۆنى خۆیان ئاڕاستەى مەڵبەند كردووە .
_ وە سەرجەم ئەوە لایەنانەى سەرەوە دڵنیا دەكەینەوە كەچەندین كارمەندو پەرستارى ترى زۆر دڵسۆز هەیە كەبارى ئابورى و مادیشیان خراپە ئامادەن لەجیاتى چوار سەعات دەوام و وەرگرتنى دوو ئۆف تێكرایى ڕۆژەكانى هەفتە بەدوو شەفت دەوام بكەن بۆیە تكا دەكەم لەبەڕێوبەرى گشتى و پلاندانان كە ئەم جۆرە خەڵك و كارمەندانە بەرنە ئەوێ باخەڵكى تریش سوودمەند بێت لەو دەرماڵە زیادە مفتەى ئەمانە وەرى دەگرن كە لەبەر بێ ئیشی و بێ دەوامى سوف دەچن و فەیسبووك دەكەنەوە .
_ لەدەرفەتێكى تردا پوختەى ڕاپۆرتى چاودێرى دارایى لەسەر ئەم ستافەى پێشوو دەخەمەڕوو ئەوسا ئێوە بڕیاربدەن سكاڵاو ئیمزاى ئەمانە بۆ شاردنەوەى دزى و گەندەڵیە یان بۆ داواكارى ڕەوایە ؟ .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























