<

لەپێناو دەستگیركردنی بكوژان و زیندانى نەكردنى هەڵسوڕاوانى خۆپیشاندانەكان

04/05/2011, 12:00 (GMT+1)
كەمپینی هەڵوەشاندنەوەی یاسای خۆپیشاندان
لەپێناو دەستگیركردنی بكوژان و زیندانى نەكردنى هەڵسوڕاوانى خۆپیشاندانەكان

كاتێك پرۆژە یاسای خۆپیشاندان چووە پەرلەمان و خوێندنەوەی بۆكرا چەندین سیمینارو ۆرك شۆپی لەسەر گیرا، ڕەخنەی جدی ئاراستە كرا، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كۆبونەوەی زۆریان ئەنجامداو چەندین یاداشت و پێشنیارو ڕەخنەیان پێشكەش بەلیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان كرد، چەندین یاساناس و ڕۆشنبیرو چالاكوانی بواری مافی مرۆڤ ڕەخنەیان لەو یاسایە گرت، ئۆپۆزسیۆن زۆری لەسەر وت، تاكو ئەو یاسایە بەجۆرێك بێت كەڕێگری لەخۆپیشاندان نەكات چونكە خۆپیشاندان مافێكی دەستوریەو ناكرێ بەناوی یاساوە ئەو مافەی لێ زەوت بكرێ، بەداخەوە یاساكە بەوشێوە تێپەڕی كەدەسەڵات ویستی، گوێ لەڕۆشنبیران و یاساناسان و ئۆپۆزسیۆن و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی نەگیرا، لەزۆرینەی شارو شارۆچكەكانی كوردستان دژ بەئیمزاكردنی ئەو یاسایە خۆپیشاندانی بەرفراوانی بێ مۆڵەت ئەنجامدرا، لەمەشدا دەسەڵات گوێی بەو هەموو ناڕەزایەتییە نەدا، تا كار گەیشت بەوەی لەپاش تێپەڕ بوونی ماوەیەكی كەم بەسەر ئەو یاسایەدا لەخۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتدا چەك بەرامبەر خۆپیشاندەران بەكارهێنراو تاكو ئێستە 10 شەهیدو سەدان بریندارو گیراو هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هاونیشتمانیان هەر پابەند بوون بەیاسای خۆپیشاندانەوەو لەشارو شارۆچكەكاندا دەیان داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانیان پێشكەش بەحكومەت كرد، بەڵام هەموو داواكاریەكان بۆ مۆڵەت بەبیانوی جۆراوجۆری باوەڕپێنەكراو ڕەت كراونەتەوە، جگە لەوە لە17 خاڵییەكەی پەرلەماندا ئەوە بووە بە پرۆژە بڕیار كەیاسای خۆپیشاندان هەڵپەسێردرێ و نابێت خۆپیشاندەریش بەو یاسایە دەستگیر بكرێ، بەڵام نەك ئەوە نەكراوە بەڵكو لە 17ی شوباتەوە ئەوانەی فەرمانی تەقەیان دەركردووەو ئەوانەشی كە تەقەیان لەخۆپیشاندەران كردووەو خوێنی خەڵكیان ڕشتووەو سەدانیان بریندار كردەوەو سەدانیان دەستگیر كردووەو ئەشكەنجەداوە، ئێستە ئازادن و هیچ كەسێكیان دەستگیرنەكراون، كەهەندێك لەو بكوژانە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، نەك نەگیراون بەڵكو لەلایەن دەسەڵاتەوە پارێزراون و خەڵاتیش دەكرێن!
بەڵام بینیمان لەماوەی پێشوودا لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە داوا لەسەر (فاروق ڕەفیق) توێژەری بواری فەلسەفە بە مادەی (10)ی یاسای خۆپیشاندان تۆمار دەكرێ و پاش ئەوەى ڕازى نابێت ئازادى خۆى بە پارە بكڕێتەوە بە دانى غەرامەى دووسەدهەزار، سزای (30) ڕۆژ زیندانی بۆ دەردەچێ و لە 2/5/2011 دا ئەو بڕیارەی دادگا جێبەجێكراو فاروق ڕەفیق خرایە زیندانەوە، لەكاتێكدا ناوبراو تەنها وەك هاونیشتمانیەك بەشداری خۆپیشاندانەكانی كردووە بۆ سودی گشتی، ئەو بۆیە زیندانی هەڵبژارد تاكو سەروەری بۆ یاسا بگەڕێتەوەو یاسا وەك یەك بەسەر هەموواندا جێبەجێ بكرێ و كەس لەسەروی یاساو لەدەرەوەی یاسا نەبێت.
لەئێستادا بەتەواوی هەست بە مەترسیەكانی جێبەجێكردنی یاسای خۆپیشاندان دەكەین و بەواقیعیش دەركەوت یاساكە بۆ قەدەغەكردنی خۆپیشاندان و زیندانی كردنی هاونیشتمانیانە، ئەوەتا لەسایەی ئەو یاسایەدا بكوژان ئازادو پارێزراون، خۆپیشاندەرانیش لەشكركێشییان دەكرێتە سەرو بەزۆری چەك و سەرباز مەیدانەكانی ئازادییان پێ چۆڵ دەكرێ و چەندین گەنج و ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی كەوتنە بەر ئەشكەنجەو زیندان و ڕاوەدونان و هەڵكوتانە سەر ماڵەكانیان..
بۆیە داوای هەڵوەشانەوەی ئەو یاسایە دەكەین كەلەسایەیدا (فاروق ڕەفیق) زیندانی دەكرێ و فەرمانپێدەرو بكوژی 10 لە خۆپیشاندەران و ئەنجامدەرانی چەندین تاوان دەرهەق بەهاونیشتمان دەستگیرناكرێ و بەهێزی سەربازی و بەلەشكركێشی بۆ سەر شەقام سەركوتی خۆپیشاندان دەكرێ و دەیان مۆڵەتی خۆپیشاندان ڕەت دەكرێتەوە، باری نائاسایی ڕانەگەیەنراو بەسەر زۆرینەی كوردستاندا دەسەپێنرێ.
هەروەها داوای دەستبەجێی دەستگیركردنی ئەوانە دەكەین كەفەرمانی تەقەكردنیان داوەو ئەوانەشی كەئەو فەرمانەیان جێبەجێكردەوەو خوێنی 10 هاونیشتمانییان ڕشتووە.
دوای كێشانەوەی هێزە جوڵە پێكراوەكان دەكەین بۆ شوێنەكانی خۆیان كەپێش 17ی شوبات لێی جێگیركرابوون.
لەسەر جێبەجێكردنی داخوازی خۆپیشاندەرانیش سورین و تاكو تەواوی داخوازییەكانمان جێبەجێ نەكەن ناڕەزایەتى دەربڕینەكان بەردەوام دەبن. بەهێنانی هێزی چەكدارو سەركوتی خۆپیشاندانەكان، خەڵك توڕەتر دەكەن و ناتوانن كۆتایی بەناڕەزایەتی خەڵكى ئازادیخوازى كوردستان بهێنن.
لەم پێناوەشدا هەموو هەوڵێكی مەدەنیانەی دور لەتوندوتیژی خۆمان دەخەینە كار، داوا لەسەرجەم هاونیشتمانیان دەكەین دەنگیان بخەنە پاڵ ئەم هەوڵە نوێیەمان بۆ بەرگرتن و كۆتایی هێنان بەستەمی دەسەڵات بەرامبەر هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەكان و گێڕانەوەی سەروەری و حورمەت بۆ یاسا و داگا.

بۆ پاڵپشتیتان ناوو پیشەتان بنێرن بۆ ئەم ئیمەیلە: [email protected]


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان