كێ مەشخەڵی ڕاپەڕینی 1991 ی دەڤەری بادینانی هەڵكرد ؟
11/03/2011, 12:00 (GMT+1)
رۆژی 7/3 بابەتێك لە كوردستان پۆست بەناوی كێ ڕاپەڕینی ساڵی 1991 لە شاری زاخۆ دەستپێكرد ؟ بەڕاستی بابەتێكی چەواشەكاری و ساختە بوو لەم ساتەوەختەدا زۆربەی خەڵكی شۆڕشگێری كوردستان بۆ بەدەستهێنانی ئاواتەكانیان خەریكی خۆپیشاندانن . لەم كاتەدا كاسەلیسێك دەیەوێت خۆڵ بكاتە چاوی خەڵكی و مێژوو ڕاپەڕین بەدرۆ تۆمار بكات . هاوكات ئامر مەفرەزەیەكی خاسەی چڵكاوخۆری وەكو یوسف نەزیر بكاتە قارەمان و سەركردەی سەرهەڵدانی ناوچەی بادینان وشاری زاخۆی دەلال . جاری لەپێش هەموو شتێك خەڵكی دەڤەری بادینان بەتایبەتی زاخۆ چاك دەزانن پێش ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 دوو بەكرێگیراوی ئەمن و ئیستخاراتی زاخۆ بەناوەكانی (یوسف نەزیر و شەفیق _ شەفۆ) هەبوون و دەیانناسن كە ئەم دوو خۆفرۆشە تا سەر ئێسقان سیخوڕی ئەمن و دوژمنی كورد بوون , وەكو تەحسین شاوێس و قاڵە فەرەجی لەناوچەی كەركوك وگەرمیان ناسرابون , هیچ كاتێك سڵیان لە كوشتنی پێشمەرگە و خەڵكی هەژار نەكردۆتەوە , رۆژانە لەبەردەم دایەرەی ئەمنی زاخۆ ئەم خوێنمژانە و چەتەكانیان پاسەوانی ئەمنەكەی سەر پردی زاخۆ یا شوعبەی بەعس و ئیستخباراتی زاخۆیان لە گەڕەكی عەباسییە دەكرد . پیاوانی ڕژێم بەئیسراحەت شەوانە تا درەنگ لە ماڵەكان خەرێكی ڕابواردن و مەی خواردنەوە بوون . ئەمانیش پاسەوانییان لێدەكردن , زۆر جاریش كاتێك خۆر ئاوا دەبوو یوسفی چەتە و شەفۆی بینامیس لە نزیك گوندەكانی دارهۆزان و گرك سندی و بێرسڤێ و ئاڤگەنی و دەركار و مەلا عەرەب كەمینیان بۆ پێشمەرگە و قاچاخچیەكان دادەنا هەرچییان دەسكەوتبایە دەیانكردە دیاری بۆ جەلادەكانی ئەمن و ئیستخبارات . سەیرە ئەو سەر لێشێواوەی بابەتەكەی نووسیوە با ڕوونی بكاتەوە ئەگەر یوسف نەزیر تا ڕاپەڕینی ساڵی 1991 بۆ تەنها ساتێكیش خەباتی لە پێناو گەلی كورد و ڕاپەریندا كردبێت . هەروەكو لە وێنەكەدا دیارە تەنها كەسێكی چڵكاو خۆر و تێر قەڵەوی پیاوانی رژێم بووە .
سەبارەت بە سەرهلدانی زاخۆش لە رۆژی 13/ ی ئازاری 1991 زۆربەی ئەوانەی بەشداری ڕاپەڕینیان كردبوو خۆشبەختانە زۆربەیان لە ژیاندا ماون خەڵكی دەركار عەجەم بەتایبەت بنەماڵەی سادق سندی و جەماوەری ناوچەكە بوون , لای هەمووان ئاشكرایە كە پاش نێوەڕۆی رۆژی 13/3 دوای ئەوەی نامەكەی بەڕێز نەوشێروان مستەفایان پێگەیشبتوو هێزێكی قارەمان بەسەرۆكایەتی سادق عەمەر ناسراو بە سادق سندی ڕاپەڕین دەستی پێكردو ولە ماوەیەكی كورتدا هەرچی دام و دەزگاكانی مونەزەمەی بەعس و ئەمن و پۆلیس و جەیش شەعبیی دەركار هەبوو دەستی بەسەرا گیرا و لەو شەڕە قارەمانەدا بەڕێوبەری پۆلیسی دەركار كە ناوی نەقیب عەبدولقادر بوو لەگەڵ چەند كەسێكی دیكەدا لەو پەلامارەدا كوژران ئەوانی دیكەش بەدیل گیران . پاشان بەهەمان هێز و ورەوە بەپالپشتی گەنجەكانی دەركارو دەوروبەری ڕوویان لە زاخۆ كرد لەوێش بنكەكانی بەعسیان ڕوخاند و مولازمێكی ئەمن كوژرا , بەداخەوە زۆربەی پیاوانی ڕژێم پێشتر هەڵاتبوون یا لە ماڵی موستەشارەكانی زاخۆ خۆیان حەشاردابوو پاشان ڕزگاریان بوو . لەكاتی هێرشی جەماوەر بۆ سەر بنكەكانی بەعس , یوسف نەزیر بەهەلی زانی دایەرەی ئەمنەكە كە كەسی تێدا نەبوو و هەرچی كەرەستە و فایلی ئەمنەكە هەبوو هەمووی سووتاند بۆ ئەوەی چیتر فایلی سیخووری و ڕووڕەشی ئەم خاینەو هاوەڵەكانی ئاشكرا نەبن و بەسزای گەل بگەیەنرێن . ئەمە بوو قارەمانێتی خۆفرۆشی یوسف نەزیر . ڕەنگە نامەی كاك نەوشێروانی هەروەكو موستەشارەكانی تر لەكاتی ڕاپەڕیندا پێگەیشتبێ یا سادق سندی ئاگاداری كردبێتەوە, بەڵام هەرگیز یوسف نەزیر ئەو پیاوە نەبووە وەكو سەركردەیەك ڕۆڵی ڕابەری ڕاپەڕین بگێرێت و جێگای متمانەی جەماوەر بێت بۆ كارێكی ئاوها . باشترین بەڵگەش هەر دوای ڕاپەڕینەكە بەماوەیەكی كورت رۆژێكیان درایە بەردەستدڕێژی گوللە وبەسەختی بریندار كرا پاشان چووە لای ئاغاكانی ئەمن و ئیستخباراتی موسل لەوێ بەهەر شێوەیەك بێت لەمردن ڕزگاریان كردو چارەسەری بۆ كرا.
رۆژی دواتر واتە لە 14/3 شاری دهۆكیش بەهاوكاری جەماری ناوچەكەو ڕێكخستنەكانی یەكێیتی لە ئامیدی و دێرەلۆك بەرەو دهۆك هاتن دواتر ئەو شارەش ئازاد كراو تاجی گولینەی لەسەر كرد .
ئەوە بۆ ماوەی بیست ساڵە یادی ڕاپەڕینی دەڤەری بادینان دەكرێتەوە و خەڵكی بادینان لایان ئاشكرایە پێشڕەو دەسپێكی سەرهڵدانی شاری زاخۆ و دەوروبەری تەنها سادق سندی بووە نەك یوسف نەزیری فس فس پاڵەوان و چڵكاوخۆر كە هەمیشە لە خزمەتی ڕژێمی بەعسدا كاری كردووە . لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا بۆ تەنها جارێكیش لە كاتی یادكردنەوەی ڕاپەریندا ئاماژە بەناوی یوسف نەزیر ناكرێت یا خۆی باسی ئەم چالاكیە مەزنەی خۆی نەكردووە . لەكاتێكدا كەناڵی كوردسات ساڵانە یادی ڕاپەڕینی زاخۆ نمایش دەكات هەمیشە بەشداربووانی ڕاپەڕین ئاماژە بۆ ڕۆڵی شەهید سادق عەمەر (سندی) و سەعید عەبوڵاو هێزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و جەماوەری ناوچەی دەركار دەكەن . ئەی ئەم چەتەیە بیست ساڵە لە كوێ بوو ؟ ئەوەی جێگەی داخبوو دواتر سادق سندی بەپلانێكی لقی یەك و چەتەكانی فازیل میرانی لەسەر ڕێگەی زاخۆ و دارهۆزان بەنامەردی شەهید كرا . هەروەك چۆن پاڵەوانی ڕاپەڕینی ڕانیەی بەهاری 1991 (عەلی نەبی) لە دەستپێكی شەڕی ناوخۆدا دیسانەوە بەدەستی چەكدارەكانی پارتی شەهید كرا .
ئێستا یوسف نەزیری مشەخۆر بە روتبەی عەقید خانەنشین كراوە معەزەز مكەڕەم لە ناوچەی سلێمانی دانیشتووە و بەئارەزووی خۆی مێژوو دەنوسێت .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























