بەیاننامەى نارەزایى ...."هیچ پاساوێك بۆ كوشتنى مرۆڤ نیە"
19/02/2011, 12:00 (GMT+1)
جەماوەرى ئازادیخوازى كوردستان؛ ئەوەى ئەمڕۆ دیارو بەرچاوە لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بەگشتىو لەناوخۆى هەرێمى كوردستان بەتایبەتى، ئەو هەلومەرجو بارودۆخەیە كە وایكردووە دەسەڵاتدارانى ناوچەكە، بخاتە ژێر پرسیارى جەوهەرییەوەو داواى گەڕانەوەى مافو ئازادىو كەرامەت دەكات.
ئەوەى جێگەى تێڕامانو نیگەرانیە، لەلاى خەڵكى ئازادیخوازو كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان، دروستكردنى ئەو كەشوهەوا ناجێگیرو عەسكەرتاریەتەیە، كە لەلایەن چەند لایەنو نوخبەیەكى سیاسى نابەرپرسەوە، ترسو دڵەڕاوكێیان خستۆتە دڵى ئەم گەلە ماف داگیر كراوەوەو، دیمەنێكى ناشارستانىو ناعەقڵانی دروستكردووە، ئەویش بەجوڵاندنى هێزە چەكدارەكانى حزب، لەلایەن دەسەڵاتەوە، بۆ سەركوتكردنى دەنگە ناڕەزایەكانى خەڵكى ئازادیخوازو ماف خوراوى كوردستان.
رووداوەكەى 17\2 شارى سلێمانى، جارێكیتر ئەوەى بۆ هەمووان سەلماند: هێزە چەكدارەكانى حزب چۆن بەشێوەیەكى دڕندانە، دەستڕێژى گوللە لەخەڵكو جەماوەرى ئازادیخوازو مەدەنى دەكەن. كە بەم كردەوە قێزەونەیان، ڕووى ڕاستەقینەیان بەكوردستانو جیهان ناساند، كە چەند نامۆن بەكۆمەڵگەى شارستانىو بنەماكانى مافى مرۆڤ.
ئێمە وەكو كۆمەڵێك گەنجى ئازادیخوازى گەرمیان، داوا دەكەین:
1. هەرچى زووە ئەم وەزعە عەسكەر تاریەتە كۆتایى پێبهێنرێت.
2. لیژنەیەكى سەربەخۆ پێكبهێنرێت بۆ لێكۆڵینەوە لەرووداوەكەى شارى سلێمانىو بەدادگایى گەیاندنو سزادانى توندى تاوانبارانو چەكدارانى لقى چوارى پارتى، بۆ ئەوەى بكرێن بەعیبرەتێك بۆ ئەوانەى كە ڕووى چەكەكانیان لەكۆمەڵگاو گەنجو لاوە ئازادیخوازەكانى ئەم وڵاتە دەكەن.
3. دەبێت دەسەڵات كۆتایى بەم گەمە مخابەراتیانە بهێنێت، كە دەیانەوێت كۆمەڵگاى كوردستانى پێناشیرین بكەنو درێژە بەحوكمى دیكتاتۆرانەى خۆیان بدەنو خەڵكى پێ بچەوسێننەوە.
كۆمەڵێك گەنجى ئازادیخواز
كەلار- 19/2/2011
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان




















