سەرۆكوەزیران نوری مالكی بەرپرسیارە لە بەرامبەر هەر تاوانێك كە بەهۆی چەكەوە لەدژی ژنان ئەنجام دەدرێت
09/05/2012, 12:00 (GMT+1)
بۆ رایگشتی
هەرێمی كوردستان و عێراق
سەرۆكایەتی كۆماری عێراق
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ
رێكخراوەكانی ژنان
رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان
بەرێزان: ئازادیخوازان و پشتیوانانی مافی ژن لە عێراقی نوێدا
لەدوای رووخاندنی رژێمی بەعس و كەوتنی بتە گەورەكە لە 9ی نیسانی 2003 دا هەموو لایەكمان خەونمان بەهێنانەدی كۆمەڵگەیەكی كراوە و مەدەنی و پراكتیزەكردنی سیستەمی دیموكراسی و دووركەوتنەوە لە پەروەردەی بەعس و لە رەگهەڵكێشانی ئەو پەروەردە تۆتالیتاری و شموولییەی بەعس دەبینی كە منداڵ و گەورە و بچووكی ئەم وڵاتەی بە هزری هێز و چەك گۆش كردبوو.
بەعس هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە منداڵانی عێراقی لەسەر ئەوە رادەهێنا كە ببنە چەكهەڵگر و چەكی كردبووە نیشانەی شكۆمەندی و پشتیوانێك بۆ مانەوە.
كۆی سیستەمی بەعس هەمیشە كاری بۆ ئەوە دەكرد بەهای مەعنەوی بە دزێوترین كەرستەی شەڕ بدات و سەدام حوسێن نەریتی دەمانچە بەخشین و بەدیاری پێدانی كڵاشینكۆفی كردبووە گەورەترین داهێنانی رژێمەكەی.
بەداخەوە لەدوای 9 ساڵ لە رووخاندنی رژێمی بەعس و دەستپێكی ژیانێكی نوێ لە عێراقدا، كەچی تازە بە تازە سەرۆكایەتی حكوومەتی كابینەكەی نوری مالكی سەرۆكوەزیران بڕیارێكی هاوشێوەی بڕیارەكانی رژێمی بەعس دەردەكات.
بەگوێرەی ئەو بڕیارە نوێیەی حكوومەتی مالكی رێگە دەدات هەموو ماڵێكی عێراقی كڵاشینكۆف و دەمانچەی تێدابێت.
ئەمە لەكاتێكدایە ئەندامە سەرەكییەكانی خێزان كە لە (باوك و برا و...) پێكدێن، رۆژانە تاوانی كوشتنی ژن بە پاساوی شەرەفپارێزی بە چەكی كلاشینكۆف و دەمانچە ئەنجامدەدەن.
بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان و راپۆرتی رێكخراوەكان، ژنانی عێراق قوربانی سەرەكی ئەو هەموو تاوانە رەشەكوژییانەن كە بە چەك و لەژێر پاساوی شەرەفپارێزیدا ئەنجامدەدرێن.
لەبری ئەوەی حكوومەتی بەڕێز نوری مالكی كار بكات بۆ كۆكردنەوەی چەك و بنبڕكردنی دیاردەی چەكداری لە عێراق و زەمینەسازكردن بۆ بەرقەراربوونی دەسەڵاتی یاسایی لە وڵاتدا وەك ئەوەی لیستەكەی بانگەشەی بۆ دەكرد كەچی دێت و بە بڕیارێك پشت لە یاسا و دەسەڵاتی یاسایی وڵات دەكات و بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ زەمینە بۆ تاكەكان دەڕەخسێنێت كە بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكانیان لەبری ئەوەی پەنا بۆ یاسا بەرن، پەنا بەرنە بەر چەك.
لێرەوە رایدەگەیەنین كە ئەركی سەرەكی حكوومەت بەرقەراركردنی ئاسایش و ئارامییە بۆ هاوڵاتییان و گێڕانەوەی رۆلی یاسا و پۆلیس و سەرخستنی ئەو رۆڵەیە لە وڵاتدا.
ئێمە وەك دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن ئەو راستییە دووپاتدەكەینەوە كە ئەگەر بەهۆی هەر یەك لەو پارچە چەكانەی كە حكوومەتی نوری مالكی بڕیاریداوە لە ماڵاندا هەبن تاوانێك بەرامبەر بە ژنانی عێراق رووبدا ئەوا راستەوخۆ خودی سەرۆكوەزیران و كابینەكەی بەرپرسیارن لە بەرامبەر یاسادا.
هەربۆیە داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان بەتایبەتی سەرۆكایەتیكۆمار و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەین هەڵوێستێكی جدی لەهەمبەر ئەو پرسە هەستیارە بگرنەبەر و رێگە نەدەن ماڵی هاووڵاتیانی عێراقی ببێتە سەربازگە و حەشارگەی چەك.
داواش لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان لە ئاستی ناوخۆ و جیهان دەكەین ئەو بڕیارەی سەرۆكوەزیران نوری مالكی شەرمەزار بكەن.
پێویستە هەموو لایەك فشاری مەدەنیانە لەسەر حكوومەت دروست بكەین بۆ ئەوەی لەبری وەها بڕیارێك كار بۆ ئەوە بكرێت دیاردەی چەك هەڵگرتن قەدەغە بكرێت و سنوورێك بۆ ئەو تاوانانە دابنرێت كە رۆژانە بەرامبەر بە ژنانی عێراق بە چەك ئەنجامدەدرێن.
دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن
هەولێر - پایتەختی هەرێمی كوردستان
8-5-2012
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان
























